ژنان له‌ گۆڕه‌پانه‌كاندان: به‌ به‌رخودان و یه‌كگرتن سه‌ركه‌وتوو ده‌بین

ژنان به‌ بۆنه‌ی ٨ی ئاداره‌وه‌ رژانه‌ گۆڕه‌پانه‌كان و په‌یامی به‌رخودان و یه‌كگرتنیاندا. له‌ رێوره‌سمه‌كاندا له‌پێناو ئازادی ژنانی زیندانی نه‌خۆش دروشم وترایه‌وه‌.

ژنان له‌ چوارچێوه‌ی ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان له‌ چه‌ندین شار ئاهه‌نگ و چالاكیان ساز كرد. كارت پۆستاڵ بۆ ژنانی زیندانی نێردرا و داواكرا كه‌ ژنانی زیندانی و سه‌رجه‌م زیندانیانی نه‌خۆش ده‌ستبه‌جێ ئازاد بكرێن. ژنان باسیان له‌وه‌كرد كه‌ به‌رخودانی ژنان گۆشه‌گیری و توندوتیژی ناهێڵێت.

شڕنه‌خ

ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ و چالاكوانانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی ئازاد (ته‌ژه‌ئا) له‌ شڕنه‌خ و ناوچه‌كانی هه‌زه‌خ، قله‌بان، ئه‌لكێ و جزیر له‌ چوارچێوه‌ی پیرۆزباییه‌كانی ٨ی ئاداردا كارت پۆستاڵیان بۆ ژنانی زیندانی نارد.

وان

ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ و چالاكوانانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی ئازاد (ته‌ژه‌ئا) له‌ ناوچه‌ی ئه‌ردیش به‌ بۆنه‌ی ٨ی ئادار له‌ هۆڵێكی ئاهه‌نگه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ دیداری ژنانیان سازكرد. په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ موعه‌زه‌ز ئورهان و به‌ سه‌دان ژن به‌شدارییان له‌ چالاكییه‌كه‌دا كرد. ژنان به‌ جلوبه‌رگی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان به‌شدارییان له‌ به‌رنامه‌كه‌دا كرد و له‌به‌ر گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێیان گێڕا. ژنان دروشمی "ژن، ژیان ئازادی"یان وته‌وه‌. هاوسه‌رۆكی پێشووی شاره‌وانی ئه‌ردیش دیبا كه‌سكین كه‌ قه‌یووم له‌ جێگه‌كه‌ی دانرا باسی له‌وه‌كرد، كه‌ ژنانی كورد له‌ هه‌موو شوێنێك له‌ گۆڕه‌پانه‌كان به‌رخودان ده‌كه‌ن.

هاوسه‌رۆكی ئێستای شاره‌وانی ئه‌ردیش یڵدز چه‌تین كه‌ له‌ جێگه‌ی ئه‌ویش قه‌یوم دانراوه‌ وتی، ئه‌وان له‌ دژی بیركردنه‌وه‌ی پیاوانه‌ تێكۆشانی خۆیان به‌گوڕ ده‌كه‌ن و داوای له‌ ژنان كرد كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی ٨ی ئاداری ناوه‌ندی وان بكه‌ن.

په‌رله‌مانتار موعه‌زه‌ز ئۆرهانیش باسی له‌وه‌كرد، ژنان خاوه‌نداری له‌ ناسنامه‌ و هه‌بوونی خۆیان ده‌كه‌ن و ژنانی كورد خۆڕاگری ده‌كه‌ن.

دیداره‌كه‌ به‌ گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێ كۆتاییهات.

ئانتالیا

پلاتفۆرمی ژنانی ئانتالیا له‌ چوارچێوه‌ی ٨ی ئاداردا له‌به‌رده‌م پۆسته‌خانه‌ی گولوگ كۆبوونه‌وه‌ و كارت پۆستاڵیان بۆ ژنانی زیندانی نارد. مونیره‌ ئیناڵی له‌سه‌ر ناوی ژنان له‌به‌رده‌م پۆسته‌خانه‌دا لێدوانیدا و تیشكی خسته‌سه‌ر دۆخی ژنانی زیندانی و داوای كرد ده‌ستبه‌جێ كۆتایی به‌ گۆشه‌گیری به‌هێنرێت. ئیناڵ داوای له‌ ژنانی ئانتالیا كرد كه‌ رۆژی ٦ی ئادار به‌شدار له‌ دیداری ئه‌وان له‌ پاركی ئایدن كانسادا بكه‌ن.

مێرسین

ئه‌نجومه‌نی ژنانی هه‌ده‌په‌ و چالاكوانانی بزوتنه‌وه‌ی ژنانی ئازاد (ته‌ژه‌ئا) له‌ مێرسین له‌ چوارچێوه‌ی چالاكییه‌كانی ٨ی ئادار له‌ ناوچه‌ی تاروس سه‌ردانی ژنانی كرێكاری كشتوكاڵیان كرد. ژنانی كرێكار ژنانی ته‌ژه‌ئا و هه‌ده‌په‌ییان به‌ هه‌لهه‌له‌ و چه‌پڵه‌ڕێزان پێشوازی كرد. له‌سه‌ردانه‌كه‌دا سه‌رنج راكێشرا بۆ سه‌ر تێكۆشانی ژنان و سه‌ردانه‌كه‌ به‌ گێڕانی گۆڤه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕكێ كۆتاییهات.

ئامه‌د

ناوه‌ندی ژنواری سه‌ر به‌ شاره‌وانی چنار له‌ ناوچه‌كه‌ په‌یوه‌ست به‌ ٨ی ئادار رۆژی جیهانی ژنان له‌ بینای ناوه‌نده‌كه‌ به‌رنامه‌ی دیداری ژنانی ساز كرد. هاوسه‌رۆكی رێكسختنی پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتیكه‌كان (ده‌به‌په‌)ی ناوچه‌ی چنار ئه‌مینه‌ ئاجار، هاوسه‌رۆكی رێكخستنی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ ناوچه‌ی چنار مه‌راڵ دوزان، هاوسه‌رۆكی شاره‌وانی چنار سالیمه‌ فیدان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنانی ناوچه‌كه‌ به‌شدارییان له‌ دیداره‌كه‌دا كرد. له‌بیناكه‌ پلاكارده‌كانی "ژن، ژیان، ئازادی" و "٨ی ئادار پیرۆز بێت" هه‌ڵواسرابوون.

ژنان له‌به‌رده‌م بیناكه‌ كۆبوونه‌وه‌. له‌به‌ر گۆرانی هه‌ڵپه‌ڕكێیان سازكرد و دواتر چوونه‌ ناو بیناكه‌وه‌. هاوسه‌رۆكی شارداری سالیمه‌ فیدان له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا به‌ كورتی قسه‌ی كرد و تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگی ٨ی ئادار و ئه‌و رۆژه‌ی له‌ هه‌موو ژنان پیرۆز كرد. فیدان هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ی ئامه‌د سه‌مرا گوزه‌لی شه‌رمه‌زار كرد.

دوای قسه‌كانی فیدان گوێ له‌ گۆرانیه‌كان گیرا و ژنان پێكه‌وه‌ قسه‌یان كرد و ئاهه‌نگیان گێڕا. ژنوار گوڵ به‌سه‌ر به‌شداربوواندا دابه‌ش كرد.

هـ . ب