بەهۆى بۆردومانى کۆپتەرەکانى تورکیاوە لە ناوچەى برادۆست ئاگر کەوتەوە

کۆپتەرەکانى سوپاى تورکیا ناوچەى برادۆسیتان بۆردومان کرد و بەو هۆیەوە زەوی و پاوان و باخی هاووڵاتییانى ئاگرى تێبەربوو و زیانێکى زۆری خستووەتەوە. هاووڵاتییانى ئەو سنوورە رایانگەیاند، بۆردومانەکانى تورکیا مەترسیى لەسەر ژیانیان دروستکردووە.

هێرشى داگیرکەرانى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر ناوچەى برادۆست لە باشوورى کوردستان بەردەوامە. بەهۆى بۆردومانى کۆپتەرەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەرەوە ئاگر بەربووەتەوە زەوی و باخ و پاوانى هاووڵاتییانى سنوورى برادۆست و زیانێکى زۆر بە هاووڵاتییانى ئەو سنوورە گەیشتووە.

ئەو ناوچانەى بەهۆی بۆردومانى کۆپتەرەکانى سوپاى تورکیاوە ئاگریان تێبەربووە، سەرچاوەى بژێویى ژیانى هاووڵاتییانى ئەو سنوورەیە و بەشێکى زۆر لە باخ و رەز و پاوانەکانیان سووتاوە.

هاووڵاتییانى ئەو سنوورە رایانگەیاند "ژیانی رۆژانەمان تووشى قورسی و ئاڵۆزى بووە. ئیدى ناتوانین لەسەر زەوییەکانمان کار بکەین. جگە لەو زیانانە، ئەگەرى ئەوەیە هەیە لە هەر ساتێکدا ژیانمان بکەوێتە مەترسی و خۆشمان بەهۆى بۆردومانەکانەوە گیان لە دەست بدەین".

ر.م