موراد قهرهیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتیی كرێكارانی كوردستان - پەکەکە، دەربارەی هێرشی داگیرکاری، بهرخۆدانی شەڕڤانان و گەل، هەروەها چالاکییەکانی خاوەنداری کردن لە عەفرین بۆ ئاژانسی هەواڵی فرات قسەی کرد.
قهرهیلان، لە دەستپێکی قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر دانیشتنەکانی ئاستانە و وتی: ئەو هێرش و پەلامارەی دەوڵەتی توركیای کۆمەڵکوژ و داگیرکەر، ئەنجامی دانیشتنەکانی ئاستانایە و بە پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ڕووسیا ئەنجام دەدرێت. دیارە لە بەرانبەر پێدانی بەشێک لە ئیدلب بە ڕژێمی سووریا و ڕووسیا و هێندێک سات و سەودای ئابووریی دیکە، ڕێگە بە تورکیا دراوە کە هێرش بکات و کوردی ئازادیخواز تەنگاو بکەن و بیانخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە. چهند هێزی هەرێمیش بەشدارییان لەو ڕێککەوتنەدا کردووە. دەکرێ لە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا کە ئهمهریكا ڕێبەرایەتی دەکات، چهند دهوڵهت هەبن کە ئەو کارەیان بەلاوە پەسەند نەبوو بێت، بەڵام چهند دهوڵێك بە گوتنی «ئێمە کارێکمان لەدەست نایە» یان بە گوتنی «عەفرین لە دەرەوەی پاراستنی ئێمەیە»، ئەو هێرشە دڕندانەیان پەسەند کردووە. ئەوەی لێرەدا ڕوون و ئاشکرایە ئەوەیە هێرشی دەسەڵاتداری فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، پشتئهستووره به گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی.
پێویسته هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی، نهبێته هاوبەشی سیاسهتی لهناوبردن
ئێمە نامانەوێ نە ڕووسیا و نە هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی هێرشی دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەلی کورد بکات. تورکیا، هەر کوردێکی ئازادیخواز بە تیرۆریست دەزانێ و سیاسەتی قڕکردنی کوردان بۆ خۆی بە ڕەوا دەزانێ. پێویستە کەس بەشداری لەو سیاسەتەدا نەکات. چاوەڕوانی گەلی کورد لە ڕووسیا و هێزە نێودەولەتییهكانی دیكهش ئەوەیە. عەفرین، شوێنی هەرە ئارامی سووریایە، بێ هەڵوێستی لایەنەکان بەمانای بەشداری کردنە لە سیاسەتی کۆمەڵکوژی و کارێکی نامرۆڤانەیە.
دیارە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان، چاوەڕوانی بەرخۆدانێكی وهها نەبوون
قهرهیلان ئاماژهی بۆ بهرخۆدانی ڕۆڵهكانی گهل و شهڕڤانانی یهپهژه و یهپهگه كرد و وتی: دیارە کە هێزە نێودەوڵەتییەکان، چاوەڕوانی وەها بەرخۆدانێكیان نەدەکرد. ئەوان پێیان وابوو دەوڵەتی تورکیا به ٣ ڕۆژ یان هەفتەیەک عەفرین داگیر دەکات. باوەڕیان بە درۆکانی ئەردۆغان کردبوو. بەڵام ئەوە بۆتە ٣ هەفتە و ئەو بەرخۆدانە هەموو کەسی تووشی شۆک کردووە. ئەو بەرخۆدانه، حیسابی لایەنەکانی سەروبن کرد. زۆر هێز لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیاندا لە هەوڵی گۆڕینی سیاسەتەکانیان دان. مومکین نییە کە ویژدانی مرۆڤایەتی لە بهرانبهر ئەو بەرخۆدانه کە وەکوو هاواری مرۆڤایهتییه لە دژی فاشیزم و زۆرداری، بێدەنگ بێت.
ئەردۆغان سهركێشی پڕوپاگەندەی درۆیە
دەربارەی ئەو بەرخۆدانە هاوچەرخە، پڕوپاگەندەی دەوڵەتی تورکیا لە ڕاستیەوە دوورن. سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٩ ڕۆژ، بەلام سوپای تورکیا و چەتەکانی قاعیدە نەیانتوانیوە بەرەو پێش بچن. سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو تهكنهلۆژیای شەڕه، ئهو شوێنهی کە زۆرترین پێشڕەوییان تێدا كردووه ٥ کیلۆمەترە. ئەوە دەرخەری ئەوەیە لە بەرامبەریاندا بەرخۆدانێك هەیە. بۆ نموونه زۆر دەربارەی چیای بوورسایا قسەیان كرد. لەنێوان چیاکە و چەتەکانی ئاکەپەدا تەنیا ١٥٠ مەتر هەبوو. ئەوان بە ٩ ڕۆژ نەیانتوانی لهو ١٥٠ مەترە پێشڕەوی بکەن. ئەوەی ئێستاش باسی لێ دەکەن كه: «ئێمە گەیشتینە عەفرین و هێندەی نەماوە داگیری بکەین»، ئەو ١٥٠ مەترە پێشڕەوییەیە.
ژمارەی کوژراوەکانیان لە ڕای گشتیی تورکیا دەشارنەوە
قهرهیلان، ئاماژە بۆ هەژماری کوژراوەکانی سوپای تورکیا و قاعیدە دهكات و دهڵێت: لە شەڕی ٢-٣ ڕۆژدا لە مهیدانی شێخۆرز، ژمارەی کوژراوانی قاعیدە گەیشتووەتە ٣٥٠ چەتە، هەروەها دەگوترێ کە ژمارەی کوژراوانی سوپای تورکیاش نیزیکەی ٢٠٠ سهربازه. بەڵام ئەوانە لە ڕای گشتیی تورکیا دەشارنەوە. لەڕاستیدا ڕاگەیەنراوەکانی سوپای تورکیا، مرۆڤ بهپێکەنین دێنن. سوپایەکی شەڕکەر، ئەوهندە درۆ ناکات و کۆمەڵگە فریو نادات. هەستاون دەڵێن ژمارەی کوژراوانی یەپەگە ٩٩٩یە، بەڵام ئێمە لە سەرچاوەکانی یەپەگەوە دەزانین کە ژمارەی شەهیدان نەبوونەتە ١٠٠یش. سوپای تورکیا بەو درۆیانە دەیەوێ خۆی سەرکەوتوو پیشان بدات، بەڵام ڕاستی شتێکی دیکەیە.
بەرخۆدانی عەفرین مێژوویهكی نوێ دهنووسێتهوه
قهرهیلان له درێژهی قسهكانیدا وتی: به كورتی ئاكهپه، حكوومهتهكهی ئهردۆغان و مێدیاکانی تورکیا ههتا له دهستیان بێ ههوڵ دهدهن شكستی سوپای توركیا بشارنهوه، بەڵام له ڕاستیدا ئەردۆغان و قاعیدە شكستیان هێناوه. سەرەڕای ئەو هەموو تهكنهلۆژیایهش، یەپەگە/یەپەژە، ڕۆژانە گورزی قورسیان لێدەدەن. چەندەی زیاتر بچنە پێشێ زیاتر لە زەلکاودا نغرۆ دەبن. تاکتیکی شەڕی یەپەگە، بێ وێنەیە و دەتوانێ ڕۆژ بە ڕۆژ ئاستی شەڕ بەرز بکاتەوە. هەر بۆیە لە کەسێتی یەپەگە/یەپەژەدا، عەفرین مێژوویەکی نوێ دهنووسێتهوه و لە مێژووی شەڕیشدا، قۆناغێکی نوێی خوڵقاندووە. بەو بەرخۆدانە دەڵێن «بەرخۆدانی سەردەم». ئەوە ناوێكی زۆر گونجاوە. واته لە بهرانبهر تهكنهلۆژیای هەرە پێشکەوتووی ئەم سەردەمە، جارێکی دیکەش ئیرادەی مرۆڤەکان سەرکەوتووترە.
دەوڵەتی تورکیا دەیەوێ هەرێمێكی ٥-٦ کیلۆمەتری لەسەر سنوورەکان داگیر بكات و سهوداكاری پێوه بكات
موردا قهرهیلان، باسی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیای قڕكهری كرد دەربارەی منبج و وتی: هێشتا نەکەوتوونەتە عەفرینەوە، کە بێن و باسی منبج-یش بکەن. ئەگەر پێیان دەکرێ با لە پێشدا عەفرین داگیر بکەن، دواتر لەسەر منبج-یش قسە بکەن. سوپایەک کە سەرەڕای بوونی جۆرەها چەکی پێشکەوتوو توانایی نییە چەند کیلۆمەتر لە سنوور داگیر بکات، دیارە ئەوەی دەربارەی منبج دەیڵێت، تەنیا درۆ و خۆهەڵکێشانە. ئێستا لەسەر سنوور لە ٤ - ٥ شوێن بەرەی شەڕیان کردۆتەوە و دەیانەوێ ئەو بەرانە تێکەڵ بکەنەوە و بەو جۆرە لە ٥ – ٦ کیلۆمەتری سنوور هەرێمێکی تامپۆن درووست بکەن و هەر کە ئەوەی کرد بڵێ من سەرکەوتم، دواتریش لێی دهرنهچێت و سهودا و مامهڵهی پێوه بكات.
تێکشکاندنی هێرشەکانی سەر عەفرین، ڕێ بۆ قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە
لە کەسێتی عەفریندا ئەو هێرشە لە دژی شۆڕشی ڕۆژاوا و لە دژی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان و دەسکەوتەکانی گەلی کوردە. تێکشکاندنی ئەو هێرشانە هەم بۆ گەلی کورد، هەم بۆ گەلانی تورکیا و هەمیش بۆ گەلانی هەرێمەکە، دهستپێكی قۆناغێكی نوێ و لەناوبردنی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپەیه و ڕێ لە بەردەم دێمۆکراتیزەکردنی هەرێمەکە دەکاتەوە.
بهشداربوونێكی گرینگ له ههڵمهتی سهرتاسهریدا ههیه
بەرخۆدانی عەفرین بۆتە بەرخۆدانێکی گرینگی شۆڕشگێڕی. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە گەلی ئێمە بەتایبەتی کوردستانیانی ههندهران و هەموو بەشەکانی کوردستان، بە چالاکیی جیاجیا پشتیوانیی بەرخۆدانی گەلی عەفرین بوون. من لێرەوە سپاس و پێزانینی خۆم پێشکەش دەکەم. بە تایبەتی لە باشووری کوردستان و بەشەکانی دیكهش ئەو پشتیوانییە ڕۆحییەتێکی نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە و لە ئاستێکی بەرزدا پشتیوانی دەکرێت کە ئەوە زۆر گرینگە. دەبێ ئەو یەکگرتنە ببێتە پلاتفۆڕمی یەکێتیی نەتەوەیی. گرینگە ببێتە بناغەیەک بۆ پتەوکردنی یەکێتیی نەتەوەیی. هیوادارم ئەو هەوڵدانانە زیاتر بکرێن.
هەڵوێستی گەلی عەفرین، بەرهەمێکی هێژای مرۆڤایەتییە
بەر لە هەر شتێک سڵاوی خۆم ئاراستەی گەلی خۆم لە عەفرین دەکەم و سەری ڕێز بۆ شەهیدانی سیڤیل و شەڕڤانان دادەنهوێنم. لە کەسایەتی ئاڤێستا خابوور، بارین کۆبانێ، عەدنان، ماهیر و خەباتهكاندا بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەمەوە و هیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازم. ئەو هەڵوێستەی گەلی عەفرین یەکێک لە شانازییەکانی مرۆڤایەتییە. خاوەنی یەکێتی، ئیرادە، قارەمانێتی و فیداکارییەکی زۆر گەورەن. پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەو بەرخۆدانە هەموو ڕێکخراو، تاک و لایەن پشتیوانی لەو بەرخۆدانە بکەن و بە خۆڕێکخستن و ئامادەکاری زیاترەوە ببنە وەڵامدەرەوەی ئەو هێرشانە و گرینگە کە گەلی پێشەنگ ئەو هەوڵانە بەڕێكخراوی بکەن.
قهرهیلان، ڕوو له گەلی عەفرین وتی: پێویستە گەلی ئێمە لە عەفرین بزانێ کە بە تەنیا نییە. تەواوەتی گەلی کوردستان، گەلی دۆست و هێزە ئینتهرناسیۆنالیستهكانی لەگەڵە. ئەو بەرخۆدانە به پاڵپشتی هەموو گەلانی ئازادیخواز سەردەکەوێ. دەبێ گەلی ئێمە بە تێگەیشتن لەو بەرخۆدانە شەڕافەتمەندانەیە خۆی زیاتر ڕێكخات و بەردەوام بێت لە بەرخۆدان.
گەلی خۆڕاگری عەفرین، چاوەڕوانی لاوانی بە شەڕەفە
موراد قهرهیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند: دەمەوێ لە کۆتاییدا چەند شتێک بۆ گەنجانی کوردستان بڵێم. لە ڕاپۆرتی پێشنیازکراوی هەڤاڵێکی گەنجدا ئاوا گوترابوو؛ «گەلی عەفرینی قارەمان کە بە فیداکارییەکی گەورەوە بەرخۆدان دەکات، چاوەڕوانی شەڕڤانانی بە شەڕەفی خۆیەتی.» گرینگە هەموو لاوانی کوردستان باش لەو قسەیە تێبگەن. گەلی عەفرین کە لە دڵەوە بە ئیرادەی خۆی قارەمانانە لە بهرانبهر داگیرکاری وهستاوهتهوه، چاوەڕوانی لاوانی بە شەڕەفە. پێویسته گەنجان لە هەر شوێنێکی کوردستان ئەو بانگە ببیستن و ببینن. پێویستە هەموو کەس خۆی ساز بكات و بەشداری لە بەرخۆدانی عەفرین بکات.
ش. م