'ئۆجالان دەتوانێت هەموو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات'

پەرلەمانتاری هەدەپەی ئیدر حەبیب ئەکسیک ئاماژەی بەوەکرد، ئاکەپە بە سیاسەتی شەڕ ناتوانێت لە تورکیا دیموکراسی بەدی بهێنێت و وتی، تورکیا لە ئاستی نێونەتەوەیدا بە بنبەست گەیشتووە و و ئەوەشی بتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات ئۆجالانە.

لە ئەنجامی چالاکیی مانگرتن لە خواردن، کە بە پێشەنگایەتیی هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی جولەمێرگ لەیلا گیوڤەن دەستیپێکرد و بە هەمو زیندانەکانی وڵات دا بڵاوبوویەوە. دوای ٨ ساڵ پارێزەرەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢ی گوڵان چوون و چاویان پێیکەوت. دواتر پارێزەران لە ٢٢ی گوڵان، ١٢ و ١٨ی حوزەیران بە گشتی ٤ جار چاوپێکەتنیان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدا، بەڵام لە دوای چاوپێکەوتنی ١٨ی حوزەیران، هەمو داواکارییەکان بۆ چاوپێکەوتنی ئۆجالان بە بەهانەی جیا جیا ڕەت کراونەتەوە.

'پێشێلکاری لە دژی ئۆجالان بەردەوامە'

حەبیت ئەکسیک پەرلەمانتاری ئیدری پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) رایگەیاند، گۆشەگیرییەکی قورس لە ئیمراڵی هەیە و سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی چاوپێکەوتنی پارێزەران وتی: قورکردنی گۆشەگیری لەسەر بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان پارچەیەکی پیسی ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە و مەهەپەیە. گەلی کورد بە بەرخۆدانێکی بێ وێنە ئاکەپەی ناچار کرد، کە هەنگاوێک پاشگەز ببێتەوە. بە بەرخۆدانی مانگرتوان بەرپرسانی حکومەت ناچاربوون هاتن و وتیان، پارێزەران و بنەماڵەکەى دەتوانن بچنە سەردانی عەبدوڵا ئۆجالان و چاوپێکەوتنی لەگەڵ بکەن. لە دوای ١٨ی حوزەیران ئاکەپە بینیی، کە بەڕێز ئۆجالان بە فیکری خۆی کاریگەریی لەسەر تەواوی جیهان هەیە و دەرکەوتنەکان و لێدوانەکانى یەک بە یەک بڵاو دەبێتەوە، لەبەر ئەوە دیسان هەموو سەردانەکانیان وەستاند و گۆشەگیری بەردەوامی پێدەدەن. پێشێلکاری لە دژی ئۆجالان بەردەوامە. بەهانەی ڕەتکردنەوەی سەردانەکان هێچ پەیوەندیی بە سزاکەییەوە نییە. ٢٠ ساڵە لە ئیمراڵی هەموو جۆرە پێشێلکارییەکی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت."

'ئۆجالان دەتوانێت هەمو کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات'

ئەکسیک باسی لەوەشکرد، ئەگەر حکومەتی ئاکەپە بەردەوام بێت لە گۆشەگیری ئەو بەردەوامبوونە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئاکەپە و وتی" گەلی کورد گۆشەگیری قبوڵ ناکات. گۆشەگیری لە دژی دیموکراسییە و هەمیشە وڵات بەرەو ئاڵۆزی دەبات. گەلی کورد و تورک بە هیچ شێوەیەک ئەو زوڵمە و ئەو پێشێلکارییە قبوڵ ناکەن. سیاسەتی فاشیزمی ئاکەپە ناتوانێت دیموکراسی لە تورکیا پێش بخات. هیچ کەس ناتوانێت داوای ئاشتی و دیموکراتیی گەلی کورد بە نەبوو بزانێت. ئەمڕۆ تورکیا وەکو دەوڵەت ڕووخاوە و کێشە گرینگەکانی بزرکردووە. ئەوەی بتوانێت ئەمە چارەسەر بکات بەڕێز ئۆجالانە. تەنها ئۆجالان دەتوانێت هەموو کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات. بەڕێز ئۆجالان  ٧ خاڵی بۆ ئارامی و پێشکەوتنی دیموکراتی تورکیا هەیە. بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ٢٠ ساڵە لە ئیمراڵی دایە، بەڵام بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشنیازی هەیە. ڕێگای ئۆجالان ڕێگای ئارامی و یەکسانییە. بۆیە پێویستە دەمودەست گۆشەگیری ڕابگیرێت و واز لە پێشێلکارییەکان بهێنن".

'ڕێگای سێیەمین ڕێکەوتنی دیموکراتیە'

ئەکسیک وتیشی "ئێمە دەزانین کە فکر و بیری ئۆجالان بۆ چارەسەریی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرینگن. بەڕێز ئۆجالان سەرباری هەمو هەلومەرجە قورسەکان ماوەی ٢٠ ساڵە بۆ ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان تێدەکۆشێت. ئەو خاڵانەی بەڕێز ئۆجالان دەستنیشانیکردووە لە بەرژەوەندیی ئەم خاکەدایە. هیچ کاتێک حکومەتی تورکیا لە ئۆجالان تێنەگەیشتووە و بەمشێوازە بیرکردنەوەیان ناتوانن لە ئۆجالان تێبگەن. ئێمە ڕێگای سێیەمین و ڕێگای ئازادی ئەم وڵاتەین. لە هەڵبژاردنەکان ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێکی سیاسی ڕێکەوتنمان نەکرد، ئێمە لەگەڵ میللەت ڕێکەوتنمان کرد. ڕێگای سێیەمین هیچ کاتێک ناهێڵێ ئاکەپە سیاسەتی شەڕ بەردەوام بکات و هەموکات وەکو قەڵغانێک لەبەردەمی دەوەستێت. ئاکەپە، مەهەپە و جەهەپە ناچارن بێنە سەر ڕێگای چارەسەری و گوێ لە دەنگی گەلان بگرن. بۆ ئەمەش بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری ڕێگای سێیەمین دەکات. ڕێگای سێیەم ڕێگای دیموکراسی و ڕێککەوتنی دیموکراسییە. ڕێگای سێیەمین ڕێکەوتنی x و y نییە. ڕێگای سێیەمین ڕێککەوتنی گەلانە."

'ئۆجالان بە زمانی ئاشتی و ئارامی دەدوێت'

ئەکسیک وتیشی" کاتێک دەرگای ئیمراڵی دەکرێتەوە ئارامی و ئاشتی لەسەر ئەم خاکە دەدوێت و چیتر خوێن ناڕێژرێت. دەزانین ملیۆنان مرۆڤ بە هیوای وتەیەکی ئۆجالانە و حکومەتی تورکیاش بە ساڵانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی هەڵە و چەوت بەڕێوە دەبات. بەڕێز ئۆجالان لە هەمو شوێنێک ئەم سیاسەتە هەڵەیە ڕەخنە دەکات و ڕێگای چارەسەری پێشنیاز دەکات. مێژوو شایەتی ئەوە دەدات، کە وتەیەکی ئۆجالان  چۆن دەتوانێت ئەم خوێنڕشتنە ڕابگرێت. ئۆجالان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. بە ملیۆنان مرۆڤ بە هیوای وشەیەکی ئۆجالانە. کاتێک دەرگای ئیمراڵی دادەخرێت ئێمە دەبینین خوێن چۆن خوێن دەرژرێت و هەر دێت شەڕ فراوان تر دەبێت."

ژ.ت