کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش کە لە حیزب و رێکخستنه جیاوازه‌كانی کورد، ئاشووری - سوریانی و تورکیایی ئه‌ورووپا پێکدێت، نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆر وه‌ڵاتی دیکە کرد.
لە نامەکەدا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه کە لە ٢٠ی کانوونی دووه‌م/٣٠بەفرانبار سوپای تورکیا هێرشێکی بەرفره‌وانی بۆ سەر عەفرین دەستپێكردووە، بۆ سه‌ر هه‌رێمێك کە یەک میلیۆن هاوڵاتی تێدا ده‌ژی و ڕێژه‌یه‌كی زۆر پەنابەر لەخۆ ده‌گرێت کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سووریاوە پەنایان بردۆته عەفرین.
لە نامەکەدا هاتووە: سوپای تورکیا بەتەنیا هێرش ناكاته سه‌ر عەفرین، لەم هێرشەدا بەرەی نووسرە، سوپای ئازاد و چەندین گرووپی تیرۆریستیی دیکە شان بە شانی سوپای تورکیا بەشدارن لە کۆمەڵکوژیی خه‌ڵكی سیڤیل.
کۆمیته‌ی دیپلۆماسیی هاوبه‌ش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە: بۆ چەسپاندنی ئارامی و دێمۆكراتی لە سووریا، پێویسته هێزی هاوپەیمانان بە پێشەنگی ئه‌مه‌ریكا لە دژی هێرشی سوپای تورکیا، هاوکاریی هێزەکانی سووریای دێمۆكرات - هەسەدە بکات. هه‌روه‌ها كۆمیته‌كه داوای ڕاگرتنی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی عەفرین و ئەو پەنابەرانەی کە لەوێ ده‌ژین ده‌كه‌ن.
لە درێژەی نامەکەدا ئاماژە بەو کۆمەڵکوژییانە کراوە کە سوپای تورکیا ئەنجامی داوە و ڕاگه‌یه‌نراوه: لەم هێرشانەی سوپای تورکیادا بۆ سەر عەفرین تا ئیستا ١٥٤ هاوڵاتیی سیڤیل کوژراون کە لەناویاندا ژماره‌یه‌كی بەرچاو ژن و منداڵ هەن.
«ئەو عەفرینەی کە لەنێو خاکی سووریای هەڵوەشاوه، کەنارێکی ئارام بوو بۆ بەنابەرانی شەڕی ناوخۆ، ئێستا بە شەو و ڕۆژ لە لایەن فڕۆکە و سوپای پێشکەوتووی ناتۆوە هێرشی ئەکرێتە سەر.»
کۆمیتەکە لە نامەکەدا ڕایگەیاندووە: ئەو هێرشانەی سوپای تورکیا وەک تاوان لە دژی مرۆڤایەتی هه‌ژمار ده‌كرێت و لە رێی چەتەکانی سوپای تورکیاوە مافی مرۆڤ پێشێل ده‌كرێت، تاکە ئامانجی سوپای تورکیا قڕکردنی گەلی کورد و ئەو پەنابەرانەیە کە لە عەفرین ده‌ژین.
له درێژه‌ی په‌یامی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌دا هاتووە: هێرش بۆ سەر عەفرین بەهۆی کێشەناوخۆییەکانی تورکیایە و کینەی ئەردۆغانە لە به‌رانبه‌ر گەلی کورد. دا‌واشیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە له به‌رانبه‌ر ئەم هێرشانە ئەرکی خۆی جێبه‌جێ بكات، چونكه ئەم هێرشه هەڕەشەیه‌كی گەورەیە بۆ ئارامی و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست.
لە نامەکەدا هاتووە: بێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن سوپای تورکیاوە، بیانووه بۆ ئه‌وه‌ی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم بابەتە بباتە دادگه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی.
لە کۆتایی نامەکەدا باس له‌وه كراوه، ئەو شەڕە یەکلایەنەی کە تورکیا لە دژی باکووری سووریا دەستی پێکردووە، مەترسییه‌كی گەورەیە بۆ هەڵگرساندنی شەڕێکی گەورەی گه‌لان. ئه‌و لایه‌نانه داوایان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كردووه ڕێ له هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شه‌ڕه بگرێت.
نامەکە ئاراسته‌ی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، سەرۆکی وه‌ڵاتان، سەرۆک وەزیر و وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وه‌ڵاتانی ئه‌ورووپا، وەڵاتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا، ژاپۆن، ئوسترالیا و کەنەدا كراوه.
ناوی ئەو حیزب و رێکخراوانە کە نامەکەیان واژۆ کردووە:
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە
یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتیی یه‌كێتیی دێمۆكراتی - پەیەدە
بزووتنەوەی گۆڕان
حزبی سۆسیالیست دێمۆکراتی کوردستان
حزبی ئیسلامی کوردستان
کۆنگرەی کۆمەڵگه‌ی دێمۆكراتیی کوردانی ئه‌ورووپا - كه‌جه‌ده‌كه‌ئه
حیزبی کۆمۆنیستی کوردستان
یه‌كگرتووی ئیسلامیی کوردستان
كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان
ته‌ڤگه‌ری ژنانی کورد لە ئه‌ورووپا - تهژهكهئه
فیدراسیۆنی ئێزدییه‌كانی کوردستان
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - په‌ژاك
حیزبی زەحمەتکێشانی كوردستان
حزبی ئایندهی كوردستان
پارتیی دێمۆكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) - ڕێكخستنه‌كانی ئه‌ورووپا
پارتیی دێمۆكراتیی كوردی سووریا
پارتیی چه‌پ و دێمۆكراتیی كورد له سووریا
پارتیی چه‌پی كورد له سووریا
ئه‌نستیتۆی كورد له برۆكسل
پارتیی سه‌وزی كوردستان
یه‌كێتیی دێمۆكراتیی یارسان
پارتیی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی ئازاد - ڕۆژاڤا
بزووتنه‌وه‌ی نووژه‌نی كوردستان - سووریا
ئه‌نجومه‌نی دیاسپۆرای شه‌نگال
دیوه‌خانی كورد له ئه‌ورووپا
پارتیی یه‌كێتیی كورد - سووریا (ئه‌لوه‌حده)
پارتیی دێمۆكراتیی كورد - سووریا (ئه‌لپارتی)
كۆنگره‌ی گه‌لانی مێزۆپۆتامیا (ئاشووری و سوریانی)
پارتیی كۆمۆنیستی كوردستان - ئیران (كۆمه‌ڵه)
كۆنگره‌ی دێمۆكراتیی گه‌لان - هه‌ده‌كه ئه‌ورووپا
ش. م