باهۆز ئەرداڵ ئەندامى فەرماندەیى بڕیارگەی ناوەندیى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) میوانى بەرنامەی تایبەتی ستێرک تیڤی بوو.
گەریلا ٣٥ ساڵە شەڕ لە دژی دەوڵەتى تورک دەکات
ئەرداڵ رایگەیاند، شەڕی کوردستان بۆ گەریلا شتێکى نوێ نییە، چونکە گەریلا ٣٥ ساڵە شەڕ لە دژی دەوڵەتى تورک دەکات. لەبەر ئەوەش گەریلا، سوپاى تورک، شێوەی کاری هەواڵگرییەکەى و ئەو تەکنەلۆژیایەى بەکاری دەهێنێت زۆر باشی دەناسێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جوگرافیایەى کە گەریلا شەڕی تیادا دەکات زۆر بە باشی دەیناسێت و خاوەن ئەزموونێکى گەورەیە لە شەڕدا، بۆیە گەریلاکانى ئازادیى کوردستان بە ئەزموونی شەڕی ٣٥ ساڵە ئەوەى سەلماندووە، کە لە بەرامبەر دەوڵەتى تورک دا تێکناشێک، بەڵکو بە پێچەوانەوە سەرکەوتنى گەورەى بەدەستهێناوە.
ئەرداڵ راشیگەیاند، گەریلاکانى کوردستان پێویستیان بەوە نییە بەشێوەیەکى جیاوازتر خۆیان بسەلمێنن، چونکە ئەزموونى شەڕی ٣٥ ساڵە لە بەرچاوە. لەم ٢ ساڵەدا ئەردۆغان لە تورکیا هەموو شتێکى خستووەتە خزمەتى شەڕەوە. لە پێش هەموویانەوە میدیا و راگەیاندنەکانى خستووەتە خزمەتى ئەو شەڕەوە، چونکە راگەیاندنەکانیان جگە لە شەڕ باسی هیچی تر ناکەن. لە راگەیاندنەوە تاوەکو ئابووری، لە رێکخراوە مەدەنییەکانەوە تاوەکو وەرزش و مزگەوتى خستووەتە خزمەتى شەڕ و لە دژی گەریلا و گەلەکەمان وەک چەکێک بەکاریان دەهێنێت.
خەون و پلانى ئەردۆغان بۆ پاکتاوکردن و سڕینەوەى کوردانە
باهۆز ئەرداڵ فەرماندەى هەپەگە باسی ئەوەشیکرد، شەڕی نێوان گەریلا و دەوڵەتى تورک تاوەکو ساڵی ٢٠١٤ شەڕێکى کۆنترۆڵکراو بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥ەوە دەوڵەتى تورک بە سەرکێشیى ئەردۆغان دەستیکردووە بە شەڕێکى هەمەلایەنە و هەموو توانا و هێزی خۆی لە دژی گەریلا بەکاردەهێنێت، چونکە ئەردۆغان پلانى ئەوەى هەبوو لە ماوەی ٢ ساڵدا و لە رێگەى تەکنەلۆژیاوە لە باکوور دا کۆتایى بە گەریلا بهێنێت. هاوکات بە پشتیوانیى هەندێک هێزى سیاسیى باشووری کوردستان هێرشی کردە سەر باشووری کوردستانیش. لە رۆژئاواى کوردستانیش بۆ ئەوەى شۆڕش پاکتاو بکات دەستیکردووە بە هێرش و داگیرکەری. ئەردۆغان دەیخواست لە دواى سەرکەوتن لەو هێرش و پلانانەیدا خۆی لە سوریا، عێراق و سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لە سنوورێکى بەرفراواندا بسەپێنێت.
بەڵام گەلەکەمان لە هەڵبژاردندا پێى وت "ئێوە دەتوانن دەستگیر و زیندانیمان بکەن، دەتوانن گوند و شارەکانمان خاپوور بکەن، بەڵام ئێوە هەرگیز ناتوانن ئیرادەى ئێمە تێکبشکێنن". گەریلای ئازادیى کوردستانیش قارەمانانە لە دژی تەکنەلۆژیای سەربازیى دەوڵەتى تورک شەڕی ئەنجامدا. لەبەر ئەوەش پلانە چەپەڵەکەى دەوڵەتى تورک سەروبن بوو. لەبەر ئەوەشە ئەردۆغان بەرامبەر بە گەلی کورد هار بووە و هێرش لە دوای هێرش ئەنجام دەدات.
بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیا شەڕ لە دژی گەریلا دەکەن
باهۆز ئەرداڵ ئەوەشی وت "بێگومان ئەو شەڕەى کە ئێستا لە کوردستان ئەنجام دەدرێت، شەڕێکى ئاسایى و باو نییە. سوپاى تورکیا بە پێشکەوتوترین تەکنەلۆژیای سەردەم و سەربازی شەڕ لە دژی گەریلا ئەنجام دەدات، بەڵام گەریلاکانى ئازادیى کوردستان خاوەن ئیرادەى پۆڵاینن و هەموو رۆژێک لە خۆنوێکردنەوەدان و خاوەنی شێواز و تاکتیک و تەکنیکى ئافرێنەرانەن. گەریلا بەو تایبەتمەندییانەوە پلان و حساباتەکانیانى تێکداوە. هەر چۆن لە شەڕی ٣٥ ساڵەدا گورزی قورسیان لە سوپاى تورکیا داوە و رێگایان نەدا هیچ یەک لە پلان و حساباتەکانیان بۆ بچێتەسەر، ئێستاش رێگا نادەن ئەو پلان وحساباتانەیان بۆ بچێتە سەر".
رێبەر ئاپۆ لە سەختترین سەنگەری تێکۆشاندایە
فەرماندە ئەرداڵ لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتى "لەم شەڕەدا قورسترین و دژوارترین و گەورەترین هێرشەکان لە دژی عەبدوڵا ئۆجالان ریبەری گەلی کورد بەرێوەدەچن. بۆیە لە سەختترین سەنگەری تێکۆشاندایە و بە بەهێزی و چڕی لە بەرگری و بەرخوداندایە. گەریلا خاوەنی چەکە و لە چیا ئازادەکانى کوردستاندا شەڕ لە دژی دوژمن دەکات. گەلەکەشمان پێکەوە کۆدەبنەوە و لە تێکۆشاندان، بەڵام رێبەر ئاپۆ تەنها خۆی لە دوورگەى ئیمراڵی لە دژی تیرۆری دەوڵەت لە تێکۆشانێکى مێژوویی و بێ هاوتادایە".
ئەرداڵ ئەوەشى وت "یەکێک لە ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتییەکانى دەوڵەتى تورک ئەوەیە، کە پەیوەندیى نێوان ئۆجالان و گەل و بزووتنەوەى ئازادی بپچڕێنێت و پارچە پارچەیان بکات بۆ ئەوەى ئاسانتر هێرش بکاتە سەر گەل و گەریلا، بەڵام ئەوە ماوەی ٣ ساڵە بە کردەوە ئەوە سەلمێنراوە، کە گەل و بزووتنەوەکەمان لە یەک دانابڕێن و لەسەر رێباز و رێگای فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بە پێداگرییەوە رێدەکەن و هەرگیز لەم تێکۆشانەدا سازش ناکەن، بۆیە وەک گەریلاکانى ئازادیى کوردستان دەمانەوێت بە گەشەدان و پێشخستنى خۆمان، دەستى رێبەر ئاپۆ بەهێز بکەین. گەلەکەشمان و هەموو کەسیک دەتوانێت لە شوێنى خۆیەوە لە تێکۆشاندا بێت. بەو شێوەیە دەتوانین خاوەنداری لە هێڵی رێبەر ئاپۆ بکەین".
هەندێک هێز لە باشوور بۆ بەرژەوەندیى شەخسی هاوکاریى دەوڵەتى تورک دەکەن
باهۆز ئەرداڵ فەرماندەى بڕیارگەى ناوەندیى هەپەگە لە بەشێکى تری قسەکانیدا ئاماژەى بە نزیکایەتیى هەندێک لە هێزەکانى باشووری کوردستان کرد و وتی "ئەگەر دەوڵەتى تورک تاوەکو ئێستاش پێداگری لە شەڕی پاکتاوکردن و سڕینەوەدا دەکات و ئومێدی بە بەردەوامیى ئەو شەڕە هەیە، هۆکارەکەى بۆ هیوا و پشتبەستنیەتی بە هەندێک هێزى سیاسیى باشووری کوردستان".
وتیشی "هەندێک هێزی سیاسی لە باشووری کوردستان دەڵێن 'ئەردۆغان دوژمنی کوردان و باکووری کوردستان نییە، تەنها دوژمنی پەکەکەیە و شەڕ لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورکدایە. نزیکایەتى و رەفتاری ئەردۆغان بۆ کوردانى باکوور باشە. هەر بۆ کوردانى باشوور زۆر باشە. کێشەکە لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتى تورک دایە'. ئەوانەى ئەو قسانە دەکەن، یان تێنگەیشتوون یان بە ئەنقەست ئەو قسانە دەکەن و بەو شێوەیە دەجوڵێنەوە. ئەگەر بە ئەنقەست وا دەکەن، ئەوا پێیان دەڵێین، شەریک و هاوبەشی دوژمنن. نزیکایەتیى ئەردۆغان بەرامبەر بە کورد سەد جار خراپترە لە نزیکایەتییەکانى تانسو چیلەر و زۆر زیاتر دوژمنایەتیى کوردان دەکات.
دوژمنایەتیى ئەردۆغان لە دژی کوردان زۆر زیاترە لە دوژمنایەتییەکەى چیلەر، ئاغار و گیورەش
ئەردۆغان لە نزیکایەتییەکانیدا بەرامبەر بە بەهاکانى کوردان و تاوەکو تیرۆرکردنی گەلەکان لە باکوورەوە لەوێوە بۆ باشوور و لەوێشەوە بۆ رۆژئاوا، زۆر زیاتر لە چیلەر، ئاغار و محەمەد گیورەش دوژمنایەتى لە دژی کورد ئەنجام دەدات. پێویستە هەموو کەسێک لەو راستییە تێبگات. دەبێت پێش هەموانیش گەلەکەمان لە باشوروی کوردستان و هێزە سیاسییەکانى باشوور لەو راستییە تێبگەن و بیبینن".
باهۆز ئەرداڵ ئەوەشى وت "ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتیى دەوڵەتى تورک ئەوەیە کورد لەسەر دەستى کورد پاکتاو بکات. لەبەر ئەوەش پێویستە گەلەکەمان لە باشووری کوردستان یارییە سیاسییە چەپەڵەکانى ئەردۆغان و دەوڵەتى تورک لەسەر باشووری کوردستان ببینن و هێزە سیاسییەکانیش لەوە تێبگەن. دەوڵەتى تورک نایەویت هێزە سیاسییەکانى باشوور بەهێز ببن. ئەوە لە کاتى هێرشی داعش و لە کاتى ئەنجامدانى ریفراندۆم دا زۆر بە ئاشکرا دیار بوو".
پەکەکە لە دژوارترین کاتدا خاوەنداریى لە گەلی باشووری کرد
ئەرداڵ باسی ئەوەشیکرد، هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک بۆ داگیرکردنى باشووری کوردستان زۆر مەترسیدارە. زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان ئاگاداری ئەو دۆخە مەترسیدارە نین و هەندێک هێزیش لە پێناو بەرژەوەندیى خۆیاندا لە پەیوەندیدان بەو دۆخە مەترسیدارەوە.
ئەرداڵ ئەوەشى خستەڕوو "دەوڵەتى تورک بچێتە هەر شوێنێک لەو شوێنەدا ناکشێتەوە. پەکەکە مەترسی نییە بۆ سەر باشووری کوردستان، بە پێچەوانەوە پەکەکە لە دژوارترین کاتدا خاوەنداریى لە باشووری کوردستان کرد. ئەو راستییە لە شەنگال و مەخموردا بینرا. تاکە مەترسی و گەورەترین مەترسی لەسەر باشوروی کوردستان و هەموو پارچەکانى کوردستان دەوڵەتى تورکە. ئەگەر کۆتایى بە دوژمنایەتیى دەوڵەتى تورک و ئەردۆغان لە دژی کورد بهێنرێت، دەوڵەتەکانى تر بەو شێوەیە لە کورد نزیک نابنەوە.
دوارۆژی ئازاد بۆ کوردستان بە یەکێتیى نەتەوەیى دێتەدی
ئێمە ئەوە بە هێزە سیاسییەکانى باشوور دەڵێین: دوارۆژی ئازاد بۆ کوردستان بە یەکێتیى نەتەوەیى دێتە دی. دەکرێت بۆچوونە سیاسییەکانیان جیاواز بێت، ئەوە پێویستییەکى دیموکراسییە".
تاوەکو داگیرکەری لە کوردستان هەبێت بەرخودانیش بەردەوام دەبێت
باهۆز ئەرداڵ فەرماندەی بڕیارگەى ناوەندیى هەپەگە ئەوەشى راگەیاند "دەوڵەتى تورک دەیەوێت مێژووی کوردان بە تەواوی بسڕێتەوە. دوژمنێکى بەو جۆرەمان لە بەردەمدایە، لە دوای ئەو هەموو شەهید و تێکۆشانە کە داومانە، باشە تەسلیم بین؟ باشە خۆمان بێچارە بکەین؟ ئەوانە هەرگیز و بە هیچ شێوەیەک نابن. لەبەر ئەوەش دەبێت گەلەکەمان خۆی بۆ تێکۆشانی درێژخایەن و قورس ئامادە بکات. تاوەکو لە کوردستان داگیرکەری هەبێت ئەوە بەرخودانیش بەردەوام دەبێت. تاوەکو دەوڵەتى تورک هەوڵ بدات داگیرکارى و پاکتاو و سڕینەوە ئەنجام بدات ئەوە گەریلا لە دژی لە تێکۆشاندا دەبێت.
هەروەها تاوەکو هێرشی پاکتاوکاری بۆ سڕینەوەى رۆشنبیری بەردەوامیى هەبێت، ئەوە گەلەکەمان خۆڕاگری و بەرخودان دەکات. ئەو تێکۆشانە بەبێ ئازار و باج دان نابێت. گەلەکەمان تاوەکو ئێستا هەقی ئەو تێکۆشانەى داوە و لە ئێستاش بە دواوە ئامادەیە باجی بۆ بدات. دەبێت ئێمە هەموومان هیواکانى دوژمن لە دژی کورد تێکبشکێنین. دەوڵەتی تورک هەر چۆن تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کۆتایى بە گەلی کورد بهێنێت، لە ئێستاش بە داوە هەرگیز ناتوانێت کۆتایى پێ بهێنێت. پێویستە ئێمە ئەو راستییە بۆ دوژمن بسەلمێنین.
کات کاتی تێکۆشان و شەڕە
لەبەر ئەوەش ئێمە خۆمان بۆ تێکۆشانێکى گەورە ئامادە دەکەین. هەر چۆن گەریلا تاوەکو ئێستا خۆڕاگریى کردووە و خاوەنداریى لە ئامانجەکانى گەلەکەمان کردووە، لە ئێستاش بە دواوە هەر ئەو کارە دەکات. هەروەها گەریلا بە ئەندازەى پێویست خاوەنی هێز و توانا و لێهاتووییە بۆ ئەو بەرەنگارییە. ئێمە ناڵێین ئەوە سبەى روودەدات، بەڵکو تاوەکو دەوڵەت ماف و ئازادیى ئێمە قبوڵ نەکات ئەو تێکۆشانە بەردەوامیى دەبێت.
ئەو تێکۆشانە تاوەکو کوێ و تاوەکو کەی پێویست بێت، بەردەوامیى دەبێت، بۆیە ئێمە خۆمان هەڵناخەڵەتینین. گەریلا لە هەموو کات زیاتر بە ئیدعا و پێداگرە. سیاسەتى ئەردۆغان و دەوڵەتى تورک لە دژی گەلی کورد روونە. تەنانەت ناتوانن جەردەوانەکانیش قبوڵ بکەن، چونکە دەیانەوێت جەردەوانەکان سوکایەتى بە کوردبوون بکەن.
ئەو کوردەى ئازار و سوکایەتیى بەرامبەر بە کوردبوون بکات و نفرەت لە کوردستان بکات، بۆ ماوەیەک لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە گرنگیى پێدەدرێت، چونکە ئەوان کوردێکیان دەوێت کە سوکایەتی بە کوردبوون بکات و نفرەت لە کوردستان بکات. بۆیە کات کاتی شەڕ و تێکۆانە. لەبەر ئەوەش لە کوردستان قۆناغی تێکۆشان و بەرخودان بەڕێوەدەچێت و بەردەوامیى دەبێت. بە پێشەنگایەتیى گەریلا قەت چالاکی کۆتایى پێنایەت و چالاکیى زیاتریش ئەنجام دەدرێن".
گەلەکەمان بێ ئەڵتەرناتیڤ نییە
ئەرداڵ ئەوەى بەبیر خستەوە "مێژوو بەبێ شەڕ و بە ئاسانى تێنەپەڕیوە. شەڕ هەموو کات قورسە. بە داخەوە لە شەڕدا مردن هەیە. دوژمن ئەو شەڕەى بەسەرماندا سەپاندووە. دەڵێت 'یان ئێوە دەبنە کۆیلەى من، یان ئەوەتا دەبێت بمرن'. رێگایەکى تر قبوڵ ناکات. ئێمەش بە دوژمن دەڵێین 'ئێمە نە کۆیلەیەتى قبوڵ دەکەین و نەک وەک پێشتر لاوازین. رەنگە ئێوە هەندێک لە ئێمە بکوژن، بەڵام ئەو باجەى کە دەبێت ئێوە بەم گەلی بدەن زۆر لەوە قورسترە، چونکە ئێستا گەلەکەمان هێزی هەیە و ناونیشانی گەنجانیش دیارە.
دەبێت هەموو مرۆڤیکی کورد ئەوە بزانێت، دەوڵەتى تورک دوژمنی کوردانە و دەیەوێت کۆتایى بە کورد بهێنێت. کوردان هیچ هیوایەکیان بە دەوڵەتى تورک نییە. رۆڵەکانى کورد داهاتوویان لە ناو دەوڵەتى تورک دا نییە. جگە لە کۆمەڵکوژی، پاکتاوکردن و سڕینەوەى رۆشنبیری و لەناوبردن هیچی تر بۆ کورد لە ناو دەوڵەتی تورک دا نییە. جگە لەوانە هیچی تر لە گۆڕێ نییە کە دەوڵەتى تورک بە کوردی بدات. لەبەر ئەوەش کورد بێ ئەڵتەرناتیڤ نییە. گەلی کورد ناچاری دەوڵەتی تورک نییە. دەوڵەت هێشتا جگە لە مردن و کۆیلەیەتى هیچ دەرفەتێکى تری بە کورد نەداوە. دەبێت گەلی کورد لە رووی رۆحی و تێگەیشتن و ئاوەزەوە خۆی لەو عەقڵییەت و کۆت و بەندی دەوڵەتى تورک رزگار بکات تاوەکو بە ئازادی بژی".
ر.م