بەردەوامیى بارینى بەفر و باران و لافاو لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئیران

پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، ٣٠ گوندی رەوانسەر مەترسیى لافاویان لەسەرە و تاوەکو ئێستا ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەدی ٧ گوند چۆڵکراون.

بە وتەى هوشەنگ بازوەند پاریزگاری کرماشان، ٦٦٨ گوند، کە ١٤ هەزار و ١٢٦ دانیشتویان هەیە مەترسیى لافاویان لەسەرە و لە شارەکانیشدا ٥٠٠٠ هەزار خێزان مەترسیى لافاویان لەسەرە. ٣٠ گوندی رەوانسەریش مەترسیى لافاویان لەسەرە و تاوەکو ئێستا ٧٠ بۆ ٨٠ لە سەدی ٧ گوند چۆڵکراون.

پارێزگارى کرماشان راشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا لە ناو شاری کرماشاندا جگە لە گیرانى مەنهۆڵەکان و ئاوی جۆگەکان و سەر شەقامەکان کێشەیەکى گەورەیان نەبووە و هیچ هاووڵاتییەکیش لەو پارێزگایەدا بەهۆی لافاو و بارانبارینەکانەوە گیانى لە دەست نەداوە.

بەپێى سەرچاوەکانى هەواڵ باران و بەفرێکى زۆر لە سونقوڕ و کەنگاوەری کرماشان دەبارێت و هاووڵاتییانى سونقوڕ هەندێک ڤیدیۆ و وێنەیان لە بەفربارینێکى زۆر و شکانى دارەکان بڵاوکردووەتەوە.

لەلایەکى ترەوە رووباری ئەڵوەن دووبارە ئاوەکەى لە ناوچەکانى داڵاهۆ و سەرپێلی زەهاو بەرزبووەتەوە و سات بە ساتیش ئاوەکە زیاتر بەرز دەبێتەوە و بەو هۆیەشەوە ئاوەکە لەسەر رێگاکەى خۆی کێڵگەکان و باخەکانی داپۆشیوە.

هەروەها بە وتەى بەڕێوەبەری گشتیى قەیرانەکان لە پارێزگاى کرماشان، رێگاى نێوان ٦٠ گوندی پارێزگاى کرماشان بڕاوە و ٨١ گوندیش کێشەى بڕینى ئاوی خواردنەوەیان هەیە. بەشی باشووری شاری کرماشانیش ئاوی خواردنەوەى کەمی کردووە و بەو هۆیەوە هەندێک کێشە بۆ هاووڵاتییان دروستبووە.

قائیمقامی هەرسین لە پارێزگاى کرماشان رایگەیاند، ئاوی چەمی گاماسیاو بەرزبووەتەوە و لە هەوڵدان بۆ چۆڵکردنى گوندەکانى دەورووبەری ئەو چۆمە.

قائیمقامی ئەسەد ئاباد لە پارێزگاى هەمەدانیش باسی لەوە کردووە، کە گوندەکانى ئەو ناوچەیەش لە گەمارۆی ئاودان و زیاتر ١٠٠ خانووی هاووڵاتییانیش رووخاون. سەرباری بەردەوامیى بارانبارین لە هەوڵدان رێگایەک بۆ هاوکاریکردنى ئەو گوندانە بکەنەوە.

پچڕانى هێڵی پەیوەندییەکان لە ئیلام

عەباس شاهکو بەڕێوەبەری گشتیى کۆمپانیاى پەیوەندییەکان و ژێرخان رایگەیاند، لە ئیلام ٣ هێڵی ڤایبەر ئۆپتیک هەیە و لە رووداویکى دەگمەندا هەر ٣ هێڵەکە لەکار کەوتون. بە وتەى شاهکو، یەک ملیۆن ساڵ جارێک رووداوێکى لەو شێوەیە روودەدات!.

راشیگەیاندووە، لە ئێستادا دانیشتوانى پارێزگاى ئیلام هیچ پەیوەندییەکان لەگەڵ دەرەوەى پارێزگاکەیاندا نییە و هیوادارن بە خێرایى ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت.

هەروەها پردی نێوان گوندی شورابە و کوزران بە تەواوی رووخاوە و بەوهۆیەوە پەیوەندی لەگەڵ ئەو گوندەدا پچڕاوە.

دۆخی قەیراناوی لوڕستان

جێگری ئاوەدانکردنەوەى پارێزگای لوڕستان وتى، بەهۆی زۆریى بارانبارین و هەستانى لافاو لە شاری خوڕەمئاباد دا دەبێت ١٥٠ هەزار هاووڵاتی بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەى ئارام، چونکە لە هەندێک ناوچەدا خێرایی و هێزى ئاوەکە بەڕادەیەک بووە، کە دیواری خانووی هاووڵاتییانى رووخاندووە.

بەگوێرەى هەندێک ڤیدیۆ و وێنە، کە لە خوڕەمئاواوە بڵاوکراونەتەوە، لە هەندێک ناوچەدا ئاو بەرادەیەک بەرزبووەتەوە، کە گەیشتووەتە سەر بانی خانووی هاووڵاتییان.

هاوکات لە شاری مەعمولان دۆخی زۆر قەیراناوی راگەیاندراوە و ئاویش لەو شارەدا گەیشتووەتە سەر بانی خانووی هاووڵاتییان.

لە شاری کوهدەشت دا دۆخی سوور راگەیاندراوە و لافاو هەموو شارەکەى گرتووەتەوە.

کاردانەوەى گشتیى هاووڵاتییانى ناوچە لافاولێدراوەکان بەرامبەر بە دووڕییەکانى سوپاى پاسداران

 

بڵاوبوونەوەى ڤیدیۆ سینگ کوتانى چەند کەس لە ئەندامانى سوپاى پاسداران، کە لە ناوچەکانى ترەوە چوون بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان کاردانەوە و ناڕەزایەتیى گشتیى خەڵکى لیکەوتوەتەوە.

هاووڵاتییان ئەو کارەى سوپاى پاسداران بە گاڵتەپێکردن و سوکایەتیکردن بە باوەڕەکانى خەڵک دەزانن.

بەشێکیش لە بەکارهێنەرانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو کارەى سوپاى پاسداران بە دووڕوویى و خیانەت پێناسەکردووە. زیانى لافاوەکانى ئێستاش بۆ لاوازى و خراپ بەڕێوەبردن لە رژێمى کۆماری ئیسلامى دا دەگەڕێننەوە.

ر.م