بنەماڵەی شەهیدانی لەیلاخ، گەلەکۆمەی ١٥ی شوبات-یان شەرمەزارکرد

بنەماڵەی شەهیدانی لەیلاخ، پشتیوانی خۆیان بۆ عەفرین ڕاگەیاند و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات-یشیان شەرمەزار کرد

 

کۆمەڵێک لە بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەی ئاپۆییستی، بە هاوکاری دایکانی ئاشتی و لاوانی ئاپۆیی لە هەرێمی لەیلاخی سەربە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کۆبوونەوە و بە خوێندنەوەی لێدوانێک تووڕەیی خۆیان لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی گەلی کورد و ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجالان لەساڵی ١٩٩٩دا دەربڕی.

لە لێدوانەکەدا هاتووە: ئێمە وەک دایکانی ئاشتی و لاوانی ئاپۆییستی، ١٩هەمین ساڵڕۆژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر ئاپۆ ئیدانە دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ بەباشی لە ڕاستینەی گەلەکۆمەکە تێگەیشت و بە باشترین شێوە وەڵامێکی شایانی بە پیلانگێڕان دایەوە. بڵاوبوونەوەی فکر و فەلسەفەی ڕێبەرئاپۆ لە سەرتاسەری جهان، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ڕامانی ئاپۆییستی بۆتە ڕێگەچارەی ڕزگاری مرۆڤایەتی و بەکردەیی کردنی مۆدێرنیتەی دێموکراتیی لە جێی سیستەمی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووی سەرمایەداریی.

 

''بەردەوامیدان بە پیلانگێڕی و یارمەتیدانی ڕژێمی تورکیا بۆ هێرش کردنە سەر عەفرین، هێمای ڕوونی دوژمنایەتی هێزە ستەمکارەکانە لەگەڵ تەواوەتی گەلی کورد و شۆڕشی ڕۆژاوا و باکووری سووریا. هەموو هەولدانی دوژمنان بە تێکۆشانی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ، مەحکوومی لە ناوچوونە. بەهۆی ئەوەی کە گەلی کورد و ڕێبەرەکەی پێشکەوتووترین شێوازی ژیانی کۆمەڵگەیان بنیاتناوە، هەموو هەوڵدانێک بۆ خەسار گەیاندن بەو پڕۆژەیە، بێ ئەنجام دەمێنێتەوە. ئەو تێکۆشانە هەتا گەیشتن بە ئاواتەکانمان کە ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمرالی و بنیاتنانی مۆدێلی مودێرنیتەی دێموکراتیکە لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەردەوام دەبێت''.

لە کۆتاییدا، دایکانی ئاشتی لەیلاخ و لاوانی ئاپۆییستی، هێرشی دڕندانەی ڕژێمی تورکیا بۆسەر عەفرین-یان شەرمەزار کرد و سڵاو و ڕیزی خۆیان بۆ بەرخۆدانی سەرەم لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر و پاشماوەکانی داعش و قاعیدە بۆ شەڕڤانانی ئازادی نارد و ئامادەیی خۆشیان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک لە گەلی خۆڕاگری عەفرین، ئاشکرا کرد.

خوێندنەوەی لێدوانەکە بە درووشمەکانی '' بژی ڕێبەر ئاپۆ''، ''بژی بەرخۆدانی عەفرین" و ''شەهیدان نامرن" کۆتایی پێهات.