بەرخودانى ئامەد لە ٧هەمین رۆژدایە؛ هەدەپەییەکان لەسەر شەقامن

بەرخودانى ئامەد لە دژی دەستبەسەرداگرتنى شارەوانییەکان لە رۆژی حەوتەمدایە. هەدەپەییەکان دیسانەوە و سەرلەنوێ لە شەقامی لیسەی ئامەد کۆبوونەوە.

کاتێک رژێمى تورکیا لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩ / ٢٨ی گەلاوێژ دا دەستیگرت بەسەر شارەوانییەکانى گەورە شارەکانى ئامەد، وان و مێردین دا، لەو رۆژەوە  تاوەکو ئێستا ئامەدییەکان لەسەر شەقامەکانن و بەردەوامن لە دەربڕینى ناڕەزایەتییەکانیان.

ئەمڕۆش جەماوەری گەل لە شەقامی لیسە کۆبوونەوە و پەرلەمانتارانى هەدەپە، دێرسیم داغ، سالیحە ئایادەنیز، عایشە ئاجار باشاران، سەمرا گیوزەڵ، هشیار ئۆزسۆی، گارۆ پایلان، موسا فاریس ئۆگیولاری، ئیمام تاشچی و نێعەمەتوڵا ئەردۆگموش-یش لە ناو جەماوەری گەلدان.

چالاکوانانی بزووتنەوەى ژنانى ئازاد (تەژەئا)، ئەندامانى دەبەپە، ئەندامانی ئەنجوومەنى شارەوانییەکان و هاوسەرۆکى هاڵک ئەڤلەری نوری گیونای-یش بەشدارن لە چالاکییەکەدا. دواى ماوەیەکى کورت لە کۆبوونەوەى گەل، سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری ئامەد-یش چووە ناو گەلی بەرخودێر و بەشداریى لە چالاکییەکدا کرد. مزراکلی بە دروشمی "ئێمە بە بەرخودان سەردەکەوین" لەلایەن جەماوەری گەلەوە پێشوازیى لێکرا.

چاوەڕێ دەکرێت هەدەپەییەکان کاتژمێر ١٣ی دواى نیوەڕۆ لە شەقامی لیسە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنووسی بۆ رای گشتی رێکبخەن.

هەدەپەییەکان لە ١٩ی ئاب و لەو کاتەوە دەستگیراوە بەسەر شارەوانییەکانیاندا لە چالاکیى ناڕەزایەتیدان. لە راگەیاندراوی رۆژی شەممەدا، کە گارۆ پایلان وتەى تیادا پێشکەش کرد رایگەیاند "ئەردۆغان و باخچەلی چوونەتە سەر ێچکەکەى تەلعەت پاشا. ئەرمەنییەکانیان کۆمەڵکوژ کرد و ئەوەش بووە هۆی رووخانى ئیمپراتۆریى عوسمانی و ئەنادۆڵیان رووبەڕووی کارەساتى گەورە کردەوە. ئەمەى ئێستاش هەر بەو شێوەیەى پێشوو بەڕێوەدەچێت و درێژەى پێدەدرێت".

پایلان راشیگەیاند "کاتێک هەڵبژاردنى ئیستانبول پووچەڵکرایەوە، ئێمە نەک لەبەر ئەوەى زۆر جەهەپەمان خۆشدەویست یان ئیمام ئۆغڵومان خۆشدەوسیت دەنگمان پێدان، بەڵکو لەبەر ئەوەى ئێمە لایەنگری دیموکراسین و لەبەر ئەوەش بەو شێوەیە جوڵایەنەوە. ئەگەر تورکیا و دونیا بەرامبەر بە قەیومەکان بێدەنگ بن، ئەوا ئەردۆغان زۆر تاوانى تر ئەنجام دەدات. هەروەها هەموو سیاسەتمەداران دەکەونە ژێر هەڕەشە. ئێمە لە ئامەد راپەڕیون و لەسەر پێین و قەیومەکان دەگەڕینینەوە بۆ شوێنەکانى خۆیان. دەبێت هەموو کەس لە دژی قەیومەکان بوەستێتەوە".

هاوکات گەمارۆی پۆلیس لەسەر جەماوەری گەل بەردەوامە و گەمارۆدانی بینای شارەوانیى ئامەد-یش لەلایەن پۆلیسەوە بەردەوامە.

ژ.ت