حاجی ڕەمەزان مەحمود کە گوندەکەیان لە باشوری کوردستانە، لەبەر ئەوەی لە لایەن ڕژێمی بەعسی ئەو سەردەمەوە سوتێنرابوو لە گوندێکی تر ژیان بەسەر دەبات. مەحمود باسی لەوە کرد، ئێستاش دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکە هێرش دەکاتە سەر گوندەکەیان.
حاجی ڕمەزان مەحمود ڕاشیگەیاند، بۆ ئەوەی لەدژی دوژمن شەڕ بکەن و خۆیان بپارێزن بوونە پێشمەرگە و وتی: "ئیمە نامانەوێت لە دژی خوشک و براکانمان شەڕ بکەین. برایەکەم پێشمەرگەیە، برایەکی دیکەشم گەریلایە. ئەوانە چۆن شەڕ بکەن، چۆن یەکتری بکوژن؟ تورکیش ئەوەی دەوێت. گوندنشینەکانمان هان دەدەن. پێشتر زۆرمان بەدەستیانەوە چەشتووە. هۆشمان هاتەوە سەر خۆمان، زۆر ئەزموونمان لێ وەرگرتن و زۆر ئازارمان چەشت".
حاجی ڕەمەزان مەحود ئەوەشی وت، دەوڵەتی تورک زیاتر لە ٣٠ ساڵە چیاکان بۆردومان دەکات، هەموو ڕۆژێک لەگەڵ دەنگی بۆردومان دەژین و وتی: "زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەڵێن، پەکەکەیان تەواو کردووە، لەکوێ تەواو بووە، کێ تەواوی کردووە؟ پەکەکە ڕۆژبەرۆژ گەورەتر دەبێت، بەهێزتر دەبێت. لەبەر ئەوەی نەیانتوانی کۆتایی بە پەکەکە بێنن هێرش دەکەنە سەر ئێمە. جاران چیاکانیان بۆردومان دەکرد، ئێستا گوندەکان بۆردومان دەکەن. پەکەکە وای کرد گەل ڕاستییەکان ببینێت. لە شەنگال، لە کۆبانێ، هەموو کەسێک ئەوەی بینی. ئەگەر بەهۆی پەکەکە نەبوایە شەنگال چۆن پاک دەکرایەوە؟ ئەگەر پەکەکە نەبوایە کۆبانێ ڕزگار نەدەکرا. گەلی باشوور ئاگاداری ئەوەیە. ئەوان یەکێتیی کوردیان خوڵقاند".
'سەرکەوتن بە یەکێتی کورد بەدی دێت'
پێشمەرگەیەکی تەمەن ٢٥ ساڵ بەهۆی دۆخی ئەمنیى ناوچەکەیانەوە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت و وتی: "لە ساڵی ١٩٩٧ لە دژی پەکەکە شەڕمان کرد. چیمان دەستکەوت؟ شتێکمان لەو شەڕە دەست نەکەوت. لەدژی یەکێتیش شەڕمان کرد، لە دژی پەکەکە شەڕمان کرد. شتێک نەبوو، سەرنەکەوتین. کورد کەوتنە گیانی یەک و لە یەکتریان کوشت. کێشەیەک چارەسەر نەبوو، هێشتا شەنگالمان لەبیر نەکردووە. دەستبەرداری شەنگال بووین. گەریلا هات، پێکەوە شەڕمان کرد. کورد یەکیگرت. دوای ئەوەی کورد یەکیگرت سەرکەوتین. پێشمەرگە ئەوەی لەبیر نەکردووە، بەڵام ناتوانن هیچ بکەن. ناتوانن بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆن، بۆ ڕادیۆیەک یان ڕۆژنامەیەک قسە بکەن. ئەو پێشمەرگانەی کە ڕاستی دەڵێن، لە کار دووردەخرێنەوە، مافەکانیان لێ زەوت دەکەن و دەیانگرن. وەکو تورکیامان لێهاتووە، بەڵام یەکێتی کورد ڕزگار دەکات. نابینە بکوژی یەکتر، دەبێت کورد ئیتر خیانەت نەکات".
ژ.ت