ڕەژاک بەمەبەستی پیرۆزکردنی ٨ی مارس سەردانی ڕێکخراوەکانی ژنانی کرد

لە شاری کەرکوک، بەمەبەستی پیرۆزکردنی ٨ی مارس، "ڕەژاک" زنجیرەیەک سەردانی ڕێکخست و تیدا سەردانی ڕێکخراوەکانی بواری ژنانی کرد.

 ئەمرۆ چوارشەممە لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەچوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانیان بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارسەوە، شاندێکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان "ڕەژاک" بەمەبەستی پیرۆزکردنی رۆژی ٨ی مارس کە دەکاتە رۆژی جیهانی ژنان، سەردانی ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی بواری ژنانی کرد لە شارەکە لەنێوانیشیاندا (کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان، یەکێتی ژنانی کوردستان، ژنانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان)، لە سەردانەکەدا چەپکە گوڵ پێشکەش بە ڕێکخراوەکانی ژنان کرا، هەروەها کتێبی "ژن ژیان ئازادی" کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنلۆژیەوە ئامادەکراوە پێشکەش بە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئەندامەکانیان کرا.

 لە میانەی سەردانی شاندەکەی ڕەژاک، تاوتوێ دۆخی ژنان بەگشتی و ژنانی کەرکوک بەتایبەتی کرا و هەڵسەنگاندنیان کرد بۆ ڕەوشی ژنان، هەروەها باس لە پەیوەندیی و هەماهەنگی نێوان ڕێکخراوەکانی بواری ژنان کرا، جەخت لەوەش کرایەوە کە گرنگە ڕێکخراوەکانی ژنان بە یەکگرتووی کاری هاوبەش بکەن لە پێناو خزمەتکردنی دۆزی ژن و گەیشتن بە مافە ڕەواکانی ژنان.

جێگای ئاماژەیە، لە زنجیرە سەردانەکەی شاندەکەی ڕەژاک، هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی بواری ژنان بەشێكن لە کۆمەڵگای ئەم شارە و پێویستە رۆڵیان هەبێت لەو کێشە و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی ژنانی شارەکە دەبنەوە، و پێویستە ببنە هێزێک بۆ چارەسەرکردن و باشترکردنی دۆخی ژنان، هەروەها جەخت لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە.

جێگای باسە، رۆژی هەینی ڕابردوو، بەدەستپێشخەریی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕەژاک)، بە بەشداری ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و بە هاوکاریی کۆمیتەی ئامادەکاری چالاکییەکانی ٨ی مارس، بەدروشمی "ژن ژیان ئازادی، بەرەوە شۆرشی ژنان هەنگاو دەنین" زنجیرەیەک چالاکی هونەری و ڕۆشنبیری بەبۆنەی رۆژی ٨ی مارسەوە ڕاگەیاندرا.

هـ . ب