ئاسایش بارەگای تەڤگەری ئازادیی لە گەرمیان داخست

لە شارۆچکەی کەلار، دوای پێنج ڕۆژ لە هێرش و فشاری هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی، ئەمڕۆ بارەگاکەیان پێچۆڵکردن، تەڤگەری ئازادییش ئاماژە بەوەدەکەن، کە ئەوە کارێکی دوژمنکارانەیە و نابێتە هۆی وەستاندنی خەبات و تێکۆشانیان.

ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەردەم هۆڵی بۆنەکان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ئەندامانی ئەنجوومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگای کوردستان، سەبارەت بە هێرش و فشارەکانی هێزەکانی ئاسایش بۆ سەر بارەگا و ئەندامەکانیان و داخستنی بارەگاکەیان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، هاوڕێ جەبار هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە گەرمیان وتی: ماوەی پێنج ڕۆژە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە، هێرش و فشارێکی زۆر دەکرێتە سەر بنکە و بارەگاکانمان، بەبێ ئەوەی  تائێستا هیچ بەڵگە و نووسراوێکی یاساییان پێبێت، بەتایبەتی لە گەرمیان، بە هێزێکی زۆرەوە دێنە سەر ئێمە بە جۆرەها فشار و زەبر، تا دەستبەسەرکردنمان لەناو بارەگادا، دوای پێنج ڕۆژ لە خۆپاراستنمان ئەمڕۆ بە زۆر بارەگاکەیان پێ چۆڵکردین.

ئەوەشی وت: ئێمە ئەم بڕیارە بە بڕیاری دوژمنان هەڵدەسەنگێنین بەتایبەتی تورکیا، ترسی ئێمە لە دوای جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەوەیە، چونکە ئاماژەکان مەترسیدارن و دیار نییە پلانی داهاتووی داگیرکەران چی دەبێت لەسەر باشوری کوردستان.

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە وەکوو تەڤگەری ئازادی لە کار و خەبات و تێکۆشانی خۆمان بەردەوام دەبین بە ڕێ و ڕێبازی جیاواز، ئەم بڕیارە نابێتە هۆی وەستاندنی ئێمە، داوا لە سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی تر دەکەین، کە هەڵوێست وەرگرن سەبارەت بەم بڕیارە، چوونکە سەرئەنجام ئەمە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە، هاوکات نیشانی دەدات کە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئازاد نییە و کەوتۆتە ژێر سیاسەت و هەژموونی تورکیا و ئێرانەوە، بۆیە پێویستە ئێمە لەدەرەوەی دەسەڵاتەوە، هەژموونێکی بەهێز دروستبکەین.

ر.م