بۆ دەرکردنی سوپای تورک لە باشوور ٥٠ هەزار واژۆ کۆکرانەوە
کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئەمڕۆ کۆتایی هات و ڕاگەیەنرا کە ٥٠ هەزار واژۆ بەم مەبەستە کۆکراونەتەوە.
کەمپینی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ دەرکردنی سوپای تورک لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئەمڕۆ کۆتایی هات و ڕاگەیەنرا کە ٥٠ هەزار واژۆ بەم مەبەستە کۆکراونەتەوە.
کەمپینی کۆکردنەوەی ٥٠ هەزار واژۆ، لە دژی داگیرکاریی و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک لە باشوری کوردستان کۆتایی هات، بڕیار وایە واژۆکان پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم و عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان بکرێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، لەلایەن ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرەوە کۆتایی کەمپەینی کۆکردنەوی ٥٠هەزار واژۆ لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندرا، کە ماوەیەک لەمەوبەر بە دروشمی ‘داگیرکاریی و فاشیزم تێک بشکێنە’ لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان دەستیان پێکردبوو.
بێریتان زاگرۆس، ئەندامی ڕێکخراوی گەنجی تێکۆشەر بەیاننامەی کەمپەینەکەی خوێندەوە، کە تێیدا هاتبوو: بۆ ئەوەی توركیای داگیركەر لە خاكی باشوری كوردستان بچێتە دەرەوە، سەرەڕای مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ، ٥٠ هەزار واژۆمان كۆكردووەتەوە، لەكاتی واژۆ كۆكردنەوەشدا زۆرجار ئەندامەكانمان كێشەیان بۆ دروستكراوە، بەتایبەت لە دووكان و هەڵەبجە، لەم ڕۆژە گرنگەدا لە ڕۆژی ژیانەوەی كورد دا ئەو كەمپینە كە دەستمان پێكردبوو، كۆتایی پێدەهێنین، ئەو ٥٠ هەزار واژۆیەش، كە كۆكراوەتەوە ڕادەستی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و نەتەوەیەكگرتووەكانی دەكەین
لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتبوو: هەتا داگیركاریی توركیا لەسەر خاكی باشوری كوردستان بمێنێت بەردەوام دەبین لە خەبات، بە دروشمی “ئێرە هەفتانینە” لەهەر ناوچەیەكی باشوری كوردستان كار و خەباتی خۆمان بەردەوام دەكەین، بۆ ئێمە سلێمانی و هەولێر، ڕانیە، هەڵەبجە، كەركوك و كەلاریش هەفتانینە، پێویستە گەنجان و ژنانی باشوری كوردستان بزانن، ئەگەر لەبەرامبەر داگیركاریی توركیا بێدەنگ بن، داگیركەرەكان دێنە بەر دەرگاتان، دەبێت هەركەسێك لەبەرامبەر داگیركاریی توركیا تێكۆشان دەستپێبكات.
ف.ق