بۆچونەکانی عەلی نەژاد لەسەر "وەهمی حکومڕانی و سێبەری داگیرکاری لە هەرێم"
" ٢٩ ساڵ وەهمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری داگیرکاری زەمینەی بۆ تورکیا خۆشکرد، بەشێکی فراوان لە خاکی باشوری کوردستان داگیربکات".
" ٢٩ ساڵ وەهمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە ژێر سێبەری داگیرکاری زەمینەی بۆ تورکیا خۆشکرد، بەشێکی فراوان لە خاکی باشوری کوردستان داگیربکات".
بەشێکی فراوانی جوگرافیای باشوری کوردستان بە هۆی ڕاپەڕینی گەل لە ساڵی ١٩٩١ لە هێزی داگیرکەری حکومەتی فاشی بەعس پاکڕایەوە، ٢٩ ساڵ بەسەر کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی بەعس هاتوە لە باشوری کوردستان، بەڵام ڕۆشنبیر و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە 'هیچ کاتێک لە ڕاستیدا ئەو پارچەیەی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکاری و سێبەری داگیرکاری ڕزگاری نەبووە، هەمیشە هێزە داگیرکەرەکان کاریگەریان لە ئیرادەی سیاسی ئەو پارچەی کوردستان هەبووە'.
"چەمکی سێبەری داگیرکاری بۆ یەکەم جار لە کوردستان گەشەی کرد"
نەژاد عەلی قادر یەکێک لەو چاودێرە سیاسیانەیە کە پێی وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی سێبەری هێزە داگیرکەرەکانە و ئیرادەی سیاسی نیە، بەم شێوازە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) نرخاندنی خۆی کرد :" لە ڕاستیدا چەمکی سێبەری داگیرکەر ئەگەر بە ناو فەرهەنگی خەباتی گەلاندا شەن و کەوێک بکەیت، دەبینی ئەم چەمکە زۆر کاڵ و لاوازە و یاخود تا ڕادەیەک نەبوە. بەداخەوە ئەم چەمکە بۆ یەکەمجار لە ئەزمونی کوردستاندا و بە تایبەت لە باشوری کوردستان دەبینرێت و جێگەی گرتوە".
هەروەها سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو چەمکی سێبەری داگیرکاریە دەگەڕینێتەوە بۆ بەر لە ڕاپەڕینی خەڵکی باشوری کوردستان و دەڵێت:" مەیلێک بۆ بوون بە سێبەری داگیرکەر لە لای هەندێک لە هێزە چەکدارەکانی باشوری کوردستان هەبوو. ئەم مەیلە لە دوای ڕاپەڕین ڕاستەوخۆ جێکەوت و سەقامگیر بوو".
"دەسەڵات لە پێناو مانەوە خواستی داگیرکەران جێ بەجێدەکەن"
نەژاد عەلی پێشی وایە سێبەری داگیرکاری گەشە دەکات کاتێک ڕێکخستنێکی سیاسی یاخود هێزێکی چەکدار کە دادەماڵدرێت لە هەموو بەها نیشتیمانی و دیموکراتیەکان، پشت لە گەل دەکەن و ئەجندا و نەخشە ڕێگای داگیرکەر جێ بەجێ دەکات، بەمە ئەوەترێت سێبەری داگیرکەر. بەداخەوە ئەمە لە باشوری کوردستان بە ئاشکرا و بە زەقی دەرئەکەوێت تەنانەت ئەتوانین هەموو ئەو ناکۆکیانەی لە ڕابردوو و لە دوای ڕاپەڕین لە هەرێمی کوردستان لە نێوان پەلە جیاجیاکان و هێزە چەکدارەکانی کوردستان ڕویدا ناوی بنێین بە ململانێی سێبەرەکان لە پێناو مانەوە و جێ بەجێ کردنی خواست و ئەجندای داگیرکەرانی کوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسیە هۆکاری گەشە سەندنی ئەو چەمکە دەگەڕێنێتەوە بۆ ڕەگێکی مێژویی و دەڵیت: بەو پێیەی کە گەلی کورد بە درێژایی مێژوو هەمیشە ژێر دەستە و دەربەدەر و کوژراوە، شوێنەکانی وێران کراوە و نیشتیمانی داگیرکراوە. ئەمە وەکوو گرێیەکی دەرونیە لە لای تاک بە تاکی خەڵکی کوردستان. سەرکردەی سیاسیەکانی هەمیشە مانەوەی خۆی لە بوونی هێزدا دەبینێتەوە کە ئەگەر هێزی هەبێت پارێزگاری لە مانەوەی خۆی دەکات، هەر کاتێک ئەم هێزەی لەدەست دا چارەنوسی مانەوەشی لەناو دەچێت. بۆیە دەبینێت هەموو ئەم کارانە لە پێناوە مانەوەدا کراوە و هەموو ئەم ململانیانە لە پێناوی مانەوەی خۆدا کراوە، بۆیە دەبینیت هێزێک لە پێناو مانەوەی خۆیدا ئامادەیە بێ شەرمانە بە بێ ئەوەی سڵبکاتەوە لە ئابڕوو لە نیشتیمان لە بەها ئەخلاقیەکان، بۆ بەدەستهێنانی ئەم هێزە سڵ لە هیچ شتێک ناکاتەوە. ئەمە پشتکردنە لە بەها نیشتیمانی و دیموکراتیەکان کە هێزێک پەنای بۆ دەبات لە پێناو مانەوەی خۆیدا.
"دەسەڵات بە بەرنامە ئیرداەی تاکی زەوت کردوە"
هاوکات نەژاد عەلی پێشی وایە لە دوای ڕاپەڕین دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان بە نەخشە و پلانی داگیرکەر لە ماوەی ٢٩ بۆ ٣٠ ساڵی تەمەنی ئەم حوکمڕانیە، کاری لەسەر زەوتکردنی ئیرادەی خەڵکی کورد کردوە و دەڵیت:" دەسەڵات هەمیشە هەوڵیداوە بە بەرنامە ئیرادەی تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردستان زەوت بکات، ئەم زەوت کردنە لە ڕێگەی لێسەندنەوەی عەقڵی و ژیانەوە و گەشەپێدانی غەریزەی تاکی کورد. بۆیە دەبینین ئێستا لە باشوری کوردستان گەلێکی غەریزەیی دروست بوە، هێندەی ئەوەی کە غەریزەکانی هانی دەدات و پاڵی پێوە دەنێت بۆ ئەنجامدانی چالاکیەک هێندەی ئەوە عەقڵ بەکار ناهێنێت چونکە ئەم دەسەڵاتە ئیرادەی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگایەی زەوت کردوە. دەبێت سەر لە نوێ داڕشتەیەکی نوێ بۆ خەڵکی کوردستان بکرێت واتا دەبێت مرۆڤی کورد لە باشوری کوردستان پەروەردەیەکی نوێ بکرێت، دەبێت ئەو ئیرادەیەی کە لێی زەوت کراوە بۆی بگەڕێندرێتەوە چونکە مرۆڤ کە خاوەنی ئیرادە بوو میلەت خاوەنی ئیرادە بوو توانای خولقاندنی داستانی زۆر گەورەی هەیە بەڵام لە ئێستادا ئەمە لە باشوری کوردستان نابینین هۆکاری ئیرادەکەیە کە زەوت کراوە. دەبێت ئەم ئیرادەیە سەر لە نوێ بگەڕێتەوە بۆ تاک بە تاکی مرۆڤی کورد ئەمەش بە ڕێگەی پەروەردە دەبێت کە من پێم وایە ئەمە کارێکی درێژخایەنە و دەبێت مرۆڤی کورد پەروەردە بکرێتەوە و داڕشتەیەکی نوێی بۆ بکرێتەوە و عەقڵی پێ بدرێتەوە و هەوڵ بدرێت مرۆڤێکی نوێ واتا ئەو مرۆڤەی کە بەر لە ڕاپەڕین هەبوو سەر لە نوێ دروست ببێتەوە. ئەگەر بەراوردێک بکەین مرۆڤی بەر لە ڕاپەڕین گەلێک جیاوازە لەو مرۆڤانەی لە دوای ڕاپەڕین چونکە هەموو ئەو بەها و ڕەشتە مرۆڤایەتیە جوانانەی بەر لە ڕاپەڕین هەبوو، هەموو ئەو بەها نیشتیمانی و دیموکراتیانەی بەر لە ڕاپەڕین هەبوو بەداخەوە ئێستا زۆر بە زەحمەت لە مرۆڤی دوای ڕاپەڕین دەیبینیت بۆیە ئەمە یەکێکە لەو کارەساتانەی کە ڕاپەڕین بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە، ڕاپەڕین نەتەوەیەکی پێمان لە دەستدا بۆیە دەبێت سەر لە نوێ مرۆڤی کورد پەروەردا بکرێتەوە و داڕشتەی نوێی بۆ بکرێتەوە و ئیرادەی خۆی بەدەست بێنیت، دوبارە ڕیگە نەدات سێبەری دوژمن لە کوردستاندا ئەجندا و نەخشەی داگیرکەر جێ بەجێ بکات".
خەونی تورکیا ئیمپراتۆریەتە لە سەر حیسابی جوگرافیای کوردستان
لە کۆتایی قسەکانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەدرێژای ٢٩ ساڵ حوکمڕانی لە ژێر سێبەری داگیرکاری وایکرد زەمینە بۆ تورکیا خۆشکرد لە ڕۆژیکی وەک ئەمرۆدا بە شێوازێکی فیزیکی بەشێکی فراون لە خاکی باشوری کوردستان داگیربکات و وجوودی فیزیکی هەبێت لەو پارچەیەی کوردستان و دەڵێت: تورکیا وڵاتێکی داگیرکەرە پارچەیەکی گەورەی کوردستانی داگیرکردوە، ئەو پێی وایە دەنگی ئازادی لەهەر شوێنێک سەر هەڵبدات بە زیانی ئایندە و دنیابینی خۆی دەبینێت. ئاکەپە و ئەردۆغان لە ئێستادا خەونێکی گەورەی هەیە ئایا بۆی جێ بەجێ دەکرێت یاخود بۆی جێ بەجێ ناکرێت ئەمە قسە و باسێکی دور و درێژ هەڵدەگرێت بەڵام لە لای ئەو خەونە، من ئومێد دەکەم ئەم خەونە بۆی جێ بەجێ نەکرێت و بە هەوڵ و هیمەت و قوربانیدانی شەرڤانان و گەریلا و ووڵات پارێزان من دڵنیام ئەم خەونە لە گۆڕ دەنرێت ئەمانە ئیمبراتۆرییەتن و خەونێکی لە مێژینەیان هەیە لە ڕابردودا دەسەڵاتێکی فراوانیان هەبوە، ئەم دەسەڵاتەیان لە ئێستادا بچووک بۆتەوە و خەونی ئەوەیان هەیە بگەڕێنەوە بۆ ئەو دەسەڵاتە بەڵام دنیای نوێ، ژیانی نوێ ئەوە قبوڵ ناکات و گەلانی ناوچەکە کە ماف و ئازادیەکانی خۆیانیان ناسیوە و ئەمڕۆ هەستاونەتە سەرپێ و لە بەرامبەر ئەم ڕەوتەیا قارەمانانە وەستاون بەرەنگاری لە خودی خۆیان دەکەن من پێم وایە ئەم خەونە لە گۆڕ دەنرێت.
نەژاد عەلی کێە؟
ناوی تەواوی نەژاد عەلی نەجم-ە
لە سالی ١٩٨٠ بۆتە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراقی
لە دوای ڕاپەرین لە کاتی حوکمرانی بەرەی کوردستانی بۆتە دادوەری شۆرش لە شاری سڵیمانی
دواتر بۆتە بەرێوبەری ڕادیۆ و تەلەفزێۆنی ئازادی
لە ساڵی ١٩٩٥ دەستی لە ئاندمەیەتی حیزب کێشاوەتەوە
هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوەیەتی چەندین لێکۆڵینەوە و بابەتی لە گۆڤار ڕۆژنامەکانی وەک ڕێگای کوردستان، ڕێبازی ئاشتی سۆسیالیزم .. هتدا بڵاکردۆتەوە
لەدوای تەمەنێک لە ئەزموونی کار سیاسی و ڕاگیاندنی ئیستا وەک چاودێرکی سیاسی کار دەکات تێروانیەکانی دەربارە پرسە جیاوازەکان دەردەبرێت.
ف.ق