پارت و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی پهرلهمانی عێراق کە بڕیاره لە ڕێکەوتی ١٢ی ئایار/ ٢١ی گوڵان بەڕێوه بچێت. لەو چوارچێویەدا لە ٢٩ی کانوونی دوویەم/٢ی بەفرانبار هاوپەیمانهتییهكی نوێ ڕاگەیەندرا كه لە تەڤگەری ئازادیی كۆمهڵگهی كوردستان، بەرەی دێمۆكراسیی گەل و جوڵانهوهی نەوەی نوێ پێكدێت.
دەربارهی بەستنی ئەو هاوپهیمانهتییه و ئامانجەکانی، هەریەک لە بێریڤان محهمهد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی تەڤگەری ئازادی و ئارام سەعید ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، بۆ ئاژانسی ههواڵی فورات دوان.
بێریڤان محهمهد، ئەندامی ئەنجومەنی گشتیی تەڤگەری ئازادی ڕایگهیاند؛ باشووری کوردستان و عێراق بە دۆخێكی هەستیاردا تێپەر دەبێت. گەل ناتوانێ لەوه زیاتر چاوهڕێ بکات، پێویسته حیزب و لایەنی نوێ بە بیر و پرۆژەی نوێوە بێنه گۆرەپانەکە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.
«ئامانجی ئێمە لە پێکهێنانی ئەو هاوپهیمانهتییه کۆتایی هێنانه بە نابەرابەری و گەندەڵی، هەوڵدانە بۆ دێموکراتیزهکردنی کۆمەڵگهی باشووری کوردستان. دەمانەوێت پەرلەمان بکەینه گۆڕهپانی چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵوگۆڕکردنی دێمۆکراتیانەی دەسەڵات.»
ههروهها ئارام سەعید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ ڕایگهیاند؛ پاش گفتوگۆ لەگەڵ هەریەک لە بەرەی دێمۆکراسیی گەل و تەڤگەری ئازادی، گهیشتینه ئەو ئەنجامەی کە لەوانەیە لە بواری فیکرییەوە جیاوازیمان هەبێت بەڵام ئامانجی هاوبەشی زۆرمان هەیە. ئەمە وا دهكات کە بتوانین لە هەڵبژاردنەکاندا بهیهكهوه کار بکەین.
ش. م