ئەمریکای لاتین پشتیوانییەکی مەزن لە کەمپەینەکەی کژار دەکات
کەمپەینی نێونەتەوەیی کژار بە ناونیشانی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و بەتایبەت ئەرژەنتین پشتیوانییەکی مەزن بەدەست دەهێنێت.
کەمپەینی نێونەتەوەیی کژار بە ناونیشانی "نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و بەتایبەت ئەرژەنتین پشتیوانییەکی مەزن بەدەست دەهێنێت.
فێمێنیست و مافپارێز و سیاسەتمەداران بە کەمپەینی کۆکردنەوەی واژۆ پشتیوانیان لە کەمپەینی کژار کرد. ئەم کەمپەینەی ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، بۆ وەستاندنی سزای لەسێدارەدان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان بڵاودەبێتەوە و پشتیوانی زیاتر بەدەست دەهێنێت.
زیاتر لە ١٧٠٠ واژۆ
لە ماوەی سێ هەفتەدا زیاتر لە ١٧٠٠ واژۆ کۆکرایەوە و لەنێو واژۆکەراندا براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ئەدۆڵفۆ پێرێز ئیسکویڤێل، دایکانی پلازا دێ مایۆ، سەرۆکی سەندیکاکان و چەندین پەرلەمانتار هەن.
کەمپەینەکە بە پێشەنگایەتی ئەرژەنتین دەستی پێ کرد، چەندین وڵاتی وەک مەکسیک و ئوسترالیا و سوید و کۆڵۆمبیا و کوبا پشتیوانیان کرد.
واژۆکان ڕادەستی وەزارەتی دەرەوەی ئەرژەنتین دەکرێت
ڕێکخراوە فێمینیستەکان و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و سەندیکا و زانکۆ و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و نوێنەری پارتە سیاسییەکان بەشداری کەمپەینەکە بوون. واژۆ و نامەکان لەڕێگەی شاندێکی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوێنەرانی ژنانەوە، ڕادەستی باڵیۆزخانەی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئەرژەنتین دەکرێت.
لە نامەکەدا دووپاتکراوەتەوە، سزای لەسێدارەدان تاوانە دژی مرۆڤایەتی، داوا دەکرێت دەستبەجێ سزای سێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە مورادی هەڵبوەشێتەوە.
پەیامەکانی پشتیوانی
لە پێشەنگانی کەمپەینەکە پیدرۆ پێروجا (Poder Popular)، ماجێرانا ئاسێنۆ (Red Chilena contra la Violencia hacia las Mujeres) و لیلیان داونێسی ئەرژەنتینی، بە پەیامی دیجیتاڵی پشتیوانی خۆیان بۆ کەمپەینەکە دەربڕی.
لە بۆینس ئایرسەوە پیدرۆ پێروجا ڕایگەیاند ڕایگەیاند ڕژێمی ئێران پاش کوشتنی کچە کورد ژینا ئەمینی، فشارەکانی بۆ سەر ژنان زیاتر کردووە، هەروەها پشتیوانی مەزنی بۆ کەمپەینەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی ناساند.
ماجارێنا ئاسینۆ لە چیلییەوە ڕایگەیاند پێویستە سزای لەسێدارەدانی سێ ژنە چالاکوانەکە هەڵبوەشێتەوە، گوتی: "تێکۆشانی ئەو سێ ژنە هاوڕێیەمان، بانگەوازەکەمان بۆ "نا بۆ لەسێدارەدان، بەڵێ بۆ ژیانی ئازاد" بەهێز دەکات. ژن ژیان ئازادی".
ڕۆژنامەنووسی فێمێنیستی ئەرژەنتینی، لیلیان داونێس گوتی: "دەبێت ڕژێمی ئێران دەستبەجێ بڕیاری سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و شەریفە مورادی هەڵبوەشێنێتەوە. بانگەوازدەکەم بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی ئەم سێ ژنە".