بە دیمەن

یەرەژە لە یادی پێنج ساڵەیدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە

یەرەژە بەبۆنەی یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنییەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئێمە لە تێکۆشانی خۆمان بۆ ڕاگەیاندنێک کە دۆخی ژنان و تێکۆشانی گەلان لەبەرچاوبگرێت بەردەوام دەبین."

یادی دامەزراندنی یەرەژە

یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە) بەبۆنەی یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە. ڕاگەیاندراوەکە لە ناوەندی کلتوور و هونەری محمد شێخۆ لە شاری قامشلۆ خوێندرایەوە. ڕۆژنامەوانانی ژن بە جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە ئامادەبوون.

ڕاگەیاندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن نەورۆز دەمهات، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەریی یەرەژە و بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئارین سوێد، وتەبێژی یەرەژەوە خوێندرایەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "ئەمڕۆ ساڵیادی پێنج ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ڕاگەیاندنی ژن (یەرەژە)یە کە وەک پێویستییەکی مێژوویی و ڕێکخراوەیی بۆ ئافراندنی میدیای ئازاد و دیموکراسی دەستیپێکردووە تاوەکو دۆزەکانی ژنان و کۆمەڵگە نیشان بدات و لەدژی ئەو عەقڵیەتە باوک سالارەی کە هەبوونی ژنانی بەدرێژایی سەدان ساڵ پشتگوێ خستووە، تێدەکۆشێت."

ئاماژە بەوەش کراوە، "ئێمە بەم بۆنەیەوە هاوڕێیانمان شەهید جیهان بیلگین، دلیشان ئیبش، ئەییلوول نوهلات، رۆهەندا عەفرین، دلۆڤان گەڤەر، ئارین جودی و هەموو ئەو کەسانەی لەپێناو دامەزراندنی ڕاگەیاندنێکی ژنانی بەرخۆدێردا گیانی خۆیان بەختکرد، بەبیردێنینەوە."

باس لەوەش کراوە، "ئێمە ڕۆژنامەگەریی وەک ئامڕازێکی بەرخۆدانی هزری و ڕێکخراوەیی دەبینین. بەدرێژایی مێژوو دامەزراوەکانی ڕۆژنامەگەریی بە عەقڵییەتی باوکسالارییەوە دامەزراون، ئەم عەقڵیەتەیان لە کۆمەڵگەدا بەهێز دەکەن و کێشەکانی ژنان لە تێڕوانینێکی تەسکدا هەڵدەسەنگێنن."

یەرەژە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا باس لەوەش دەکات، "لە چوارچێوەی شکاندنی ئەو ڕێبازەی دەسەڵات و باوکسالارییە کە لەسەر ژنان سەپێنراوە، دامەزراندنی گۆڕەپانێکی ڕۆژنامەگەریی ئازاد پێویستییەکی بنەڕەتی بوو. لەسەر بنەمای فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کە ئازادیی ژنان بنەمای ئازادی کۆمەڵگەیە، ئێمە پێمان وایە دەنگی ژنان لە ڕۆژنامەگەریدا هەنگاوێکی جەوهەری بەرەو بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و ئازادە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ژنانی ڕۆژنامەوان ڕۆڵێکی پێشەنگیان لە گواستنەوەی ڕاستیی شەڕ و بەرخۆداندا بۆ جیهان هەبوو."

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، "ئیمە سڵاویی سەربڵندیی خۆمان دەگەیەنینە هەر ژنێک کە لە زەمینەی ڕاگەیاندندا کاردەکات و هەر ژنێک کە لە بونیاتنانی دەنگی ئازاد و سەربەخۆدا هاوکار دەبێت. ڕایدەگەیەنین پابەندی ئەو  ڕێگەیەیەن کە گرتوومانەتەبەر و ئامانجەکانی یەرەژە بەدیدێنین.

بژی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد

بژی تێکۆشانی ژنان لەپێناو ڕاستیدا

بژی یەرەژە."