ئاگادارییەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ پشتیوانی ڕۆژئاوا
وەکچۆن پەروەردگار مۆڵەتی گردبوونەوەی نوێژی هەینی داوە، مۆڵەتی پشتیوانی ڕۆژئاواش لەلایەن ویژدانی بێداری مرۆییمان دەرچووە!
وەکچۆن پەروەردگار مۆڵەتی گردبوونەوەی نوێژی هەینی داوە، مۆڵەتی پشتیوانی ڕۆژئاواش لەلایەن ویژدانی بێداری مرۆییمان دەرچووە!
"داهێنانی کاری هاوپشتیی ڕۆژهەڵات لەگەڵ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" لە ئاگادارییەکدا بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕایانگەیاند، ئەمڕۆ دوای نوێژی هەینی لە هەموو شار و شارۆچکە و گوندەکان ناڕەزایی خۆیان دژی ڕژێمی داگیرکەری تورک دەردەبڕن.
لە سەرەتای ئاگادارییەکەدا هاتووە: "وەک دەزانن ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی فورات دەستیپێکرد و گیانی هەزاران ژن و منداڵ وخەڵکی سڤیل لەمەترسیدایە."
هەروەها ئەوەش هاتووە: "ئەردۆغان نەیتوانی لەڕێگەی داعش، گەلی قارەمانی ڕۆژئاوا شکست بدات، ئەمجارە خۆی ڕاستەوخۆ دەستبەکار بووە و دەیەوێت کاری نیوەناچڵی داعش تەواو بکات".
لە بەشێکی دیکەی ئاگادارییەکە ئاماژە بەوەش کراوە: "وەکچۆن گەلی ڕۆژهەڵات پێشتر لە ڕووداوەکانی کۆبانێ پشتیوانی ئاشکرای خۆی بۆ کۆبانێ لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاند، ئەمجارەش تووڕەیی خۆیان دژی هێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا نیشان بدەن".
لە هەمان ئاگاداریدا ڕوو لە مامۆستایانی مزگەوتەکانیش کراوە ئەوەیان وەبیر هێنراوەتەوە: "لەم ساتەوەختەدا پێویستە مامۆستایانی ئاینی ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و ئەوە بۆ گەل ڕوون بکەنەوە چۆن ئەردۆغانیست و جیهادییەکانی سەر بە ئەردۆغان چەمکە ئاینییەکان و خوێندنی سورەتی فەتح چەواشە دەکەن هەوڵ دەدەن هەستی ئاینی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بجوڵێنن، بەو شێوەیە پاساو بۆ هێرشە دڕندەییەکانی خۆیان بهێننەوە، بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئاینی بەشێکی وتاری هەینیان تەرخان بکەن بۆ ئەو مەبەستە".
لە هەمان ئاگاداریدا داوا لە گەل کراوە، دوای نوێژی هەینی و هاتنەدەرەوەیان لە مزگەوت، بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی لە گەلانی ڕۆژئاوا و شەرمەزارکردنی هێرشی تورک بۆ سەر ڕۆژئاوا، دەست بە گردبوونەوەکەیان بکەن.
ئەم ئاگادارییە تایبەت بە هیچ لایەن و هێزێکی سیاسی نییە و داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە کراوە بەشداری بکەن.
لە کۆتایی ئاگادارییەکەشدا هاتووە: "وەکچۆن پەروەردگار مۆڵەتی گردبوونەوەی نوێژی هەینی داوە، مۆڵەتی پشتیوانی ڕۆژئاواش لەلایەن ویژدانی بێداری مرۆییمان دەرچووە!"
ف.ق