رۆژی ٢٩ی کانووی دووه‌م\٩ی ڕێبه‌ندان دوو پارێزەری شاری هه‌ولێر لە دادگه‌ی هه‌ولێر ساکاڵای یاساییان له‌سه‌ر ئایدن مەعرووف، سەرۆکی فراكسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرد به‌هۆی پشتیوانیكردنی ئەو پەرلەمانتارە له هێرشه‌كانی سوپای تورکیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین. لە وه‌ڵامی سکاڵاکەدا، ئه‌مڕۆ دادگه‌ی هه‌ولێر به فه‌رمی داوای هه‌ڵگرتنی پارێزبەندی له‌سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاراسته‌ی پەرلەمان کرد.
ڕێبین سه‌باح یه‌كێك لەو پارێزەرانەی کە سكاڵاکەی تۆمار کردبوو بە ANFی ڕاگه‌یاند: دادگه‌ی هه‌ولێر لە وه‌ڵامی سكاڵاکەماندا بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە پەرلەمانی هه‌رێم کرد، پارێزبه‌ندی لەسەر ئایدن مەعرووف هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی دواتر دادگه‌یی بکرێت.
ناوبراو وتیشی: ئەگەر پەرلەمان داواکارییهكهی دادگه‌ی په‌سه‌ند كرد و پارێزبەندی لەسەر ئایدن مەعرووف هەڵگرت، ئەوا به‌پێی مادەی ٤٣٤ لە یاسای سزادانی عێراقی، ئایدن مەعرووف دادگه‌یی ده‌كرێت.
ده‌رباره‌ی ئەو مادە یاساییهشهوه ئەو پارێزەرە وتی: ئەو مادەیە تایبه‌ته بە بریندارکردنی هەستی هاوڵاتیان و بێزارکردنیان بە قسەی ناشیاو، سزاکەشی بریتی ده‌بێت لە زیندانی کردن بۆ ماوەی ساڵێك، یان غەرامەکردن بە پارە.
پارێزه‌ر ڕێبین سه‌باح داوای لە پەرلەمانی هەرێم کرد، لە دانیشتنی داهاتوویدا پارێزبەندی لەسەر ئایدن مەعرووف هەڵبگرێت. دەشڵێت: ئەم بابەتە پرسێكی نەتەوه‌یی و مرۆڤایه‌تییه كه پەرلەمان دەبێ لەژێر ئەو بەرپرسیارهتییه دەنگ لەسەر هه‌ڵگرتنی پارێزبه‌ندیی ئایدن مەعرووف بدات.
لە سەرەتای دەستپێكردنی هێرشەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر عەفرین، ئایدن مەعرووف سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ مێدیاكانی سه‌ر بە حكوومه‌تی ئاكه‌په، پشتگیری خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆنی سوپای تورکیا و چەتەکانی بۆ داگیركردنی عەفرین ڕاگه‌یاند. ئەمەش لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناڕەزایهتیی فره‌وانی لێكهوتهوه.
نووسراوی دادگه:

سكاڵای پارێزه‌ره‌كان:

ش. م