ئەرتان: لە وان باری نائاسایی هەیە

بەدیعە ئوزگوکچە ئەرتان هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی شارەوانیەکانی هەدەپە و هێرشەکانی دژی خۆی ڕایگەیاند، لە وان باری نائاسایی هەیە.

بەدیعە ئوزگوکچە ئەرتان هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان بەشداری لە ٧مین پێشانگای کتێبی ئامەد کرد و سیاسەتی قەیومی ڕژێمی ئاکەپە – مەهەپەی شیکردەوە.

ئەرتان ڕایگەیاند، سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی دەسەڵات تێکچووە و ئیتر ناتوانێت ولات بەرێوەببات.

ئەرتان وتی، "بە تایبەتی لە ڕۆژی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی و تا ئێستا مافەکانیان پێشێلدەکرین و گەلانی تورکیا لە هیچ سەردەمێکدا ئەوەندە زیانیان پێنەگەیشتووە."

هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ئاماژەی بەوەدا، "بە تایبەتی لەم چەند سالەی دواییدا ماف و داواکاری سیاسەتی گەلی کورد پێشێلدەکرێت و ئەو شتەی لە ١٩ی ئابدا/ ٢٨ی گەلاوێژ ئەنجامدرا بەیاساییکردنی بڕیارنامەی باری نائاسایی یە. لەدژی دەستووری بنەڕەتیە و بە شێوەیەکی زۆر خراب بەکارهێنراوە و بەو رێگەیە مافی هەڵبژاردنیان لە دەستی گەلی کورد دەرهێناوە و دەستیان لە مافی خۆبەڕێوەبردنی گەل وەرداوە."

'گەلی کورد ئەم زوڵمە قبوڵ ناکات'

ئەرتان ڕاشیگەیاند، ئەوانەی دەنگیان بە پارتەکەیان داوە و ئەوانەی دەنگیشیان پێنەداوە، ئەم ناحەقیە قبوڵناکەن و وتی، "مافە دیموکراتەکان بۆ وەرگرتنەوەی مافەکان لە ئێستادا هەمووی زەوتکراوە. هەر کەسێک ناڕەزایی نیشان بدات، دەستگیر و ئەشکەنجە دەکرێت. لە هەموو دەڤەرێکی تورکیا، دۆخەکە بەم شێوەیەیە."

هاوسەرۆکی گەورەشارەوانی وان ئەوەی خستەڕوو، "ئەوەی لە کەسایەتی ئێمەدا بینرا، ویژدانی دەنگدەران و دوارۆژی ئەوان و داواکاری خۆبەرێوەبەرایەتی ئەوان بوو. گەلەکەمان لە ٣١ی ئازار دا/١١ی خاکەلیوە بە درووشمی 'قەیوممان ناوێت' چوونە سەر سندوقوکانی دەنگدان و لەگەڵ ئەو هەموو بانگەشەیە، دەستگیرکردنی پەرلەمانتار و هاوسەرۆکی شارەوانیەکان، لەگەڵ ئەو هەموو کارە تێکدەریە، گەلەکەمان وتی، 'ئێمە ئەم کەسانە هەڵدەبژێرین'. ئەوەش پەیامێکی زۆر گرنگ بوو. بەو هۆیەوە ئەو دەستوەردانەی حکومەت لەدژی کەسایەتی ئێمە نییە، بەڵکو لەدژی ئیرادەی گەلە.

ئەرتان لەبارەی هێرشی پۆلیسی ئاکەپەوە لە وان ڕایگەیاند، لە وان زیاتر لە سێ ساڵە باری نائاسایی هەیە. ئاستەنگ و گەمارۆ هەیە. ئەمەش بە بڕیاری پارێزگار و بە بیانووی 'ئاسایش' دەکرێت. واتە ئێستا لە وان باری نائاسایی هەیە. لەبەر ئەوەی لە هەموو جێگەیەک چالاکی، لێدوانی ڕۆژنامەنووسی و خۆپیشاندان قەدەغەیە. بەڵام ئەمانە بۆ هەندێک بەشی کۆمەڵگا قەدەغەکراوە و وتی، "لەگەڵ ئەو هەموو پێشێلکاریەش، گەل لەگەڵ ئێمەدایە."

ف.ق