بایک: دەکرێت رۆژی ٢٤ى حوزەیران بکرێتە رۆژی تێکشکاندنى ئاکەپە

جەمیل بایک رایگەیاند "بە ڕوونى دیارە ئەو مرۆڤانەى کە دەیانەوێت لە ئاکەپە رزگاریان بێت، هێشتا پێداگر و بە بڕیارن. ئەگەر ئەو هێزانە باشتر کار بکەن و خاوەندارى لە سندوقەکان بکەن، مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، کۆتایى بە دەسەڵاتى ئاکەپە دێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەى هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیران / ٣ى پووشپەڕەوە، بارودۆخی ئاکەپە و هێزە دیموکراسیخوازەکان لەگەڵ رۆژنامەى یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا چاوپێکەوتنێکى ئەنجامداوە.

بایک رایگەیاند، بانگەشە و قسەکانى ئاکەپە لە کاتى گرتنەدەستى دەسەڵاتدا لەگەڵ بانگەشە و قسەکانى ئێستاى ئاکەپە جیاوازە و لەگەڵ یەک ناکۆکن. لەبەر ئەوەشە لەم هەڵبژاردندا تەنگاو بووە.

دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا ئاکەپە تێکبشکێنرێت

بایک رایگەیاند، ئەگەرى ئەوە هەیە لەم هەڵبژاردنەدا ئاکەپە تێکبشکێت. راشیگەیاند "ئەوەش لە وتە و لێدوانەکانى ئەردۆغان و ئاکەپەدا بە ڕوونى دیارە. دواى ئەوەى زانیى تێکدەشکێت، گوشار و زۆرداری و ملهوڕیى زۆر کردووە. دەیەوێت بە قورسکردنى گوشارەکان لەسەر کەسەکان و بە ناهەقیی هەلومەرجی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت. دەسەڵاتدارێتیى ئاکەپە هاندەدات بۆ شۆڤێنیزم و دەستیکرد بەداگیرکردنى عەفرین، بەڵام ئەوە دەبینرێت، کە ئەو کارە زۆر دەنگى بۆ کۆنەکردووەتەوە. ئەوەش ئەو راستییە دەخاتەڕوو، کە لە ناو کۆمەڵگەى تورکیادا توڕەیى و ناڕەزایەتیى هەیە. ئاکەپە تا چەند شۆڤێنیزم دنە دەدات با یدات، بەڵام ناتوانێت بۆچوونى کۆمەڵگەى ئاکەپە بگۆڕێت".

بایک وتى، ئەو ئەگەرە درستبوو، کە دەکرێت ئاکەپە لە دەسەڵاتداری بخرێت. بایک لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتیشى "رەنگە کەشی هەڵبژاردن وەک هەڵبژاردنەکانى تر زۆر گەرموگوڕ نەبن، چونکە ئاکەپە گوشارێکى زۆرى دروستکردووە و دەستى بەسەر هەموو میدیاکاندا گرتووە. میدیاکان جگە لە ئەردۆغان و ئاکەپە باسى کەسى تر ناکەن. لە هەڵبژاردنى ٧ى حوزەیرانی ٢٠١٥دا بارودۆخەکە هەندێک جیاواز بوو. گروپى میدیایى دۆغان و هەندێک لە کەناڵەکانى تر بێلایەنانە بابەتیان بڵاودەکردەوە. ئاکەپە لە میدیاکانى ئەو کاتە بێزاربوو، بەڵام ئێستا هەموویان بوونەتە پڕوپاگەندەکارى دەسەڵاتەکەى ئاکەپە. لەبەر ئەوە کەشى هەڵبژاردن تەنها بەپێى قسەکانى ئەردۆغان بڵاودەکەنەوە، یان رووماڵى دەکەن. بەڵام ئەوە دەبینرێت، کە قسەکانى ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکاندا وەک پێشتر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دروست ناکات. ئەو راستییە ئەوە دەخاتەڕوو، کە یەکەمجارە ئاکەپە تەریک کەوتووە و ئەوەش وایکردووە لە ٢٤ى حوزەیراندا تێکبشکێت".

جەمیل بایک باسى ئەوەشیکرد، ئاکەپە هەوڵ دەدات بە گوشار و حیلە و ساختەکاری بارودۆخەکە بگۆڕێت. وتیشی "ئەگەر هێزە دیموکراسییەکان، هێزەکانى ئۆپۆزسیۆن، کورد و هەموو ئەو هێزانەى لە دەسەڵاتی ئاکەپە بێزاربوون، خاوەندارى لە سندوقەکان بکەن و پێش لە ساختەکارى بگرن و بە ڕێژەیەکى بەهێزە هەدەپە بخەنە سەرەوەى بەربەستەکە، ئەوا ئاکەپە کۆتایى پێ دێت".

بایک راشیگەیاند، بەپێى هەندێک لە راپرسییەکان دەنگدان بە ئاکەپە کەمیکردووە، بە تایبەتى گەنجان دەنگ بە ئاکەپە نادەن. ئەوەش نیشانەى ئەوەیە، کە دەسەڵاتى ئاکەپە داهاتووى نییە.

ر.م