نامەی ژنان: دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بنێن

سەدان ژن نامەیان بۆ دامەزراوە نێونەتەوەییەکان نارد و گوتیان: "بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەین، بەفەرمی دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بنێن".

نامەی ژنان

سەدان ژن نامەیان بۆ نوێنەری دامەزراوە نێونەتەوەییەکان نووسی، تیشکیان خستەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و داوایان کرد بەفەرمی دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا بنرێت.

نامەکە بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان سیما سامی، سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئەوروپا ڕۆبێرتا میتسۆلا، سەرۆکی کۆنسەی ئەوروپا ئەنتۆنیۆ لویس سانتۆس دا کۆستا، سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیز، نووسراوە.

نامەکەی ژنان وەهایە:

"پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ لە سوریا، بۆ ئەوەی ئایندەی سوریا  و کۆمەڵگە بەشێوەیەکی دیموکراتیک سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە، دەرفەتە نوێیەکان تاوتوێ دەکرێن. پێویستە لەم پرۆسەیەدا کۆمەڵگە خۆی بنیات بنێت و خۆی پێش بخات. بەهەمانشێوە، ژنانی سوریا دەبێت بەشداری ئەم پرۆسەیە بکەن، بە سیاسەت و ئیرادەی خۆیان هەموو بوارەکانی ژیان ڕەنگڕێژ بکەن.

دژی ڕژێمی فشارکەری بەعس، بە بەرخۆدانی گەل زیاتر لە ١٠ ساڵە لە سوریا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە. لەم پڕۆسەیەدا گەل ڕووبەڕووی تاوانەکانی جەنگی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی داعش و هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بووییەوە کە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکات.

لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەلی کورد لە ساڵی ٢٠١٢ەوە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی لەسەر بناغەی ئیکۆلۆژی و دیموکراسی دامەزراندووە. ژنان لەم مۆدێلەی کۆمەڵگادا ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەبووە و لە هەموو کایە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بەشدارییان کردووە. بۆ پاراستنی خۆیان و ژیانی هەمووان خۆیان ڕێکخست. لەڕێگەی یەپەژە و یەپەگە و قەسەدەوە دژی "داعش" شەڕیان کرد و زۆرێک لە شارەکانیان لەدەست داگیرکاری چەتەکانی داعش ڕزگار کرد. کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزرا کە مۆدێلی ژیانی فرە نەتەوەیی و فرە ئایینییە. ئەم مۆدێلە دەتوانێت ببێتە نموونەیەک بۆ بنیاتنانەوەی هەموو سوریا.

ژنان لە سوریا دژی هێرشەکانی سەر ژنان و کۆمەڵگا، یەکیان گرت و خۆیان ڕێکخست. بۆ شێوەگرتنی پرۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و حەقیقەت و دادپەروەری پێداگرن و تێدەکۆشن. بۆیە لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ ئەنجومەنی ژنانی سوریا بەیاننامەیەکی سەبارەت بە بنیاتنانەوەی سوریا پێشکەش کرد. ئەم یەکێتییە کە ژنان لە پاشخانە کولتووری و ئایینی و نەتەوەییە جۆراوجۆرەکانەوە کۆدەکاتەوە، داوای ئەوە دەکات کە ژنان و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بەشداری لە پرۆسە سیاسییەدا بکەن.

ئێمە پشتگیری ئەو ١٣ داواکارییە دەکەین کە لەلایەن ئەنجومەنی ژنانی سوریاوە خراونەتەڕوو. ئێمە ئەم ئامانجانە بە گرنگ دەزانین بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیکی نوێ لەسەر بناغەی بەشداری ژنان. جگە لەوەش، بەشداریکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (DAANES) لە پڕۆسەی ئێستا و دانپێدانانی ئەم ئیدارەیە بەشێوەیەکی فەرمی، بۆ داهاتووی سوریایەکی دیموکراتیک گرنگە.

بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و هەموو ئەکتەرە سیاسییەکان دەکەین کە بەفەرمی دابنێن بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (DAANES) و پشتگیری بکەن لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هەرێمەکە و پەیوەندیی دوورمەودا بسازێنن. لەبری ئەو گرووپە جیهادییانەی بە ئایدۆلۆژیا و پراکتیک ژنان بچوک دەبینن و بە ستەم باڵادەستی خۆیان بەسەر ژناندا دەسەپێنن، داوا دەکەین پشتگیری لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ژنانی دیموکراتیک بکرێت.

هەروەها داوا دەکەین ناردنی چەک و پشتگیری سیاسی بۆ تورکیا، دەستبەجێ بوەستێنرێت، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هێزە دیموکراتیکەکانی سوریا بەهێزبکرێت، هاوکات هاوکاربن بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا و ڕێگەخۆشکردن بۆ بنیاتنانی سوریایەکی دیموکراتیک.

ئێستە کاتی پشتگیریکردنە لە هێزە دیموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پشتگیری لە ژنانی سوریا کە بۆ ئازادی و ئاشتی و دیموکراسی تێدەکۆشن".