ئێمە لەبەرامبەر سەدام شەڕمان کرد لەبەرامبەر ئەردۆغانیش شەڕ دەکەین

پێشمەرگەی دێرین محەمەد ئەمین، چەندین ساڵ پیش ئێستا لە چیاکانی قەندیل دژ بە هێزەکانی سەدام حوسێن شەڕی کردووە، دەڵێت "ئەمڕۆش ئامادەم کە لەبەرامبەرهێزەکانی تورکیای داگیرکەر شەڕ بکەم."

دەوڵەتی تورکیا، بۆئەوەی داگیرکاریی خۆی لە باشووری کوردستان بەرفراوانتر بکات، بەردەوامی بە هێرشەکانی خۆی دەدات. لە بەرامبەر ئەو هێرشانەش گەلی باشووری کوردستان بە چالاکیە جۆربەجۆرەکان بەرپەرچی دەوڵەتی تورکیا دەدەنەوە. یەک لەو چالاکیانەش، چالاکی قەڵغانی زیندووە کە ماوەی ٢٠ ڕۆژە لە بناری قەندیل بەردەوامە.

ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگە دێرینەکان چوونە سەردانی چالاکوانان. یەک لەو پێشمەرگە دێرینانەش محەمەد ئەمینە کە دەڵێت "ئێمە پشتیوانی لەم تێکۆشانە بە شکۆیە دەکەین. ئێمە پێکەوە دژ بە هەوڵدانەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشانی خۆمان بەردەوامیی پێ دەدەین."

"ئێمە قەندیلمان لە سەدام کردە دۆزەخ، ئێمە قەندیل لە چەتەکانی ئەردۆغانیش دەکەینە دۆزەخ"

محەمەد ئەمین جەختی لەوە کردەوە کە داگیرکەران هەمیشە خەون و خەیاڵی داگیرکردنی کوردستانیان هەبووە و دەیانەوێت دەستکەوتەکانی کورد لەناو ببەن، بەڵام هیچ جار سەرکەوتوو نەبوون و دەڵێت "سەدام حوسێنیش دەیویست چیاکانی کوردستان داگیر بکات، بەڵام نەیتوانی، ئێمە چیاکانی کوردستانمان لە سەدام حسێن کردە دۆزەخ، ئێمە چیاکانی کوردستان لە چەتەکانی ئەردۆغانیش دەکەینە دۆزەخ."

وتیشی "هەندێک پارتی سیاسی لە باشووری کوردستان، لەبەر بەرژەوەندی تەسکی حزبی خۆیان، لەگەڵ دوژمن کەوتوونەتە ناو پەیوەندیەکی چەپەڵەوە. سەریان لەبەردەم دوژمندا دانەواندووە. ئەو دەستکەوتانەیان نەپاراست کە لە قۆناغی ڕاپەڕیندا بەدەست هاتوون، بەڵکو ڕادەستی سیاسەتەکانی دوژمن بوون. ئێستاش خاوەنی ئیرادەی ئازاد نین. دەرگای ئەوان لەدەستی داگیرکەراندایە. ئەم هەوڵدانانەی کە ئێستا دەیانەوێت کوردستان داگیر بکەن، بەهۆی ئەو سیاسەتە داگیرکاریەی ئەوانەوەیە. ویستیان کۆتایی بەو گیانی نەتەوەیی و وڵاتپارێزییە بهێنن کە لەناو کۆمەڵگادا هەیە. ئێستاش ئەوەی کە گیانی وڵاتپارێزیی و یەکێتیی نەتەوەیی دەپارێزێت پەکەکەیە. پارتی دیموکراتی کوردستان 'پەدەکە' لە بەرامبەر هەوڵدانە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیادا لەناو هەڵەدایە. دەبێت ئەم هەوڵدانانە قەبوڵ نەکەن و لەبەرامبەریدا بوەستنەوە".

'ئازادی کوردستان پێکەوە دەپارێزرێت'

پێشمەرگەی دێرین محەمەد ئەمین، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەوڵدانانەی دەوڵەتی تورکیا بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستانە و وتیشی "بۆ پاراستنی خاک و چیاکانی کوردستان دەبێت تەواوی گەلەکەمان بە چەکی خۆیەوە ڕازێنرابێتەوە و دژ بەو هەوڵدانانەی داگیرکاریی بەرخۆدان بکات. بانگی من بۆ هەموو گەلی باشووری کوردستانە. من بۆ خۆشم ئامادەم کە لە بەرامبەری داگیرکاریی کوردستاندا شەڕ بکەم. کەس ناتوانێت بۆ بەرژەوەندیە تاکە کەسیەکانی خۆی، خاکی کوردستان پێشکەش بە داگیرکەران بکات."

ک-ش