بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی بە بۆنەی ساڵیادی کیمابارانی هەڵەبجەی شەهیدەوە

دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان بە بۆنەى ٣١هەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنى هەڵەبجە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە راگەیاندراوەکەى تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان دا هاتووە "ئەو کارەساتە ناخ هەژێنە لێکەوتەی شەڕێکی خوێناوی دوو دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەوەگەرا و مەزهەبگەرای بەعس و رژێمی ئێرانی بوو، کە ماکینەی شەڕیان بەچەک و جبەخانەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و ئەمریکاو روسیا دەچەرخاو و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان پێئەنجام ئەدا".

ئاماژە بەوەشکراوە "گەلی کورد لەلایەن ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەوە رووبەروی چەندین کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی رەگەزی کراوەتەوە تاوانی ئەنفال کە بەدەیان هەزار ژن و منداڵی کوردی تیادا شوێن بزرکرا لەهەمان ساڵدا بوو کە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی تیادائەنجامدرا و تائێستاش ژن ومنداڵ و جێماوانی ئەو کارەساتە پێوەی دەناڵێنن، کۆمەڵکوژی گەلی دەرسیم و سنە و شەنگال و کۆبانی و عەفرین تادەگاتە رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە و ستەمکاران و داگیرکەران هەرگیز چاویان بەسروشتی ژیان و پێکەوەیی جوانی و ودەوڵەمەندی ئەم خاکە هەڵنایە وبەردەوام لە بۆسەدان".

تەڤگەری ئازادی راشیگەیاندووە، تاکە رێگا بۆ رێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و رێگەنەدان بە دووبارە بوونەوەى کۆمەڵکوژییەکانى سەر گەلی کورد یەکێتیى نەتەوەییە.

دەقی راگەیاندراوەکەى تەڤگەری ئازادیى کۆمەڵگەى کوردستان

بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی بەبۆنەی ٣١ مین ساڵی کیمابارانی هەڵەبجەی شەهید

١٦ ئازاری ١٩٨٨ یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی سەدەی پڕ تاوان و کۆمەڵکوژیی سەدەی رابردووە کە لەسەر خاکی کوردستان لە بەرامبەر گەلی کورد و مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە، ئەو کارەساتە ناخ هەژێنە لێکەوتەی شەڕێکی خوێناوی دوو دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەوەگەرا و مەزهەبگەرای بەعس و رژێمی ئێرانی بوو، کە ماکینەی شەڕیان بەچەک و جبەخانەی دەوڵەتانی رۆژئاوایی و ئەمریکاو روسیا دەچەرخاو و کۆمەڵکوژی و تاوانی دژبەمرۆڤایەتیان پێئەنجام ئەدا.

 هەڵەبجە و خەڵکەکەی سروشت و بنیادەکەی بەمرۆڤ و بوونەوەرەکانییەوە لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی بەعسەوە لە چەند خولەکێکدا بەچەکی قەدەغەکراوی کیمیای کۆمەڵکوژکران کە دیمەنی ئەوتاوانە کەم وێنەیە هەرگیز لەیادەوەریی مرۆڤی کورد و مرۆڤایەتیدا وون نابن، ئەو کۆمەڵکوژیە تەنها تاوانێک نیە بە تەوێڵی رژێمی نەتەوەگەرای بەعسی عێراقی ئەوسەردەمە، بەڵکو تاوانێکی هاوبەشی سیستەمی جیهانی و ئەودەوڵەتانەش کە ئەو چەکانەیان پێدان و لە ئاستی کارەساتەکەشدا بێدەنگ بێ هەڵوێست بوون.

لەمێژووی کۆن و نوێدا گەلی کورد لەلایەن ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانەوە رووبەروی چەندین کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی رەگەزی کراوەتەوە تاوانی ئەنفال کە بەدەیان هەزار ژن و منداڵی کوردی تیادا شوێن بزرکرا لەهەمان ساڵدا بوو کە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەی تیادائەنجامدرا و تائێستاش ژن ومنداڵ و جێماوانی ئەو کارەساتە پێوەی دەناڵێنن، کۆمەڵکوژی گەلی دەرسیم و سنە و شەنگال و کۆبانی و عەفرین تادەگاتە رۆژی ئەمڕۆ بەردەوامە و ستەمکاران و داگیرکەران هەرگیز چاویان بەسروشتی ژیان و پێکەوەیی جوانی و ودەوڵەمەندی ئەم خاکە هەڵنایە وبەردەوام لە بۆسەدان. لەئێستاشدا دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و هاوکارە تیرۆریستیەکانی بەردەوامن لەپیلانگێڕی و کۆمەڵکوژی و داگیرکارییەکانی بەتایبەت لەسەر رۆژئاوای کوردستان.

ئیدی کاتی ئەوە هاتووە ساڕێژی ئەو برینە گەورانەی گەل بکرێت و ئە کۆمەڵکوژیانە رابگیرێت ئەویش بە گەرانەوە بۆ راستینەی مێژووی هەزاران ساڵە و بەبنەماگرتنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا و پێکەوەیی بوون و شکاندنی سنورەکانی پارچەگەری و پەرتبوون و دورکەوتنەوە لە بەرژەوەندخوازی و وابەستەیی بەداگیرکەران دەکرێت، گەرەنتی ئەوەش بە گەڕانەوە بۆ میراسی بەرخۆدانی هەزاران ساڵەی ئەو گەلە ی کەخۆی پێ پاراستووە و لەسەرپێیان ماوەتەوە و سەربەرزانە ژیانی کردوە و سەری بۆ هیچ ستەمکارێک نەوی نەکردووە ئەویش بەگەشاندنەوەی یەکیەتی نەتەوەیی دیموکراتیانە ی گەلی کوردو راستاندنی هێزو ئیرادەی خۆفەرمانی گەل ئەنجامگیردەبێت، کە لەئەمرۆدا ئەو روحیەت و ئیرادەیە لەرۆژئاوای کوردستان لەهەمووئاستەکانی بەرێوەبردن و پاراستنیدا بەپێشەنگایەتی ژن ومێری ئازاد لەبەرخۆدانێکی سەردەمیانەدا یە لەبەرامبەر تاریکترین هێزی تیرۆرستی و داگیرکاری فاشیزمی دەوڵەتی تورک، وەرن باهەموومان لەهەڵبجەی شەهیدان و نەورۆزی قەندیلەو ە بانگی یەکیەتی نەتەوەیی بدەین و هێزو توانای مادی مەعنەویەکانی گەل بەبێ جیاوازی بخەینە خزمەت کۆمەڵگا خۆیەوە بەوەش هەم شەهیدانمان ئاسودە دەبن و هەم گەلەکەشمان سەربڵند وسەرفرازانە هەموو ئەو قەیران وکێشانە تێدەپەرێنیت کەبێهیوایی و نائومێدیان چاندووە و گەلیان رووبەروی قەدەری نادیارو کۆمەڵکوژی کردۆتەوە.

هەموودەزانن دۆخی ئێستای کوردستان و ناوچەکە پڕلە سەختی و گۆرانکارییە و چەندە هەڕەشەی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی لەسەر گەلەکەمان هەیە. هەمانکات دەرفەت و زەمینەی زێڕینیش بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بەئامانجەکانمان هەیە ئەوەی پێویستە درکی پێبکرێت ئەوەیە کەتەنیا بەیەکیەتی نەتەوەیی و یەکڕیزییەکی هەمەلایەن دەتوانرێت ئەو پێشهات و دەرفەتانە بەقازانجی سەرکەوتن و ئازادیی و گەلەکەمان ئاراستەگیر بکرێت.

 لەئاستی شەهیدانی هەڵەبجەو سەرجەم شەهیدان سەری رێزو وەفاداری دائەنەوێنین و پەیمان ئەدەین بەردەوامی بدەین بە تێکۆشان تا گەل دەگات بەئازادی و خۆبەریوەبەری و ژیانێکی ئازاد.

ر.م