كۆمیتهی ئازادیی ئۆجالان له ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودهوڵهتیی ١٥ی شوبات\٢٦ی ڕێبهندان-ی دژ به ڕێبهری گهلی كورد عهبدوڵا ئۆجالان، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه.
له بهیاننامهكهدا كه ئاراستهی ڕای گشتیی و تهواوی ئازادیخوازانی جیهان كراوه هاتووه: دەستگیرکردنی سەرکردە و بیرمەندی گەلی کورد، بەڕێز عهبدوڵڵا ئۆجالان، پێدەنێتە ساڵی بیستەمەوە. نۆزدەساڵ بەر لە ئێستا و لە رۆژی ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە پیلانگێڕییهكی نێودەوڵەتیدا، بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرکردەی مەزنی گەلی کورد، بەڕێز ئۆجالان لە وهڵاتی کینیا رفێندرا و تەسلیمی تورکیا کرایەوە. لەو کاتەوە هەتا ئەمڕۆ ئۆجالان لە زیندانی تاکەکەسیدا و لە بارودۆخێکی زۆر ناهەمواردا، ژیانی خۆی بهسهردهبات.
«دەوڵەتی داگیرکەری تورک و هاوپەیمانەکانی لەم پیلانگێڕییه گڵاوەدا، لەو باوەڕەدابوون کە بەدەستگیرکردنی ئۆجالان دەتوانن بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردمان لە باکووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان پاکتاو دەکەن. ئەوان لەم بڕیار و هەنگاوەیاندا کورتبین و هەڵەبوون، بزاڤی ئازادیی گەلی کوردستان، هێندەی دیكه پەرەی سەند و لە بوارەکانی سیاسی، هزری، چەکداری و رۆحی بەرخۆدانەوە گەشەسەندنی بەرچاو هاتنە ئاراوە. ئەمڕۆ مانیفێستی فیکر و فەلسەفەکانی ئۆجالان، لە زیندانی ئیمراڵی و ئەو نەخشەرێگه و چارەسەریانەی بۆ دۆزی کورد و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشی کردوون، نەک پیلانگێڕی مایەپووچ کرد، بەڵکو بزاڤ و شۆڕشی گەلی کوردی بەرەو قۆناغێکی ستراتیژی و پێشکەوتوو گواستەوە.»
كۆمیتهی ئازادیی ئۆجالان دهستنیشانی كرد: ئۆجالان بە تەنها کەسێک و سەرکردەیەک و بیرمەندێک نەبووه کە بتوانن دەستگیری بکەن و کۆتایی بە چرای بیرو رێبازەکەی بێنن، بەڵکو ئۆجالان قوتابخانە و رێباز و فەلەسەفەیەک بوو کە مەحاڵە بتوانن لاوازی بکەن.
ئاماژه بۆ ئهوهش كراوه، ئێستا رێباز و فەلسەفەی ئۆجالان بۆ تەواوی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوین بۆتە هیوا و ئیلهامبەخشی ئازادی، دادپەروەری و پێکەوەژیانی گەلان و لە تەواوی دونیادا پرشنگی داوەتەوە.
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان له درێژهی بهیاننامهكهدا ڕایگهیاند، كۆمیتهكهیان لە زۆربەی وهڵاتاندا کارایە و پتر لە ١٠ ملیۆن ئیمزایان بۆ ئازادیی ئۆجالان پێشکەشی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووه.
«ساڵانە دەیان هەزار مرۆڤی ئازادیخواز لەم یادەدا، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و داوای ئازادیی ئۆجالان دەکەن. دەیان پارێزەر و رێکخراوی نێونەتەوەیی، سەدان کەسایەتیی دونیا و میدیاکار و سیاسەتمەدار، داوای ئازادیی ئۆجالان دەکەن.»
له بهیاننامهكهی كۆمیتهی ئازادیی ئۆجالاندا هاتووه: خودی بەڕێز ئۆجالان باشترین و مرۆڤانەترین رۆلی هەبووە لە پرۆسەی ئاشتیدا و چەندین جار لەسەر داوای راستەوخۆی ئۆجالان شەڕ وەستاوە و پرۆسەی ئاشتی داواکراوە. سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەردهوامە لەسەر زیندانی کردنی ئۆجالان و پەیڕەوکردنی سیاسەتی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدانی دەروونی، بەرامبەر گەلی کوردیشمان لە باکوور سیاسەتی قڕکردن و کۆمەڵکوژی بەڕێوەدەبات.
«ئهمڕۆ و لەم ساتە وەختەدا، پارێزەرەکانی ئۆجالان بەردەوام داوای سەردانکردنی ئۆجالان دەخەنە بەردەم داواکاری گشتی، بەڵام بەردەوام لە ساڵی ٢٠١١ بەدواوە، ٧٢٦ جار داواکانیان رەتکراوەتەوە و رێگهی سەردانیکردنی ئۆجالانیان لێ گیراوە، ئەمەش جێگهی پەسەندکردن نیە و نیگەرانی و توڕەبوونی لای گەلەکەمان دروست کردووە و ئەمڕۆ زیاتر لە هەر رۆژێک سنووری خاوەنداریکردن لە ئۆجالان فراوانتر دەبێت و گەلەکەمان داوا لە کۆمیتەی ڕێگرتن له ئەشکەنجەدان-ی ئەورووپا (CPT) و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کۆتایی بەم رەوشە نایاساییە بێنن و کار بۆ ئازادیی ئۆجالان بکەن.»
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لە باشووری کوردستان، له درێژهی بهیاننامهكهیدا، دهستگیركردنی ئۆجالان شهرمهزار دهكات.
«پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی لە دژی سەرکردە و ڕابهر و بیرمەندی گەلەکەمان شەرمەزار دهكهین، داوا لە گەلی خۆمان دەکەین هەر رۆژە و زیاتر و راشکاوانەتر خاوەنداری لە ئۆجالانی خۆیان بکەن، هاوکات داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین چی دیکە درێژه بهو شەرمەزارییه نهدهن و وەک ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان کار بۆ ئازادکردنی ئۆجالان بکەن. هاوکات بە دەوڵەتی تورکیاش رادەگەیەنین، کە هەروەک چۆن لە ئۆپهراسیۆنە دۆڕاوەکانی خۆیدا، جگە لە شکست و مایەپووچی، هیچی بەدەست نەهیناوە، ئاواش به بەردەوام بوونی گۆشەگیری و زیندانی کردنی ئۆجالان و سەرکردەکانی دیکەی باکووری کوردستان، جگە لە نەهامەتی بۆ گەلانی تورکیا هیچی دیکە ناچنێتەوە.»
کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان له كۆتایی بهیاننامهكهیدا، سڵاوی خۆی ئاراستەی بەرخودانی عەفرین و خۆڕاگریی گەلی قارەمانی خۆرئاوای کوردستان دەکات. لهگهڵ ئهوهشدا گەرمترین سڵاوی خۆی ئاراستەی زیندانیانی سیاسی، هاوسەرۆک و ئەندامانی هەدەپە دەکات لە زیندانەکانی تورکیای فاشیست. كۆمیتهكه ئەو رژێمە دڵنیا دەکاتەوە کە گەلی کوردمان بەردەوام دەبێت لەسەر خەبات و بەرخۆدانی خۆی.
كۆمیتهی ئازادیی ئۆجالان ڕاشیگهیاند: باشترین رێگه و بژاردە لەبەردەم تورکیا، گەڕانەوەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستان، تەنها لە سایەی ئاشتی و گفتوگۆدا کێشە، ململانێ و خوێنڕشتن کۆتایی دێت.
ش. م