"ئەگەر لە هەر چوارپارچەى کوردستاندا چوار کورد بمێنێت بەرخۆدان دەکەین"

مام مەعروفى تەمەن ٨٠ ساڵ لە دواى کیمیابارانکردنی هەڵەبجە چووەتە بنارى قەندیل ولەوێ نیشتەجێ بووە. کارەسات و بەرخۆدانەکان بە شێعرەکانى دەردەبڕێت. توڕەیە لە داگیرکردنى عەفرین ودەڵێت "ئەگەر لەهەرچوارپارچەى کوردستان تەنها چوار کورد بمێنێت، ئێمە بەرخۆدان دەکەین

 

مام مەعروف هەموو ئازار و توڕەیى و سەربەرزیى خۆى بە شێعر دەردەبڕێت. شێعرەکانى نانووسێت و هەموویانی لە مێشکى خۆیدا هەڵگرتووە.

پاڵەوان و قارەمانەکان خۆڕاگرەکانى مێژووى کوردستان، کە چوونەتە کاروانى نەمرانەوە، هەموو کات یادیان دەکرێتەوە. هەندێکیان بوونەتە گۆرانى و شێعر و هەندێکیشیان کتێبیان لەسەر نوسراوە. کۆمەڵکوژییەکان و بەرخۆدانەکانیش لە یاد نەکراون. ئەمڕۆ لە کەسایەتیى عەفریندا ئەوە دەبینرێت، کە بەرخۆدان ژیانە.

ئێمە چووین بۆ سەردانى مام مەعروف، کە بە باشى لە کارەسات و بەرخۆدان تێدەگات. مام مەعروف لە ماڵەکەى خۆیدا بە زەردەخەنەوە پێشوازیى لێکردین. سەرەتا لەسەر دۆخى عەفرین و ئاستى هێرش و کۆمەڵکوژی و بەرخۆدان لە عەفرین پرسیاری لێکردین، ئێمەش ئەوەى دەمازانى بۆمان باسکرد. وتى "کورد بە کوشتن کۆتایى پێنایەت".

"هەرگیز بێ ئومێد نەبووم"

مام مەعروف، کە ئێستا تەمەنى ٨٠ ساڵە. لە دواى کۆمەڵکوژییەکەى هەڵەبجە لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕوویان لە قەندیل کردووە و تیایدا نیشتەجێ بوون. مام مەعروف ئەو کۆمەڵکوژیەیى بە چاوى خۆى بینیوە. بۆ ئەوەش بە شێعر ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ منداڵان و هەموو تەمەنە جیاوازەکان و لە هەموو شوێنێکدا، دەردەبڕێت. 

مام مەعروف دەڵێت "تەمەنم ٨٠ ساڵە. بە درێژایى ئەم تەمەنە کۆمەڵکوژی و بەرخۆدانم بینیوە. پێشتر ویستان بە بۆنى سێو (چەکى کیمیایى) کوردان لەناو ببەن، بەڵام لەناو نەچوو. ئێستاش دەیانەوێت لەعەفرینەوە دەست پێ بکەن و کۆتایى بە کورد بهێنن، بەڵام من هەرگیز نائومێد نەبووم و نائومێدیش نابم. بۆ ئەوەى هەموو کات کۆمەڵکوژییەکان و هەروەها بەرخۆدانەکانم لە بیر نەچێت، شێعر دەڵیم".

لە دڵمدان

ئێمە کامێراکەمان دادەگیرسێنین و داواى لێدەکەین چەند شێعرێکمان بۆ بخوێنێتەوە. چاوەڕێ دەکەین دەفتەری شێعرەکەى بهێنێت و دەست بکات بە خوێندنەوەى شێعرەکانى، بەڵام بە زەردەخەوە پێمان دەڵێت "من شێعرەکانم نانووسم. ئەوەى بە چاو و دڵ دەیان بینم و هەستیان پێدەکەم، لە مێشکى خۆمدا دەیانەخشێنم، چونکە خۆم لە نزیکەوە لەگەڵ ئەو ئازار و بەرخۆدانانەدا دەژیم و لە ناخەوە هەستم پێکردوون، شێعرەکانیشیان هەرگیز لە بیرم ناچنەوە".

ر.م