بایک: تورکیا زۆر تەنگاو بووە بۆیە رێگای بە چاوپێکەوتن دا – ١ -

جەمیل بایک هاوسەرۆکی کەجەکە سەرنجی خستەسەر "هۆکارە سیاسییەکانی" لێدوانەکان لەبارەى ئاگرکەوتنەوە لە ئیمراڵی  و وتی "زۆر تەنگابووبوون، بۆیە ناچار بوون رێگا بە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن بدەن".


جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەرێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رۆژی دووشەممە میوانی "بەرنامەى تایبەت"ی کەناڵی ئاسمانیى ستێرک تیڤی بوو و شیکاریى بۆ رووداوەکانى ئەمدواییەى کوردستان، تورکیا و رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کرد.

 - لە کاتێکدا لە ئیمراڵی گۆشەگیریی رەها سەپێنراوە، بەرپرسانی دەوڵەتى تورک بەشێوەیەکى نابەرپرسانە و ناجدییانە لێدوانیان دا و وتیان، بەم زستانە لە دارستانەکانى ئیمراڵی ئاگر کەوتووەتەوە!. گەلی کورد و دۆستەکانی لە سەرتاسەری جیهان ناڕەزایەتییان نیشاندا و داوایانکرد، بنەماڵە بڕۆن بۆ ئیمراڵی و لە رێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە ئاگاداری بەدەست بهێنن. دواى ناڕەزایەتییەکانی گەل دەوڵەت ناچاربوو بنەماڵە بنێرێت بۆ ئیمراڵی، ئێوە لێکدانەوەتان بۆ ئەو دۆخە چییە؟

بایک: پێش ئەوەى وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، دەمەوێت بڵێم، دایە بەدیعە سەڤگات کۆچی دوایى کردوو. ئەو دایکی هەموومان بوو. دایکی هەڤاڵ محەمەد سەڤگات ئەندامی کۆمیتەى ناوەندەیی پەکەکە بوو. لەم رێگەیەوە بە بۆنەى کۆچی دوایى دایە بەدیعە سەڤگاتەوە من سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزمانی هەڤاڵ محەمەد سەڤگات دەکەم. راستە دەوڵەتى تورک لێدوانێکى دا و ئەو لێدوانە جدی نەبوو. ئەوەش راستیى دەوڵەتى تورک دەسەلمێنێت. دەوڵەتى تورک هەموو سیاسەتەکانى چ سیاسەتى ناوخۆ و چ سیاسەتى دەرەوە لەسەر دژایەتیکردنی گەلی کورد بەڕێوەدەبات، بۆیە گەلی کورد بۆ تورکیا زۆر گرنگە. کێشەى کورد و کوردستان بۆ تورکیا بووەتە هۆی داڕشتنی سیاسەتى ناوخۆ و دەرەوە. لەبەر ئەوەش چۆن لە سیاسەتى دەوڵەتى تورک دا کێشەى کورد کێشەى ناوەندی و سەرەکییە، لە کێشەى کوردیشدا ریبەر ئاپۆ ناوەندەکەیە. پێشتریش وتبومان، نزیکبوونەوە و رەفتار لەگەڵ رێبەر ئاپۆ نزیکایەتى و رەفتارە لەگەڵ گەلی کورد، نزیکایەتییە لە هێزە دیموکراسییەکان و دیموکراسییە، چونکە رێبەر ئاپۆ رێبەری تەنها گەلێک نییە، راستە رێبەری گەلی کوردە، بەڵام زۆرێک لە گەلان بە رێبەری خۆیانی دەزانن و ئەوەش بە ئاشکرا دەڵێن، بۆیە نزیکایەتى و رەفتار بەرامبەر بە رێبەر ئاپۆ بە تەواوەتی سیاسییە. یانی بە شێوەى حقوقی و یاسایى لە رێبەر ئاپۆ نزیک نابنەوە. داواى ئەنجامدانى چاوپێکەوتن یان ئەنجام نەدانى چاوپێکەوتن بە تەواوی بەپێى سیاسەتى تورکیا ئەنجام دەدرێت. بۆیە بە تەواوەتی سیاسییە. لەبارەى ئیمراڵی و رێبەر ئاپۆوە هەر هەنگاوێک بنێن لە ژێر ئەو هەنگاوەیاندا ئامانجێکی سیاسیی هەیە. یانی ئەگەر لە ئیمراڵی ئاگریان خستەوە، هۆکارەکەى سیاسییە. ئەوە رێککەوت نییە.  هەموو کەسێک دەزانێت ئیمراڵی لە هەموو لایەکەوە لە ژێر کۆنترۆڵی ٢٤ کاتژمێریدایە. ناوچەیەکى سەربازییە و کەس ناتوانێت لێی نزیک بێتەوە. یانی ناوچەیەکى قەدەغەکراوە. لە شوێنێکى لەو شێوەیەدا و لە زستاندا ئاگر بکەوێتەوە مرۆڤ دەزانێت کە لە ژێر ئەوەدا هەندێک ئامانجی سیاسیی هەیە. سولەیمان سۆیلو بۆ ئەو لێدوانەى دا و وتی لە ئیمراڵی ئاگر کەوتووەتەوە؟ یانی خواستیان رێبەر ئاپۆ تاقی بکەنەوە، یان پەکەکە تاقی بکەنەوە، یان گەلی کورد تاقی بکەنەوە؟ ئێمە ئەوە نازانین، بەڵام حسابێکى سیاسییان هەیە، بۆیە ئەو ئاگرەیان خستەوە. دیسانەوە ئەوەیان لە تەلەفزیۆن و بۆ هەموان وت و کاتێک وتیان لە ئیمراڵی ئاگر کەوتووەتەوە گەلەکەمان لە سەرتاسەری دونیادا راپەڕی و چوونە سەر شەقامەکان و خاوەندارییان لە رێبەرەکەى خۆیان کرد، چونکە رێبەر ئاپۆ بۆ گەلی کورد هەموو شتێکە. چیی دەستکەوتووە رێبەر ئاپۆ دەستیخستووە. یانی نزیکایەتیى گەلی کورد نەک وەک نزیکایەتییە لە کەسێکى تر. رێبەر ئاپۆ تایەتمەندیی بۆ گەلی کورد و مرۆڤایەتى هەیە. بۆیە گەلی کورد کاتێک ئەو زانیارییەی بیست هەڵوێستى نواند. خاوەنداریی لە رێبەرەکەى خۆیان کرد و هەموو کەسێکیان هۆشیار کردەوە. بەو بۆنەیەوە من پیرۆزبایى لە گەلەکەمان دەکەم. ئەگەر دەوڵەتى تورک دواى چەند مانگ جارێکیتر رێگای بە چاوپێکەوتن لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دا، مومکینە لەوەدا حسابی سیاسیی هەبێت. چونکە گەلی کورد راپەڕێن و لە هەموو شوێنێکدا وتیان، ئێمە ناتوانین ئەوە قبوڵ بکەین. ئێمە دەمانەوێت بە خێرایی ئاگایی لە رێبەرمانەوە بە دەست بخەین. بۆ ئەوەش وتیان، ئێمە هەموو شتێک لەبەرچاو دەگرین، پێویستە هەموو کەس ئەوە بزانێت. کاتێک گەل هەڵوێستى خۆی نیشاندا و هەروەها دەوڵەتى تورک بە کاتێکی زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت و زۆر تەنگاو بووە، بۆیە ئەوانە بوونە هۆی ئەوە ناچار بێت رێگا بە بنەماڵە بدات بڕۆن بۆ ئیمراڵی و ئەو چاوپێکەوتنە ئەنجام بدەن.

 - ئێمە دەمانەوێت هەندێکیش لەبارەى ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکەوە گفتوگۆ بکەین. محەمەد ئۆجالان برای رێبەر ئۆجالان پرسیاری ئەوەى کردبوو "من جارێکیتر دەتوانم بێمەوە بۆ چاوپێکەوتن؟" رێبەر ئاپۆش لە وەڵامدا وتبووی، هەموو شتێک پەیوەندیی بە تێکۆشانەوە هەیە. گۆشەگیریش پەیوەندیی بە تێکۆشانەوە هەیە. ئەگەر ئێوە خۆڕاگری بکەن، تێکۆشانەکەى ئێوە گۆشەگیری لادەبات و چارەسەری بەدی دەهێنێت. ئەگەر وا نەبێت ئەوا گۆشەگیری بەردەوامیی دەبێت و خۆێنش دەڕژێت. ئەوە چ مانایەکی هەیە؟

بایک: ئەو گۆشەگیرییەی بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە و پێداگریش لەسەر بەردەوامیدان بەو گۆشەگیرییە دەکەن، هۆکارەکەى بۆ کێشەى کورد و کێشەى دیموکراسی دەگەڕێتەوە. سیاسەتى گۆشەگیری سیاسەتى قڕکردنە بەرامبەر بە گەلی کورد، چونکە ئەو سیاسەتە بەڕێوەدەبرێت، بۆیە ئەو گۆشەگیرییە بەسەر رێبەر ئاپۆدا بەرێوەدەچێت. ئەوەى سیاسەتى قڕکردن بەرێوەببات هێرشیش دەکاتە سەر هێزە دیموکراسییەکان. ئەگەر ئەمڕۆ لە تورکیا هێرش دەکرێتە سەر هێزە دیموکراسى و ئازادییەکان، لە دژی فاشیزم هێرش ئەنجام دەدرێت، گرتن روودەدات، ئەشکەنجە دەکرێت، رێگری لە خۆدەربڕینى گەل دەکرێت، رێگری لە رادەربڕین و بۆچوونی هێزە دیموکراسییەکان دەکرێت، هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیاسەتى قڕکردن بەسەر گەلی کورددا بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەش ئەو سیاسەتانە لە دژی گەلی تورکیا، هێزە دیموکراسی و ئازادییەکانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. لە ماوەکانى رابردووشدا و ئێستاش ئەوە بە باشی روونکراوەتەوە و سەلمێنراوە، کە گۆشەگیری و دیموکراسی پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە. ئەوە بە باشی خرایەڕوو و هەموو کەسیش ئەوەی بینی. یانی لەبەر ئەوەى گۆشەگیری بەسەر رێبەر ئاپۆدا سەپێنراوە، بەسەر گەلی کورددا سیاسەتى قڕکردن بەڕێوەدەبرێت و هێرشیش دەکرێتە سەر هێزە دیموکراسییەکان. لەبەر ئەوەش بەرەنگاربوونەوە لە دژی گۆشەگیری، هەستانەوە و راپەڕینە لە دژی قڕکردن، راپەڕینە لە دژی ئەو سیاسەتەى کە دژایەتیى هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان دەکات. ئەگەر گۆشەگیری تێکشکێنرا ئەوا ئەو کاتە سیاسەتى دەوڵەتى تورک لە دژی گەلی کورد، هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان لە تورکیا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت. تاوەکو گۆشەگیری تێکنەشکێنرێت، هەرگیز دەستبەرداری ئەو سیاسەتەى ئێستا لە دژی گەلی کورد و لە دژی هێزە دیموکراسییەکانى هەموو تورکیا نابن و بەردەوامی بەو سیاسەتە دەدەن. لەبەر ئەوەش رێبەر ئاپۆ چیی وت؟ وتی، کێشەکە من نیم. من ئەو کێشەیەشم دروست نەکردووە. کێشەى کوردیش کێشەى دیموکراسییە و دەوڵەتى تورک خۆی دروستیکردووە. ئەوان گەلی کورد و کۆمەڵگەى کورد قبوڵ ناکەن و دەیانەوێت لە ناوی ببەن و بیسڕنەوە. ئەوانە بۆ تورکیا هێزی دیموکراسییان ناوێت و دیموکراسیشیان ناوێت. لە دژی ئەو هێزە و لە دژی دیموکراسی دەوەستنەوە. من خواستم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەم. ئەوان کێشەکەیان دروستکردوو و رووبەڕووی منیان کردەوە، منیش خواستم چارەسەریان بکەم. لەبەر ئەوە کێشەکە من نیم. پێویستە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، ئەگەر چارەسەر کرا گۆشەگیریش نامێنێت. گۆشەگیریی سەر من بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە من خاوەنداریم لەو کێشانە کرد و خواستم چارەسەریان بکەم، بەڵام ئەوان گۆشەگیرییان بەسەر مندا سەپاند، منیان خستە زیندانى ئیمراڵی، تابوتی ئیمراڵی، ئەوە هۆکارەکەیەتى. یانی لەبەر ئەوەیە، کە رێبەر ئاپۆ بە براکەى وت، بۆ من هیچ مەکەن. هیچ شتێک نییە کە بۆ منی بکەن، ئەگەر ئێوە  دەیکەن بۆ خۆتانی بکەن. با گەلی کورد بۆ ئازادیى خۆی تێبکۆشێت. با هێزە دیموکراسی و ئازادییەکان لە تورکیا بۆ دیموکراسی تێبکۆشن. ئەگەر ئەو تێکۆشانە بەڕێوەبرا لەو کاتەدا خۆی لە خۆیدا گۆشەگیری مانای نامێنێت و تێکدەشکێت. لەبەر ئەوە وتی، ئێوە چی دەکەن بۆ خۆتانی بکەن. ئێوە بۆ خۆتان شتی زۆر ناکەن، ئێوە دەڵێن، بۆ من شت دەکەن. ئەوە شاردنەوەى لاوازیی و ناتێکۆشانی خۆتانە. وتی، من ئەوە قبوڵ ناکەم. هەموو کەسێک دەزانێت رێبەر ئاپۆ هەرگیز ساتێک بۆ خۆی نەژیاوە. داواى هیچی بۆ خۆی نەکردووە. هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەت گەلی کورد، گەلانى تورکیا و مرۆڤایەتى. خستییە خزمەتى هەموو ئازادی و دیموکراسی. ژیانێک، کە خزمەت بە ئازادی و دیموکراسی نەکات، خزمەت بە گەلان نەکات هەرگیز بە ژیانی نەزانیوە. ئەوەى لە خۆی حەرامکردبوو. وتی، پێویستە هەموو کەسێک ژیانێک، کە خزمەتى ئازادی و دیموکراسی نەکات لە خۆی حەرام بکات. وتی، ئێوە لە ژیانێکى ئازاد و دیموکراسیدا ناژین. بە تایبەتی بۆ کورد وتی، سیاسەتى قڕکردن بەسەر کورددا بەڕێوەدەبەن و هەموو رۆژێک کورد دەکوژن. ئەوە بۆ کوردان مردنە. ژیان لەوەدا نییە، ئێوە ناتوانن ئەو مردنە قبوڵ بکەن. لەبەر ئەوەش پێویستە ئێوە لە دژی ئەوە بوەستنەوە و تێبکۆشن. کاتێک ئێوە بۆ ئەوە تێکۆشان، لە تورکیاش هێزە دیموکراسییەکان بۆ دیموکراسی تێکۆشان لەو کاتەدا ئەو سیاسەتەى لە کەسایەتیى مندا بەسەر ئێوەدا بەڕێوەدەبرێت، کۆتایى پێدێت و نامێنێت. لەو کاتەدا ئازادی و دیموکراسی بەدی دێت. هۆکاری ئەو قسەیەی بۆ براکەى کردویەتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە.

کاتێک ئۆجالان هەڵوێستی خۆی لە ئیمڕالی ئاشکرا دەکات دەڵێت، 'من خاوەن هەڵوێستێکم کە لە ٢٠١٩ بەهێزترە'. ئەوە بە چ واتایەک دێت؟

لە ساڵی ٢٠١٩دا لەدژی گۆشەگیری هەم گەلی کورد، هەم هێزە دیموکراسەکانی ئازادی لە تورکیا، هەم دۆستەکانی کورد لە ناوخۆ لە دەرەوە، لە هەموو بەشەکانی کوردستان تێکۆشانیان کرد. تێکۆشان گەورە بوو. زۆر ئەنجامی لەگەڵ خۆی هێنا. لە ئەنجامدا ناچار بوون کە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامبدەن. کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدرا، ڕێبەر ئاپۆ بە ٧ خاڵ بەرنامەی دیموکراسی ئاشکرا کرد. بۆچی؟ لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بینی کێشەکانی تورکیا لە ناوخۆ و دەرەوە قوڕس بوون. دەوڵەت ناتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات. لەبەرئەوە ئەو خاڵانەی ئاشکرا کرد. واتە وتی، پێویستی تورکیا بە دیموکراسی هەیە. دیموکراسیش بەم شێوەیە دەبێت. ئەو خاڵانەی بۆیە ئاشکرا کرد. ڕێبە رئاپح هەموو کاتێک بۆئەوەی کێشەی کورد چارەسەر ببێت، لە تورکیا کێشەی دیموکراسی چارەسەر ببێت، تێدەکۆشێت. چەندین ساڵە بەردەوامی بە تێکۆشانەکەی دەدات. لای ڕێبەر ئاپۆ چارەسەرەی بناغەیە. لە دەرەوەی چارەسەری هیچ شتێک قبوڵ ناکات. هەم بۆ گەلی کورد، هەم بۆ تورکیا، هەم بۆ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەم بۆ مرۆڤایەتی. ئەگەر کێشە هەیە پێویستە کێشەکان چارەسەر ببن. بێچارەسەری قبوڵ ناکرێت، بێچارەسەری هۆکاری دروستبوونی کێشەکانە. فەلسەفە، هزر و ئایدۆلۆژیای رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەم بناغەیەیە. تێکۆشانەکەی بەو پێیەیە. دەبینێت بەربەست هەیە، ناتوانن نوێبوونەوە بخوڵقێنن. ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. لەبەرئوەی بۆ هەموو کەسێک ڕێگای چارەسەری کێشەکانی دیاریکردووە. کاتێک لە ساڵی ٢٠١٩دا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا ٧ خاڵەکە ئاشکرا کرا.ئێستا لە چاوپێکەوتنەکاندا کە ئەنجامدراوە، ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، من لە ساڵی ٢٠١٩ بەهێزترم. واتاکەی چییە؟ لەبەرئەوەی کێشەکانی تورکیا هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە بە پێی ساڵی ٢٠١٩ زیاتر قوڵبوونەتەوە و گەورەتر بوون. لە تورکیا بەربەست هەیە، لە ٢٠١٩ دا کێشەکانی تورکیا لەچاو ئەمساڵ کەمتر بوون. ئەمڕۆ زیاتر بوون و قوڕستر بوون. گەیشتووینەتە ئاستێک ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر نەبن، ئەگەری هەیە کۆتایی بە تورکیا بێت. ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم مرۆڤایەتی بە بەرپرسیاریەکی مێژووییدا دەجووڵێتەوە. هەموو کاتێک هەوڵدەدات بەرپرسیاری خۆی جێبەجێ بکات. لەبەرئەوەش دەڵێت بۆ ئەوەی کێشەکە گەورەتر و فراوانتر بووە، منیش بە پێی ئەوە هزر و شێوازی خۆم بۆ چارەسەری گەورەتر دەکەم. ئەمە فەلسەفە و ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆیە. کێشەکان هەرچەندە گەورەبن، دەبێتە هۆکار کە چارەسەریان بکات. بەم فەلسەفەیە دەجووڵێتەوە، لەبەرئەوەیە دەڵێت، من لە ٢٠١٩ بەهێزترم، دەتوانم کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکەن.

کە تورکیا دەکەوێتە قەیرانەوە، لە لایەن هزری و ئایدۆلۆژیەژەوە ڕوو لە ئۆجالان دەکەن. ئایا هۆکاری ئەوە هێزی ئۆجالانە؟

بێگۆمان، ئێمە هێزی ڕیبەر ئاپۆ دەزانین. دەبینین کە ڕێبەر ئاپۆ لە هزری خۆیدا قوڵبوونەوە و نوێبوونەوەیەک دەکات. لە چارەسەری کێشەکاندا ڕێگا دەدۆزیتەوە. ئەمە دەبینین ، کە تەنگاو دەبن پێویستیان بە ڕێبەر ئاپۆ دەبێت. دەچن و دەبینن بۆ ئەوەی بتوانن کێشەکانی خۆیان جارەسەر بکەن. بۆیە دەچن.

دەوڵەتی تورک سەرێکانی و گرێ سپی داگیر کرد، ئێستا لە ئیدلب شەڕ دەگۆڕێت. دەوڵەتی تورکا هێرشی کردە سەر سوپای تورکیاش. هەموو ڕۆژێک سەربازەکانیان دەمرن. دۆخی ئیدلب دەبێت چۆن شیکارەوەیەکی بۆ بکەین؟

ڕێبەر ئاپۆ بە بەرپرسیاری دەجوولێتەوە، بۆ ئەوەی کێشەکانی تورکیا چارەسەر بکات، ٧ خاڵی دیار کرد. ئەوان چیان کرد؟ گۆشەگیری سەر رێبەری ئاپۆیان قوڕستر کرد، لە سەرێکانی و گرێ سپی دەستیان بە داگیرکەری کرد لەدژی گەلی کورد. بەم شیوەیە ولامیان دایەوە. ئەوەش ڕاستی ئاکەپە – مەهەپە، دەوڵەتی تورکیا پیشان دەدات. لە ڕۆژەڤی ئەوان دا چارەسەری کێشەی کورد نییە. دەیانەوێت کورد لەناوبەرن. وڵامیان لەسەر ئەو بناغەیەیە. قسەیەک هەیە، دەلێت، ڕاستی مرۆڤەکان، پراکتیکی مرۆڤەکانە.

ڕاستی ئاکەپە – مەهەپەش پراکتیکی ئەوانە، ئەو شتەی لەدژی گەلی کوردی کرا. ئەوان هەرچەند بڵێن ' ئێمە لەدژی کورد نین، ئێمە برای کوردین' هەمووی قسەیە، درۆیە، هەڵخەلەتاندنە. پراکتیکی ئەوان لەبەرچاوە کە دوژمنی هەموو کوردێکن. دەیانەوێت هەرچیەک بە ناوی کورد و کوردستان هەیە لەناوی ببەن. لە ئێستادا کێشەی ئیدلب بە تەنها بە ئیدلبەوە نەبەستراوە.

کێشەی هەموو سوریایە. ئەو شەڕەی لە سوریا دەکرێت بۆ سوریا دەکرێت. بۆیە هەموو لایەنەکان هەوڵی بەدەستهێنانی ئیدلب دەدەن. تورکیا بە بڕیاری ڕووسیا و ئەمریکا چووە سوریا و ئیدلب. سەربەخۆ ئەو کارەی نەکرد، هێزێکی وای نییە بە تەنها ئەو کارە بکات. ئەو دەوڵەتانە ڕێگایان دا، تا ئەو ڕادەیەی هانیاندا و هاوکاریشیان کرد، بەو شێوەیە چووە سوریا. دەزانرێت لە ئاستانا لە سۆچی هەندێک چاوپێکەوتن ئەنجامدران. هەندێک بڕیاریاندا، ئەوانە بڕیاری ڕۆژانە بوون.

لە ئەنجامدا چی بووە ڕۆژەڤ؟ دەرکەوتنی تورکیا. هەموو کەسێک زانی. کاتێک کە بە تورکیایان وت پێویستە بڕیارەکان جێبەجێ بکەی، بچوو دەرەوە، تورکیا نەچووە دەرەوە. لەبەرئەوەش سوریا هەنگاوێکی نا. هەم ئەمریکا، هەم ئەوروپا دەستیان بە جووڵە کرد و فشاریان لەسەر رووسیا و سوریا دروست کرد. لەبەرئەوەش ئەو هەنگاوە وەستا. دوای ئەوەی ماوەیەک تێپەڕی جارێکیتر هەنگاویان هاویشت، دیسان ئەو هێزانە زەختیان دروست کرد. تورکیا وتی، "من ناچمە دەرەوە". بۆچی؟ لەبەرئەوە ئەمریکا، ناتۆ هاوکاری تورکیا کرد. بەوەش هاوکاری تورکیا دەرنەکەوت، تورکیا شەڕی کرد. ئەگەر ئەوان هاوکاریان نەکردایا، تورکیا شەڕی نەدەکرد.

تورکیا ویستی بەو هاوکاریە بمێنێتەوە. لەبەرئەوەش شەڕی کرد. بۆچی؟ لەبەرئەوەی هەندێک حسابی تورکیاش هەیە. چۆن حسابی ئەو وڵاتانە هەن، حسابی تورکیاش هەیە. تورکیا دەیەوێت لە دروستکردنی سوریای نوێدا قوڕسایی هەبێت. هەتا ئەگەری ئەوەش هەیە بە پێی خواستی تورکیا دروست ببێت. وەک ویلایەتێکی تورکیای لێبێت. وەک عوسمانیەکان. ئامانجێک ئەوەیە. بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی پێویستە دەست لە چەتەکان لەدەست نەدات، پێویستی خاوەنداری لە چەتەکان بکات. ئەگەر خاوەنداری لە چەتەکان نەکات ئەو کاتە ناتوانێت بە چەتەکان هەڕەشە لە عەرەبەکاب بکات، ناتوانێت هەڕەشە لە جیهان بکات. لەبەرئەوەی تورکیا بە چەتەکان هەڕەشە لە جیهان و لە عەرەبەکان دەکات. ئەو هەڵە دەست دەچێت. لەبەرئەوەی لەسەر ئەو هەڕەشانە سیاسەت دەکات. هەندێک ئەنجام بەدەستدەهێنێت، سەرناکەوێت. بۆ ئەوەی سەربکەوێت پێویستە چەتەکان بمێنن. یەکێکی تورک چی دەڵێت؟ دەڵێت، ئەگەر ئێمە لە ئیدلب سەرنەکەوین، هاتاش لەدەست دەدەین. لە بنەڕەتدا ناتوانن بلێن ئێمە عەفرین لەدەستدەدەین، ئێمە کورد لەدەستدەدەین، دەڵێت ئێمە هاتای لەدەستدەدەین. ئەگەر لە ئیدلن دەربچن ناتوانن لە شوێنی تر داگیرکەری ئەنجامبدەن و لەدەست خۆیان بهێڵنەوە. ئەو ناوچانەش لەدەست دەدەن. چەتەکانیش لەدەستدەدەن.

ئەو کاتە ئاکەپە – مەهەپە ناتوانێت بەردەوامی بە دەسەڵاتی خۆی بدات. ئەو کاتە لە تورکیا دۆخێکی تر ڕوودەدات. لەبەرئەوەش تورکیا نایەوێت تووشی ئەو دۆخە بێت. دەیەوێت بە هاوکاری ناتۆ ، ئەمریکا لەوێ بمێنێتەوە. ئێستا لە ئیدلب ئاگربەست ڕاگەیەنراوە. بە بۆچوونی من ئاگربەستەکە کاتیە. هەم پێویستی تورکیا و هەم پێویستی ڕووسیا بە ئاگربەست هەبوو. لەبەرئەوەی تورکیا کەوتووەتە بیرێک کە ناتوانێت بێتە دەرەوە. مەترسیەکی گەورەی لەسەرە لە ئیدلب. کەس لە دەوری تورکیا نەماوە. ئەوانەی دەیانوت ئێمە پشتگیریت دەکەین ، هاوکاری زۆریان نەکرد. تورکیا بینی لە مەترسیەکی گەورەدایە.

ویستی بە ئاگربەست خۆی لەو دۆخە بێنێتە دەرەوە. بە هاوکاری ئەمریکا و ناتۆ. بۆ ئەوەی ئەمریکا و ناتۆ فشار لەسەر ڕووسیا بکەن. ڕووسیاش نەیتوانی بەهۆی فشارەوە شەرەکە بەردەوامی پێبدات. بۆ ئەوەی هاوکاری سوریا بکات و لە سوریا بەردەوامی بە شەڕ بدات. بەرژەوەندی ڕووسیاش ئاگربەستی دەویست. بۆیە ئاگربەستیان ئیمزا کرد. بەڵام بە واتای ئەوە نایەت سیاسەتی تورکیا لە مەترسیدا نییە. ئەو سیاسەتە خۆی مەترسیە، مەترسی دروست دەکات. هەموو کاتێک تورکیا دەخاتە ناو مەترسیدا. ئەگەر خۆی لەو سیاسەتە نەهێنێتە دەرەوە کۆتایی بە تورکیا دێت. خۆی لە تورکیا بەم سیاسەتە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی. بەم شێوەیە دەژی.

ف. ق / ژ.ت