وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوێنێ ١٨ی مارس\٢٧ی ڕهشهممه خشتەیەکی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ئەو بڕە پارەیهی لە لایەن حکوومەتی عێراقیەوە ڕەوانەی ھەرێم کراوە، تەنھا بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە نیە، بەڵکو بۆ مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی ھەرێمە. بۆیە بەو بڕە پارەیە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی تەواوی وەزارەتەکان دەکەن بە شێوازی پاشەکەوت.
ئەم بەیاننامەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێم لە کاتێکدایە، حکوومەتی عێراق لەسەر زاری ھەریەکە لە سەعد حەدیسی، وتەبێژی فەرمی حکوومەتی عێراق و خودی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیەنرابوو، بە سولفەیەک مووچەی مانگێکی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە بەبێ پاشەکەوت، ڕەوانەی ههرێم دەکەن.
فەرمانبەرانی تەندروستی مانگرتنیان ڕاگەیاند
ئەمڕۆ ١٩ی مارس\٢٨ی ڕهشهممه، لە سلێمانی، ھەڵەبجە، ڕانیه، کۆیە و گەرمیان بهشێكی فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی مانگرتنیان راگەیاند و بڕیاریاندا نەچنەوە بۆ نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی. داوا دەکەن وەک چۆن بەغدا پێشتر بەڵێنی دابوو، تەواوی مووچەکانیان بەبێ پاشەکەوت بۆ خەرج بکرێت.
فەرمانبەرانی وەزارەتی تەندروستی لە مانگرتنەکەیاندا ئەوەیان ڕاگەیاند، تا كۆتایی به سیستهمی پاشهكهوتكردنی مووچهكانیان دههێنرێت، ئهوانیش بەردەوام دەبن لە بایکۆتکردنی کارەکانیان و چارەسەری نەخۆشەکان ناکەن.
ئەو فەرمانبەرانە، ئاماژەیان بۆ ئهوه كرد حکوومەتی عێراق بڕیایاریداوە بەبێ پاشەکەوت مووچەی فەرمانبەرانی ھەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دابەش بکرێت، بەڵام حکوومەتی ھەرێم بە پاشەکەوتەوە دابەشی دەکات.
لهو بارهیهوه، نەقیبی سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان، جەبار محهمهد، لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامهوانیدا، ئۆباڵی ئەو دۆخەی خستە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕایگهیاند: ئەوەی ئێستا راگەیەندراوە کە ئەو پارەیە بۆ ھەموو وەزارەتەکانە، ئۆباڵەکەی دەخەینە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی بەتایبەتی. وتیشی: دەبێت لەسەر پاشەکەوتکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ئێمە کە بڕیاربوو بە بێ پاشەکەوت مووچە وەربگرن، ڕوونکردنەوە بدرێت، دەنا ھەڵوێستی دیكهمان دهبێت.
مامۆستایان ناڕازین
ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، ئاشکرایان کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت قوتی مامۆستایان و منداڵەکانیان بکاتە قوربانی ململانێی سیاسی.
ئەو ئەنجومەنە ڕاشیگەیاندووە: حکوومەتی عێراق پاش ماوەیەکی زۆر ھاتە سەر خەت بۆ پێدانی مووچەکانمان، بەڵام حکوومەتی ھەرێم ناڕاستگۆیه و مافەکانی خۆمان پێنادات.
مامۆستایانی ناڕازی ئاماژه بۆ ئهوه دهكهن، ڕێگری دهكهن لەم «دزی»یهی حکوومەتی ھەرێم لێیان دهكات.
هاوكات لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەوانان، پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێم، ڕایگهیاند: دەکرێت لە داھاتوودا دەستکاری مووچەی مامۆستایان بکرێت، ئهگهر بەغدا پارهی مووچە بنێرێت.
پەرلەمانتاران ڕوونکردنەوە دەدەن
فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق جهخت دهكهنهوه کە ئەو داھاتەی دەست ھەرێم دەکەوێت بەشی مووچەی بێ پاشەکەوتی فەرمانبەران دەکات. داواشیان لە فەرمانبەران کرد لە بەرامبەر خواردنی مافەکانیاندا بێدەنگ نەبن.
ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایگەیاند، سهرۆكوهزیرانی عێراق چەند جارێک جەختی لەوە کردۆتەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بەتەواوی وەک ئەوەی عێراق خەرج دەکرێت، لەم پێناوەشدا لیژنەی وردبینی پێکھێنا کە بە وەزارەتەکانی پەروەردە و تەندروستی دەستی پێکرد.
وتیشی: ئێمە داوامان کرد ئەو مووچەیەی بەغدا دەینێرێت بگاتە دەستی فەرمانبەران بەبێ ھیچ لێبڕینێک و ڕادهستی وەزارەتی دارایی ھەرێم نهكرێت، بهڵكو راستەوخۆ بدرێتە وەزارەتەکانی تەندروستی و پەروەردە. چونکە ئێمە دەزانین داهاتهكانی دیکەی ھەرێم بەشی ئەوە دەکات مووچەی تەواوی وەزارەتەکانی دیکەی پێ بدرێت.
ئەمین بەکر ڕاشیگەیاند: پێمان وایە لەم قۆناغەدا حکوومەتی ھەرێم دەستێکی ئەمین نیە بۆ دابەشکردنی ئەو بڕ پارەیە.
له لایهكی دیكهوه، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند: حکوومەتی ھەرێم دەیەوێت دووبارە دەست بخاتەوە بینەقاقای فەرمانبەرانی ھەرێم. وتیشی لهو داھاتەی لەبهردهستی حكوومهته، دەتوانرێت پارەی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوەتی و بێ پاشەکەوت دابین بكرێت.
ئەو دوو پەرلەمانتاره داوایان لە فەرمانبەرانی ھەرێم کرد لە بهرانبهر ئەم ھەوڵانەی حکوومەتی ھەرێمدا بێدەنگ نەبن و بەردەوام بن لە ھەڵوێستهكانیان.
s.m