دارەکانى زاگرۆس بە هاوکاریى دەزگاکانى رژێم دەبڕدرێنەوە و بە قاچاغ دەبردرێن

بڕینەوەى دارە گەورەکانى زاگرۆس و بە قاچاغبردین لەلایەن قاغچییەکانەوە بە هاوکاریى دام و دەزگانى رژێمى ئێران رۆژ لە دواى رۆژ رووی لە زیادبوون کردووە. ئێستاش دام و دەزگاکانى رژێم لە سنە بۆ فریودانى راى گشتى باس لەدەستبەسەرداگرتنى بارهەڵگرێک داری قاچاغ دەکەن.

بڕینەوەى دار و درەختى دارستانەکانى زاگرۆس و رۆژهەڵاتى کوردستان و ناردنیان بۆ کارگەکانى دروستکردى کاغەز لە باکووری ئێران زۆر بە خێرای ئەنجام دەدرێت.

هاتووچۆی بارهەڵگرەکانى، هەڵگری دارە بڕاوەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە ناو رێگاکان و لە ناوم شارەکانى رۆژهەڵاتى کوردستاندا رۆژ لە دواى رۆژ روو لە زیادبوون دەکات. بەرپرسان و دام و دەزگاکانى رژێم جگە لە سەیرکردن هیچ کارێک بۆ رێگریکردن لە بڕینەوە و بە قاچاغبردنی دارەکان ئەنجام نادەن.

دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵی بە قاچاغبردنی دارە گەورەکانى کوردستان بۆ کارگەکانى درستکردنى کاغەزی سەر بە سوپاى پاسداران لە باکووری ئێران، دام و دەزگاکانى رژێم بۆ فریودانى راى گشتى هەواڵی دەستبەسەرداگرتنى چەندین بارهەڵگرێکى داری قاچاغیان بلاوکردوەتەوە، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە رۆژانە دەیان تۆن داری بڕاوەى دارستانەکانى پارێزگاى سنە رەوانەى دەرەوەى کوردستان دەکرێت.

تەنانەت بە وتەى سەرۆکى فەرمانگەى سەرچاوە سروشتییەکانى سنە تەنها ١٠ تۆن دار و خەڵوز دەستى بەسەردا گیراوە. ئەوەش بڵاوکردنەوەى هەواڵەکانى دەستبەسەرداگرتنى چەندین بارهەڵگری داری قاچاغ بە درۆ دەخاتەوە، چونکە تەنها دەست بەسەر یەک بارهەڵگری داری قاچاغدا گیراوە.

لەلایەکى ترەوە سەرچاوە هەواڵییەکان باس لە بڕینەوەى ١٩٥ هێکتار (٧٨٠ دۆنم) لە دارستانەکانى ساین قەڵا لە تەنیشت رووباری زەڕینە لە پارێزگاى ورمێ دەکەن و رایانگەیاندووە، ئەو دارانە لەم چەند هەفتەیەدا براون بۆ کارگەکانى دروستکردنى کاغەز لە باکووری ئێران.

 

بەهۆی قاچاغبوونی بڕینەوەى دار لە دارستانەکانى باکووری ئێران، هەلپەرستان و بەرژەوەندیپەرستان و بەکرێگیراون دەستیان کردووە بە بڕینەوەى داری دارستانەکانى زاگرۆس و رۆژهەڵاتى کوردستان و بە خێرایى داری دەیان دۆڵ و دەشت و کوێستان و لێوارى ڕووباریان بڕیوەتەوە و دارە گەورەکان یەک لە دوای یەک دەبڕنەوە و دەیانبەن بۆ کارگەکانى دروستکردنى کاغەز لە باکووری ئێران.

جگە لەوانەش بڕینەوەى لە رادەبەدەری داری دارستانەکان بۆ دروستکردنى خەڵوز، هۆکارێکى تری لەناوچوونی دارستانەکانى زاگرۆسن.

ژمارەیەک کەسی هەلپەرست و بەکرێگیراو بە بەکارهێنانى مشاری کارەبایى بە بەرفراوانى دەستیان کردووە بە بڕینەوە دارەکان و سوتاندنیان بۆدروستکردنى خەڵوز.

خەڵوزی ئەو دارانەش بۆ پارێزگاکانى تری ئێران و تەنانەت باشووری کوردستان دەنێردرێن.

هەندێک کەسی هەلپەرست و بەکرێگیراو بە سوودوەرگرتن لە بێدەنگیى رژێم بەشێوەیەکى بەرفراوان خەریکى لەناوبردنی سروشتى رۆژهەڵاتى کوردستانن و ئەوەش تەنها بۆ سوودێکى کەسیی خۆیان ئەنجام دەدەن و زیانێکى زۆر بە سروشتى وڵاتەکەمان دەگەیەنن.

یەکێک لە چالاکوانانى ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتى کوردستان باسی لە "قەیراناوی بوونی" دۆخی دارستانەکانى زاگرۆس و رۆژهەڵاتى کوردستان کرد و رایگەیاند، کەسانێکى هەلپەرست و بەکرێگیراو بە هاوکاریى دام و دەزگاکانى رژێم و لە چوارچێوەى سیاسەتى رژێم بۆ کاولکردن و بە بیابانکردنى رۆژهەڵاتى کوردستان دەستیان بە بڕینەوە و کاولکردنى دارستانەکان کردووە، بۆیە دەبێت هەر چۆنێک بووە لە دژی ئەو کارەیان بوستینەوە تاوەکو سروشتى کوردستان لەوە زیاتر کاول نەکرێت.

ر.م