پەیمان ڤیان هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنیوز هەڵسەنگاندنی بۆ پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کرد. پەیوەست بە شەڕی ئیسرائیل-ئێران ئاماژەی بەوەدا دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە و تەواوکەری پرۆسەی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینە.
چاوپێکەوتنەکەی پەیمان ڤیان بەم جۆرەیە:
"هەڵسەنگاندنتان لەسەر ئەم شەڕەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت چییە؟
شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل-ئەمریکا لە قۆناغێکی نوێدایە و بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد. ئەو شەڕەش دیزاینکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەردوو لایەن هەوڵی دیزاینکردنەوە دەدەن. بۆ ئەوەش ساڵانێکە هەوڵدەدەن کە ئێران ڕادەستیان ببێت، سەرەتاش بە ئابڵوقە دەستیان پێکرد و دواتریش هەوڵیاندا هەموو باڵەکانی ئێران لەناوچەکەدا بشکێنن. پرۆسەکەش گەیشت بەوەی کە ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییەی لێ بکەوێتەوە.
پێمان وایە دەشێ ئەم شەڕە قوڵترببێتەوە، چونکە چارەنووسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاریی دەکات. لەم شەڕەدا هێزە هەژموونگەراکان و دەوڵەت-نەتەوەکان هەیە لەلایەکی دیکەوە هێزی گەل هەیە کە دەیەوێت سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی هەبێت. بۆیە ئەم شەڕەی کە ئێستا لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەچێت وەک شەڕەکانی پێشوو نییە. لایەنە هەژموونگەراکان لە دەرەوە ناتوانن بە تەواوی سیاسەتی خۆیان بسەپێنن، بەڵکو هێڵی سێیەمیش هەیە کە بەرخۆدان و ئیرادەی گەلە. بۆیە ئەم شەڕە گۆڕانکاری گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
پێشتر ئێران و ئیسرائیل لە ڕێگەی وەکیلەکانیانەوە شەڕەکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا گەیشتووە بەوەی کە خۆیان ڕاستەوخۆ شەڕ دەکەن، گرژییەکانی نێوانیان بۆ گەیشت بەم ئاستە؟
بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٠ بەدواوە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی وەکیلی دەوڵەتانەوە بەڕێوەدەچوو. بۆ نموونە شەڕ لەنێوان ئەو گرووپانەی سەربە ئێران بوو و ئەو لایەنانەی لە دەرەوە بۆ ناوچەکە دروستدەکران وەک داعش بەڕێوەدەچوو. ئیتر بۆ ئەوەی هەموو شتێک ئامانجگیر بێت شەڕ گەیشتە قۆناغێکی دیکە کە ئەویش شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان دەوڵەتان بوو. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوبوو کە ئێران ڕادەستی پیلانەکانیان نەدەبوو و گەیشتە بەم ئاستە و یەک ڕۆژ و یەک مانگ و یەک ساڵ نییە، بەڵکو هەموو گۆڕانکاریی یان پێشهاتێک بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە بە ئیسرائیلیشەوە ئیدی پێویستیان بەوەبوو کە جارێکی دیکە ناوچەکە دیزاین بکەنەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دوو دەوڵەتی بنەڕەتی هەیە ئەوانەش تورکیا و ئێرانن، تورکیا بە ڕێبازێکی دیکە هەوڵیدا خۆی لەم شەڕە دەرباز بکات، بەڵام ئێران بەهۆی ئەوەی دەستبەرداری زهنییەتەکەی نەبوو و لەسەر دیکتاتۆری خۆی بەردەوامبوو و ساڵانێکە گەل لەناوخۆدا ناڕازین و گۆڕانکاریی لە ناوخۆدا دروست نەکرد و درێژەی بە سیاسەتی ئەشکەنجە و سێدارە دا و ویستی بە هیلالی شیعی خۆی بپارێزێت بەڵام ئەوەش لەناوچوو.
ترسی ڕژێم لە ناڕەزایەتی گەلانە لە ناوخۆدا. هەڵمەتی ژن ژیان ئازادی هەڵمەتی گەلان بوو و گۆڕانکاریی دەویست بەڵام ڕژێم هیچ هەنگاوێکی نەهاویشت. ویستی بە سەرکووتکردن گەل لەناوبدات، بەهۆی ئەوەی کە ئامادەی گۆڕانکاریی نەبوو بۆیە ئەم شەڕە بەو شێوەیە بەرۆکی ڕژێمی گرت. ڕژێم لەبەر ئەوەی پێداگربوو لەسەر زهنییەتی دیکتاتۆری، یەک نەتەوە و ئاینپەرەستی و پیاوسالاری وایکرد کە لایەنە دەرەکییەکان دەستێوەردان بکەن.
سەرەتا تەنها شەڕی ئیسرائیل و ئێران بوو بەڵام ئەمریکاش بەشداربوو، ئایە لە پشت پەردەی ئەو هێرشانەوە چی دەگووزەرێت؟ ئایە بۆ لاوازکردنی سیستەمە یان تێکدانی ڕژێم؟
لە دەستپێکدا شەڕەکەدا بە ئیسرائیل دەستی پێکرد بەڵام شەڕێکی گشتییە، بۆ نموونە پەیمانی ئیبراهیمی نێوان ئێسرائیل و وڵاتانی عەرەبی ئامادەکاری بوون بۆ ئەو شەڕە. شکاندنی باڵەکانی لە وڵاتان و هەڵوێستی وڵاتانی ناوچەکە و تەنانەت زۆرینەی جیهانیش بۆ ئەوەبوو کە ئێران بە تەنها بڵێن و هیچ دەوڵەتێک نەبێت کە ئێران بپارێزێت. واتا پیلانێکی نێودەوڵەتییە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت، ئیسرائیلیش بە شەڕی حەماس دەستی بەو شەڕە کرد و ئەو گورزەی لە شەوێکدا لە ئێرانیدا دەرخەری ئەوەبوو کە مۆساد ساڵانێکە کار لەسەر ئەوە دەکات کە ئەندامەکانی بنێرێتە ناو ئێران و لەناو کاربەدەستانی ئێراندا خۆی بەڕێکخستن بکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا بەڕێوەچوو، ئایە بە دیزانیکردنەوەی ناوچەکە ڕۆڵی نوێنەرایەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تورکیا وەردەگرێتەوە؟
هێزە دەرەکییەکان ناتوانن ڕاستەوخۆ دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکەن، بەڵکو ئەزموونیان لە ئەفغانستان و عێراقیش هەیە، بۆیە یەکێک لە بژاردەکانیان ئەوەیە کە لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسییەوە دەستوەردان بکەن، بۆیە لە ناوچەکەدا ئیسلامی سیاسییان دروستکرد و لەژێر ئەو ناوەدا کۆمەڵكوژیی و سیاسەتی تواندنەوە بەڕێوەدەبەن، دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکەشیان خستەژێر کاریگەریی ئیسلامی سیاسیی بۆنموونە ئێران لە ژێر ناوی شیعەدا خراپترین کار دەکات و ڕێگە بۆ هەموو کارە بێئەخلاقییەکان دەکاتەوە. هەروەها وڵاتانی دەرەکی بە ماسکی ئیسلامی ئێستا سیاسەتی خۆیان لە ناوچەکەدا بەڕێوەدەبەن، نموونەی ئەوانەش تالیبان لە ئەفغانستان و ئەو لایەنە ئیسلامییەی ئەمڕۆ لە سووریا دەسەڵاتدارە.
خوێندنەوەی پەژاک بۆ نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟
کێشەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەڕ چارەسەر نابێت بەڵکو پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە، ناوچەکە شوێنی مرۆڤایەتی و ئافراندنی فەلسەفە و دیموکراسییە، بە تایبەت لە دوای ٢٠٢٠ بووەتە شوێنی کوشت و پەنابەری و کۆمەڵکوژی، دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەکە بە شەڕ و کۆمەڵکوژی دروستبوون و ئێستاش خەریکە هەر بە شەڕ و کۆمەڵکوژی لەناودەچن، ئێستا کاتی فرە کەلتووری و فرەنەتەوەیی پێکەوەژیانە بۆئەوەش کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک چارەسەری سەرەکییە.
بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەمێنێت ئەوا پێویستی بە هێڵی سێیەم هەیە، پێویستی بە پێکەوەژیانی گەلان هەیە، بنەمای ئەوەش ئازادی ژنە چونکە ئازادی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێت ئازادی گەلانیش مسۆگەر بکات، پێویستە گەلانی ناوچەکە خۆیان چارەسەری بۆ کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە نەک هێزە هەژموونخوازەکان، گەلان لە دەوری خاڵە هاوبەشەکانی یەکدی کۆببنەوە، چونکە هەموو ویستەکانی دەوڵەتانی هەژموونخواز تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سەرزەوی و ژێرزەویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. گەر گەلان بتوانن لەدەوری یەکدی کۆببنەوە و پێکەبژێن ئەوا دەتوانن خۆیان سوود لەو سەرچاوانە وەربگرن، بۆیە ئێمە دەڵێین کە ئیدی کاتی ئەوەیە گەلان پێشەنگایەتی بکەن.
لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادییدا بینینمان کە بە پێشەنگایەتی ژنان گەلان وەڵامی خۆیان دایەوە، لەم بارودۆخەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ژنان دەتوانن چی ڕۆڵێک بگێڕن؟
لە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە هەمیشە قوربانی سەرەکی ژنان و منداڵانن، وڵاتێک داگیردەکرێت ئەوا ژن دووجار داگیر دەکرێت، بۆیە ئەوەی کە دەتوانێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕانکاریی بکات ژنان، هەر ئەوانیش دەتوانن بە تێکۆشانی خۆیان کۆمەڵگە بهێننە مەیدان، ئەمەش لە سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازازدییدا بەتەواوی دیاربوو، ئەو سەرهەڵدانەش ڕێنیسانسێکی نوێی بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دواتر بوو بە جیهانیش، درووشمێکی سێ وشەیی لەناو وڵاتێکی دەسەڵاتێکی پیاوسالاری وەک ئێراندا بەرزبوویەوە، هەموو بتە نەتەوەپەرستی، ئاینپەرەسەری و ڕەگەزپەرەستییەکانی شکاند و بەو هێزە دەتوانرێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئازادببێت و سەرچاوەی شۆڕشە، هەروەها شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناغەی شۆڕشی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشە، بۆیە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیی دەتوانێت گۆڕانکاریی لە ئێراندا دروست بکات. ئێستاش دەبینین ژنان لەناو زینداندا وەک نموونەی وریشە، زەینەب، پەخشان پێشەنگایەتی دەکەن، وێڕای ئەوەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بەڵام لە باڵاترین ئاستدا تێکۆشان دەکەن، ترسی ڕژێمی ئێرانیش هەر لە ژنە، لەناو ئێراندا دوو خاڵی لاواز هەیە یەکێکیان ژنە و ئەوی دیکە کوردە، واتا ئەم دوو خاڵە دەتوانێت ڕژێم سەراوژێر بکات، بۆیە دەتوانین بڵێین پرۆسەی نوێ دەتوانێت ببێتە پرۆسەی ژن ژیان ئازادیی هەموو گەلانی ئێران کە خۆیان بەڕێکخستن بکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە پێشەنگایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
لەم بارودۆخەدا پەژاک هیچ پەیوەندییەکی هەیە لەگەڵ هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا یاخود هەوڵدراوە پەیوەندیی لەگەڵ پەژاک ببەسترێت و پەژاک لەم پرۆسەیەدا جێ بگرێت؟
ڕاستییەک هەیە، لە هەموو کوردستان و بەتایبەتیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوەی کە توانای گۆڕانکاریی هەیە کوردە، ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تاکە هێز کە خاوەنی ئەڵتەرناتیڤە و خاوەن هێزی ڕێکخستنی، پاراستنی، سیاسییە پەژاکە و ئامادەیە پێشەنگایەتی بۆ گەلەکەی بکات، هەموو لایەکیش ئەو ڕاستییە دەبینێت، ڕەنگە بەشێوەی ڕاستەوخۆ نەبێت بەڵام بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دەیانەوێت لەگەڵ هێزێکی وەک پەژاک دانووستان بکەن کە دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات، ئێمەش ئامادەین لەگەڵ هەر لایەک دانووستان بکەین کە لە بەرژەوەندی گەل تێکۆشان بکات، بەڵام تا ئێستا لەم باردوخەدا داواکارییەکی بەوشێوەیە نەبووە.
لە ئەگەری تێکچوونی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گومان دەکرێت کە هەمان سیناریۆی ڕۆژئاوای کوردستان دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت لەلایەن ئەو هێزانەی کە گرێدراوی هێزە هەژموونخوازەکان، ئایە پەژاک ئامادەکاریی کردووە گەر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە؟
بەڵێ هەمان سیناریۆ هەیە، چونکە هێزە هەژموونخوازەکان دەیانوێت ئەڵتەرناتیڤێک دروستبکەن، چونکە پەژاک هێزێکی سەربەخۆیە و پشت بە گەل دەبەستێت، هێزێکە خاوەنی فکر و فەلسەفە و دیدێکی نوێیە، بۆیە وەک چۆن ویستیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەو هێزانە دژی تەڤگەری ئازادی بەکاربهێنن و کورد نەبێتە یەک، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەمان شت دەکەن، بەتایبەت بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جیاوزترە و هێزی ئۆپۆزسیۆنی زۆرە و دەستێوەردانێکی زۆر هەیە، بەتایبەت کەسانێک هەیە کە نایانەوێت یەکێتی پارتە کوردییەکان دروست ببێت، یاخود دەیانوێت مۆدێلی باشووری کوردستان و پارتە سیاسییەکانی ئەوێ کە ئێستا دەبینین چییان بەدوای خۆیدا هێناوە بهێینە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها بەتایبەت دەیانەوێت لەو شار و ناوچانەی کە چەندین گەل تێیدا دەژین دژایەتییان لەنێواندا دروست بکەن، بەتایبەت لە هەندێک ناوچە کە گەلانی کورد و تورکی ئازەری تێیدا دەژین لەلایەن تورکیاوە هەوڵ دەدرێت دژایەتی دروست بکرێت، چونکە تورکیا ترسێکی زۆری هەیە کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببێتە خاوەنی ستاتیۆیەک و پانتورکیزم لە ئێراندا پێشدەخات.
هەروەها ئۆپۆزسیۆنێکی خاوەن عەقڵییەتی کلاسیکی دەسەڵاتخوازیی لە ئێراندا هەیە، بۆیە مەترسی هەیە، بەڵام ئێمە ئامادەیی تەواومان هەیە و ئاستی هۆشیاری گەل بەرزە و دەزانێت چی هێزێک دەتوانێت پێشەنگایەتی بکات، بۆیە وەک وتم مەترسی هێزە دەرەکییەکان هەیە کە دەیانوێت دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بکەن، بەڵام لە بەرامبەریشدا هێزێکی خاوەن پۆتانسێل هەیە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەمووان چاویان لەسەر پەژاک، چونکە هەم فەلسەفە و ئایدۆلۆژی پەژاک دەزانن کە خزمەت بە چی دەکات هەم تەڤگەری ئاپۆیی دەناسن و دەستکەوتەکانیان بینیوە، بۆیە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێرانیش چاویان زۆرتر لەسەر تێکۆشان و خەباتی پەژاک و تەڤگەری ئاپۆییە، بۆیە ئێمە لەوەدا ئامادەکاریی تەواوەتی دەکەین کە گەلەکەمان هەمیشە هۆشیار بێت و بزانێت چی هێزێک خاوەن فەلسەفەیەکی ئازادییە و خاوەن فەلسەفەی ئازادی ژن، ژینگە و نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەو هێڵەش پەژاک پەیڕەوی دەکات.
تەنانەت هەندێک هێز هەیە دەیانەوێت چەتەگەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست بکەن، پێویستە ئیدی هەموو لایەک هێڵی خۆی بزانێت، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی کلاسیک و نەتەوەپەرستی ناوێت هێزێکی ناوێت کە گەلان پارچە بکات، هەموو گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەیەوێت بزانێت کێ پێشەنگایەتی دەکات، ئێستاش پێویستە یەکڕیزی و یەکگرتنێک لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا دروستبکرێت بۆ ئەوەی ڕێ لەو مەترسییانە بگیردرێت.
پەیوەندییەکانی پەژاک لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات چۆنە و دەستپیشخەریی کردووە کە یەکڕیزییەک دروست بێت؟
پەژاک بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە و بەتایبەت لە ساڵی ٢٠١٨، بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە، پێشبینی ئەمەمان کردبووە کە ڕوودەدات و گەل چۆن خۆی بە ڕێکخستن بکات، لەسەر ئەو بنەمایە دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدران، بەڵام هێزەکانی دیکە بەپێی پێویست ئامادەی ئەوەنەبوون و خاوەنی سەربەخۆی و بڕیاری خۆیان نەبوون هەندێک جار ویستیان کە ئەو یەکڕیزییە دروست ببێت بەڵام لە باشووری کوردستانەوە دەستێوەردانیان لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکرد و هەوڵیان دەدا کە یەکڕیزیی دروست نەبێت، ئێستا پێویستیمان بە یەکڕیزی هەیە کە لە بواری ستراتیکی سیاسییدا بێت، هێزێکی پاراستنی هاوبەشمان هەبێت کە لە خزمەتی گەلدا بێت، ئێمە ئێستاش ئەم پێویستییە دەبینین و دەبێت یەکڕیزییەکی پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دروستببێت چونکە ڕێگریی لە دەستێوەردان و مەترسییە دەرەکییەکان دەگرین، گەلی کوردیش چەندن ساڵە داوای ئەو یەکڕیزییە دەکات، پێویستە لێکنزیکبوونەوە هەبێت و کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێکبهێندرێت، هەندێک هەوڵ هەیە بۆ ئەوەش بەڵام تێرکەر نین بەڵکو پێویستە زیاتر بن و یەکڕیزییەکی ستراتیژییمان هەبێت نەک لە ئاستی تاکتیکدا چونکە ئەوەش ستراتیژی ئێمەیە بۆ گەلی کورد.
هەندێک لایەن پێیان وایە کە پەژاک خۆی بە گەورەتر دەزانێت، ئایە پەژاک دەیەوێت خۆی بە گەورە بزانێت یان گەل بە پێشەنگ دەزانێت و هەمیشە دەیەوێت هێڵی سێیەم هەڵبژێرێت، وتەی ئێوە چییە لەسەر ئەو بابەتە؟
پەژاک هیچ کاتێک خۆی بە باڵادەست نەزانییوە و هیچ ئامانجێکی لەو شێوەیەشی نییە، بەڵکو پارادیگمای پەژاک هێڵی سێیەمە کە ئەوەش هێڵی گەلە، گەلیش واتا ئازادی ژن، پارادیگمای پەژاک پارادیگمای ئازادیی ژن، ژینگە، نەتەوەی دیموکراتیک و پێشەنگایەتی گەلە، هەر هێزێکیش خزمەت بە گەل بکات ئەوا پەژاک ئامادەی دانووستان بووە لەگەڵی.
هۆشیاری گەل لە ئاستێکی باڵادایە و ئەو دەزانێت چی هەڵدەبژێرێت و پشتگیری لە کێ دەکات و گەل هەموو شتێک دەبینێت کە کێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دیارە، ئێمە هیچ نیازێکی باڵادەستیمان نییە، بەردەوامیش کە هەمیشە پێداگیریمان لەسەر یەکڕیزی و پێشەنگایەتی گەل کردووە ئەوا هێزەکان نەهاتوون کە یەکڕیز ببین، لەراستییدا کە دەبینن پەژاک لەناو گەلدا جێی باوەڕە و پشتگیریی لێدەکەن ئەوا هەندێک هێز هەیە کە پێیان ناخۆشە، یاخود دەڵێن ئێمە ٥٠ ساڵ لە پێش پەژاکەوە دامەزراوین، ٥٠ ساڵ چوو، تۆ ئێستا چیت؟ بۆیە ئەوەی کە دەوترێت پەژاک خۆی بە باڵادەست دەبینێت ڕاست نییە و پەژاک تەنها پشتی خۆی بە گەل دەبەستێت و چی لە بەرژەوەندی گەلدا بێت ئامادەی ئەنجامدانییەتی، ئەوەشی کە نایەت یەکڕیز ببین ئەوا ناتوانێت ببێتە ڕێگر لە بەردەم پەژاکدا و ئێمە لە خەباتی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامین.
ئایە پەژاک هیچ ئامادەکاری کردووە بۆ دەستێوەردان لەم بارودۆخەدا؟
پەژاک لە هەموو بارودۆخێکدا خۆی ئامادە دەکات لە هەموو بوارەکاندا و چۆن دەتوانێت گەلەکەی خۆی بپارێزێت، گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لەنێو چنگی میلتاریزەییدا دەژێت و هەموو ڕۆژێک ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان دەبێتەوە، ئێمەش هەمیشە خەباتمان بۆ گەلەکەمان بووە، هەروەها لەم بارودۆخەدا چی مەترسییەک لەلایەن ئێرانەوە بێت یان لەلایەن هێزە دەرەکییەکان کە دروستببێت ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ پارێزگاری لە گەلەکەمان و پێویستە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێزی پاراستنی جەوهەری خۆیان هەبێت و گەلان خۆیان بپارێزن، ئێمە ساڵانێکە هەوڵ دەدەین بە ڕیگەی گفتوگۆ و سیاسیی کێشەکانی گەل چارەسەر ببێت بەڵام ڕژێم هیچ گۆڕانکارییەکی نەکرد، لە هەموو بارودۆخێکدا ئامادەین کە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بپارێزن و گەر گەل ڕاپەرێت و ئێمە لەگەڵی نەبین ئەوا شتی وانییە، گەلەکەشمان پێویستە ئەوە باش بزانێت و هەموو ئامادەکارییەکمان هەیە.
ئێوە لە دوای ڕووداوەکانی ١٣ـی حوزەیران ڕاگەیاندراوێکی گرنگتان بڵاوکردەوە و باسی ئەوەتان کردبوو کە پێویستە گۆڕانکاریی لە ڕژێمدا دروستببێت و دیمکوراتیزەکردن پێش بکەوێت، بەڵام کەسانێک دەڵێن دیموکراتیزەکردن بە ئێمە چی؟ تەنها کورد و کوردستانمان دەوێت، ئایە پەیوەندی لەنێوان دیموکراتیزەکردن و ئازادیی کورد و کوردستان چییە؟
پەیمان ڤیان: “ئێمە بەردەوام باوەڕمان بە ئێرانێکی دیموکراتیک هەیە، گەل تەنها کورد نییە بەڵکو گەلانی کورد، عەرەب، بەلووچ، مازەری، فارس، تورکی ئازەری هەیە یانی کەلتوورێکی یەکجار دەوڵەمەند هەیە، ئەو کەلتوورە ناتوانێت لەژێر دەسەڵاتی شیعەگەرێتییدا خۆی بەڕێوەببات، تاک نەتەوە و تاک ئاڵا تاک لە ئێراندا تەنها دەبێتە فاشیزمێک کە بەسەر گەلاندا دەسەپێندرێت، بۆیە ئێمە هەمیشە پێداگرین لە دیموکراتیزەکردن، دیموکراتیکیش دەتوانێت ڕژێم لەناو نەبات بەڵکو ببێتە چارەسەرییەکی بنەڕەتی، بۆیە دەبێت کێشەی گەلان لە بوارەی یاساییدا چارەسەربکرێت بەڵام تا ئێستا ڕژێم یەک هەنگاوێکیشی نەناوە، هەمیشە پێداگریی لە دیکتاتۆری کرد ئەمەش وایکرد کە ئەم هێرشانە بکرێنە سەر ئێران، ئێمە ئێستاش پێداگرین لەسەر ئەوە و تەنها دیموکراتیزەکردنی ئێران دەتوانێت کێشەی گەلان چارەسەر بکات، ئێستا ڕژێم بڕووخێت یان نا ئەوا ئێران هەر پێویستی بە دیموکراتیزەکردن هەیە و هەموو گەلان بتوانن پێکەوە بژێن.
ئێمە نکۆڵی لە کوردبوونمان ناکەین و با هەموو کەسێک بزانێت ئێمە کوردین، کوردبوون ڕاستییەک کەس ناتوانێت لێی ڕابکات و پێویستە هەمووان دان بە کورددا ببێن، کورد بۆ کەس شەڕ ناکات و نابێتە پارێزەری کەسی دیکە، کورد ئیدی هەبوونە و پارێزگاری لە هەبوونی خۆی دەکات و ئازادبوونی خۆی بەدەست دەهێنێت، ئیدی ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئازادیی کورد ئازادیی گەلانی دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، گەلانی دیکەش ئەو باوەڕییەیان هەیە و بۆیە باوەشیان بۆ “ژن ژیان ئازادی” کردەوە، ژن ژیان ئازادیی تەنها بۆ کورد نەبوو بەڵکو پێناسەی هەموو گەلانی ئێرانی دەکرد، مافی هەموو ژنان و منداڵان و گەلانی لە خۆیدا بەرجەستە کرد، بۆیە چاوی هەموو گەلان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە بواری فەلسەفی، ئایدیۆلۆژی و پاراستینیش، ئێمەش باوەڕیی تەواومان بەوەیە کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشەنگایەتی تەواوی گەلانی ئێران بکات و سیاسەت و سیستەمێکی دیموکراتیک بکات لە ئێراندا.
پەیوەندییەکانی پەژاک لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا لە چی ئاستێکدایە؟
پەژاک هەمیشە لەسەر بنەمای ڕۆحییەتی نەتەوەیی پەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستاندا باش بووە، باوەڕمان بەوەیە کە ئەو مۆدێلانەی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان دروستبووە دەتوانێت ببێتە ئیلهامێک بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، چونکە ڕۆژهەڵات بۆ بەرخۆدانییەکانی ڕۆژئاوا هەمیشە لەسەر پێبوو، ئێستا کاتی ئەوەیە بەشەکانی دیکە خاوەنداریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، گەلی ڕۆژهەڵاتیش دەیەوێت لەلایەن بەشەکانی دیکەوە خاوەندارێتی لێ بکات، بەو پشتیوانییەشی کە ڕۆژهەڵات لە بەشەکانی دیکەی وەردەگرێت، دەتوانێت ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکاتە پێشەنگایەتی بۆ هەموو ئێران، چونکە بە تەڤگەری ئاپۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندووبوویەوە و عەقڵییەتی نەتەوەپەرسی تێپەڕاند و ئێستا تەڤگەری ئاپۆیی ئەڵتەرناتیڤی پێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ئەگەری دەستێوەرداندا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەژاک داوای هاوکاریی لە کێ دەکات؟
پەژاک داوا لە هێزە دیموکراتیخوازەکان، ئازادییخوازەکان و ئەو هێزانە دەکات کە بەردەوام شەڕیان بۆ بەرژەوەندییەکانی گەل کردووە لە ئاستی نەتەوەیی یان نێونەتەوەیی، گەل سەرهەڵدان بکات و ناڕازیی بێت ئەوا پێویستە هەموو ئەو هێزانە پشتیوانی لە گەل بکەن، بۆیە ئێمە لە هەر ئەگەرێکدا ئامادەین داواکاری لە هێزە دیموکراتیکەکان بکەین، پێویستە هەموو لایەنێکی ئیدی هەڵوێستی خۆیان دیاری بکەن لەگەڵ کێن، چونکە لە پێشتردا هەرچەندە بە قسە باسی پشتیوانیان لە گەل کردبێت بەڵام بەوشێوەیە نەبوون و لەگەڵ ڕژێم بوونە، ویستوویانە ڕژێمێک بەپێی خۆیان دروستبکەن، ئامانجی ئەوان ئازادیی گەلان نەبووە، بەتایبەت لەم پرۆسەیەدا زۆر لایەن و کەسایەتی دیموکراتیخواز لە ئاستی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی سەردانی دەکەن و دەرگای ئێمە هەمیشە کراوەیە بۆ پشتیوانیکردن لە گەل.
گەلانی ئێران پێویستیان بە ڕزگارکەرێکە، ئایە کێ دەتوانێت ببێتە ڕزگارکەر لەم بارودۆخەدا؟
پەیمان ڤیان: “ڕزگارکەری گەلی ئێران، گەل خۆیەتی، گەر ئەڵتەرناتیڤێک دروست نەکات ئەوا هیچ کەسێک ناتوانێت ببێتە ڕزگارکەر، لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادییشدا ئەوەمان بینی، بۆیە پێویستە لە هەموو ئەگەرێکدا گەلانی ئێران یەکڕیز بن و پشتیوانی لە یەکدی بکەن، گەلی کورد ڕاپەڕێت ئەوا پێویستە گەلی بەلووچ و گەلانی دیکەش ڕابن و کەس چاوەڕیی کەس نەبێت، بۆیە پێویستە گەل ئەوە بزانێت کە ڕاپەڕێت ئەوا هەموو گەلانی جیهان لەگەڵیدان و پشتیوانی لێ دەکەن، لەم هێرشانەدا ڕژێم لاواز دەبێت و پێویستە گەل ئەوە ببینێت، چونکە هەنگاوی بەرەو گەل نەناوە و ئەو ئەتۆمەی کە باسی دەکات بەرهەمی گەلە، گەلانی ئێران ڕاستە پشتیوانی لە هێزە دەرەکییەکان نەکات لە هەمان کاتیشدا ڕژێمی ئێستاش قەبوڵ ناکات، بۆیە لە لاوازبوونی ڕژێمدا پێویستە گەل خۆی باش بە ڕێکخستن بکات.
باس لەوە دەکرێت کە ئاگربەستێک لەنێوان پەژاک و ڕژێمدا هەیە، لە ئەگەری درووستبوونی گۆڕانکارییەک لەلایەن گەلەوە، ئایە بژاک ئامادەیە ئەو ئاگربەستە بشکێنێت؟
بەڵێ لە ڕاستییدا ئاگربەستێک هەیە، بەڵام ڕژێم زۆرجار شکاندوویەتی، بە زیندانیکردنی هەڤاڵانمان، بە سەپاندنی سزای لەسێدارە و چەندین جار دەیان هەڤاڵمان لەلایەن ڕژێمەوە هێرشیان کراوەتەسەر، لەم پرۆسەیەدا هەموو گەلانی ئێران چاویان لەسەر پەژاکە و چاوەڕێن بزان پەژاک هەڵوێستی چییە و ئەڵتەرناتیڤی چییە، پەژاک لە کاتێکدا دەستێوەردان دەکات کە بزانێت گەلیش ئەڵتەرناتیڤێکی هەیە، کەی ئامادەکاری و داواکاری گەل دروستببێت، ئەوا پەژاک لەگەڵی داواکارییەکانی گەلەکەیەتی، بەردەوامیش لەگەڵ گەل بووین و دەشبین.
پەیام و بانگەوازی پەژاک بۆ یەکڕیزی و یەکگرتووی نێو ماڵی کرد چییە بەتایبەت لەم بارودۆخەکدا؟
جیاوازی ئایدۆلۆژی و پارادیگمامان هەرچی بێت بەڵام پێویستە هەر تاکێک گەر لەناو ماڵدا بێت یان گەڕەک یان هەر شوێنێت پێویستە خۆی بەڕێکخستن بکات، ئەوەش بە یەکگرتووی دروست دەبێت، یەکگرتن لەسەر خاڵێکی هاوبەش کە خزمەت بە گەلان بکات.
ئێستا بارودۆخێکی هەستیار و مێژووییە و دەتوانێت چارەنووسی گەلەکەمان دیاری بکات، هەر گەلێک لەم کاتەدا خۆی بە ڕێکخستن نەکات ئەوا ئەو گەلە ئەم قۆناغە ون دەکات، جارێکی دیکە گەر هێزە هەژموونخوازەکان یان ڕژێم بەهێز ببێتەوە ئەوا گەلان سەرکوت دەکەن، بۆیە ئێمە بانگەوازییمان ئەوەیە کە گەل لە هەموو شوێنێک خۆی بە ڕێکخستن بکات و خۆی بپارێزێت.
گەل بە کۆمیتەی تەندروستی، سیاسی و پاراستن بزانێت چۆن ڕێکخستنی خۆی دەکات ئەمەش پێویستی بە تێکۆشانی بەردەوام هەیە، شەڕ کاتێک دەستپێدەکات کە گەل سیستەمی خۆی دابمەزرێنێت و خۆی بەڕێوەببات، بۆئەوەش پێویستە هەموو زەمینەیەکی بۆ ئامادەبکات."