دوران کاڵکان: تورکیا ویلایەتى ١٧هەمینى ئەڵمانیایە

دوران کاڵکان ئەندامەى کۆمیتەى بەڕێوەبەرى پەکەکە، پەیوەندییەکانى تورکیا – ئەڵمانیا و سیاسەتەکانى ئەڵمانیا بەرامبەر بە پەکەکە – کوردان-ی هەڵسەنگاند.

٢٥ ساڵ بەسەر ئەو قەدەغەکارییەى ئەڵمانیادا تێپەڕی، کە بەسەر پەکەکەیدا سەپاندوویەتی. وەزارەتى ناوخۆى ئەڵمانیا هەموو ساڵیک ئەو قەدەغەکارییە لەسەر پەکەکە تازە دەکاتەوە. هەفتەى ڕابردووش هەڵیکوتایە سەر ڕێکخراوە کوردییەکان.

ئەڵمانیا، کە ماوەى ٣٠ ساڵە پشتیوانى لە تورکیا دەکات، لە سەرەتاى ساڵانى ١٩٨٠ەوەکانەوە لە بەرامبەر بزووتنەوەى ئازادیى کوردان سیاسەتى "تێکدەرانە" و "پاکتاوکارانە"ى بەڕێوە دەبرد. دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریی پەکەکە، کە لە ساڵى ١٩٨٨ تاوەکو ١٩٩٤لە زیندانەکانى ئەڵمانیادا دیلکرابوو. هەڵسەنگاندنی بۆ پەیوەندیى تورکیا – ئەڵمانیا و سیاسەتى ئەڵمانیا بەرامبەر بە پەکەکە – کوردان-ی کردووە.

دوران کاڵکان ئەوەى خستەڕوو، تورکیا حکومەتى ئەڵمانیا بە هی خۆى دەزانێت. ڕاشیگەیاند، ئەڵمانیا لە چەند ویلایەتێک پێکدێت، مرۆڤ دەتوانێت تورکیا بە یەکێک لەو ویلایەتانە زیاد بکات. کاڵکان ئەوەشى وت "لەبەر ئەوەى کرێکارانى تورک چوونەتە ئەڵمانیا، لە ئەڵمانیاش، کۆمەڵگا ئاوێتەى یەکتر بوو و بەو هۆیەوە پەیوەندییەکانیان زیاتر بوون".

کاڵکان لە درێژەى بابەتەکەیدا نووسیویەتى "لە ساڵانى ١٩٨٠کاندا ئێمە لەوە تێگەیشتین، کە مێزى ناتۆ، مێزى تورکیا و ئەڵمانیایە. بەڵێ، ناوەندى ناتۆ لە برۆکسلە، بەڵام مێزى تورکیا لە ناتۆدا، لە ئەڵمانیایە. لەبەر پەیوەندییە ئابووری و ستراتیژییەکان، مێزەکەى تورکیا لە ناتۆ، لە ئەڵمانیایە. 

لەبەر ئەوەش بارەگا و ناوەندى بەڕێوەبردنى کودەتاى فاشیستەکانی ١٢ى ئەیلولی ١٩٨٠ی تورکیا، ئەڵمانیایە. بەڕێوەبەرانى ١٢ى ئەیلول لە ئەنقەرەوە بەڕێوە نەبران، بەڵکو لە ئەڵمانیاوە بەڕێوەبران. پێش هەموان ئەڵمانیا هێرشى کردە سەر تێکۆشانى پەکەکە و ئامادەکاریی گەریلاکان. ئەڵمانیا هێزى بەخشییە ئەو کەس ولایەنانەى مەیلى پاکتاوکاری و کارى جیاوازیان هەبوو. ژمارەیەکى زۆر سیخوڕیان ئامادە کرد و ناردنیانە سەر پەکەکە.

لە دواى ١٥ى ئاب، ئەو ناوەندەى کە لە ئەنقەرە زیاتر شەڕی لە دژى گەریلاکان ئەنجامدا ئەڵمانیا بوو. ئەڵمانیا تەنها کارى دوژمنایەتى لە بەرامبەر بزووتنەوەى ئازادیى کوردستان ئەنجام نادات، بەڵکو ستراتیژ و تاکتیکیش بۆ تێکدان و نەمانى ئەو بزووتنەوەیە دادەنێت. بە تایبەتیش لەم ساڵانەى دوایدا لە ئەڵمانیاوە شەڕ لە دژى پەکەکە دەکرێت و فەرماندەیى شەڕەکەش دەکەن.

کاڵکان لەبارەى سیاسەتەکانى ئەڵمانیا بەرامبەر بە کوردان وتى "گەلۆ بە ڕاستى ئەڵمانیا سیاستى بەرامبەر بە کوردان هەیە؟ یان ڕاستتر گەلۆ، ئەڵمانیا کوردانى قبوڵ دەکات یان نا؟ کوردان وەک گەل دەناسێت؟ ئایا ئەو مافەى کە بە گەلانى ترى ڕەوا دەبینیت بۆ کوردیش بە ڕەواى دەزانێت؟ ئەوانە هیچیان ڕوون نین. لە ئەڵمانیا ژمارەیەکى زۆرى سیاسەتمەدار لە هەموو کەس زیاتر باسى مافى مرۆڤ دەکەن، باسى کورد دەکەن، وتەى وەک  "مافەکانى کورد" لە ئەڵمانیا زۆر بەکاردەهێنرێت. لە کاتى دانیشتنى ئێمە لە (دادگای) دۆسلدۆرف دادوەر و داواکارى گشتى هەر بەو شێوازە قسەیان دەکرد. دادوەرەکەى دادگا بە منى دەوت "ئێمە پشتیوانى لە بوونى کوردان و گەلی کورد دەکەین، بەڵام پەکەکە ڕێکخستنێکى تیرۆرە و ئێمە لە دژى ئەوەین"، پارێزەرەکەى منیش وتبووى "کورد یەکسانە بە پەکەکەش یەکسانە بە ئاپۆ. وتبوى ئەوە پاکێجە لێکدانەبڕاوەکەیە. ئەو کەسانەى کە ئەو پاکێج و بیرەیان قبوڵ نییە و باسى بوون و مافى کوردان بکەن، ئاوا قسەکانیان و کردەوەکانیان هیچ نرخێکى نابێت. لەوکاتەدا پەیوەندی و سیاسەتى تورکیا – ئەڵمانیا زۆر باش بوو. حکومەتى ئەڵمانیا دەیوست لە بوارى ئابوورییەوە سوود لە تورکیا بەدەستبخات.

لە دادگاکەى دۆسلدۆرف داواکارى گشتى وتى "ڕەخنە لە ئەڵمانیا نەگرن.  ڕەخنەش لە پەیوەندیى ئەڵمانیا – تورکیا نەگرن، بەڵام  دەتوانن بە بەڕێوەبەرایەتیى تورکیا بڵێن فاشیست". بەو شێوەیە دەیانویست گوشارەکان لەسەر تورکیا کەم بکەنەوە. دەیانویست لە ڕێگەى ئێمەوە هەڕەشەش لە تورکیا بکەن. بۆ ئەوەى بتوانن سوودى ئابووریى زیاتر لە تورکیا بەدەستبهێنن. مرۆڤ  دەتوانێت لەو چوارچێوەیەدا سیاسەتى ئەڵمانیا لەسەر کوردان لێکبداتەوە. دەردى ئەوانە ئەوەیە، کە چۆن گوشار بخەنە سەر تورکیا. ئەڵمانیا بە تورکیا دەڵێت "ئەگەر ئێوە داواکانى ئێمە جێبەجێ نەکەن، ئێمەش کوردان هاندەدەین". ئەڵمانیا نایەویت هیچ بۆ کوردستان بکات. دەیەوێت مافى کوردان بۆ خۆى بکاتە هۆکارێک بۆ چەوسانەوە و داگیرکردن. ئەو سیاسەتەش بەرامبەر بە تورکیا و ئێران جێبەجێ دەکات".

کاڵکان لەبارەى پەیوەندییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (PDK) و ئەڵمانیا وتى "پەکەکە نوێنەرایەتیى ئیرادەى کوردى ئازاد دەکات. ئەگەر ئەڵمانیا پەکەکە قبوڵ بکات، ئەوە بەو مانایە  دێت، کە ناتوانێت لە کوردستان بەپێى ئەوەى کە خۆى دەیەوێت هەڵسوکەوت بکات، بەڵام پەدەکە لەگەڵ ئەڵمانیا وا نییە. پەدەکە هیچ ئیرادەیەکى نییە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک پەیوەندییەک لەگەڵ پەدەکە دروست بکرێت لایەنى بەرامبەر دەتوانێت تاڵانى و دزى لە پەدەکە بکات و ... هتد.

لەبەر ئەوەشە ئەڵمانیا ناتوانێت بوونى کوردان قبوڵ بکات. بەکارهێنانى وشەکانى کورد و کوردستانیش بۆ ئەوەیە درێژە بە چەوسانەوە و دادۆشینى خۆیان بدەن. کێ دەرفەتى دادۆشینى پێ بدات پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ دەبەستێت، بەڵام کێ لە بەرامبەریاندا ڕاوەستێت پێى دەڵێن "تیرۆریست". لەبەر ئەوەش نابێت مرۆڤ بڵێت ئەڵمانیا بوونى کوردانى قبوڵە و مافە دیموکراتیکەکانى دەپارێزێت. لە سیستمى ئەلمانیادا هیچ شتێکى لەو شێوەیە بوونى نییە. لەلای ئەوان بەرژەوەندی، کار و دادۆشین هەیە. لەبەر ئەوەش لە ڕووى مێژوییەوە هەموو کات بە چاوی دوژمن سەیرى کوردان دەکەن. بوونی کوردان و بزووتنەوەى ئازادیى کورد بۆ خۆیان بە دوژمن دەزانن".

کاڵکان لەبارەى قەدەغەکارییەکانى ئەڵمانیا لەسەر پەکەکە وتی "لە تشرینى دووەمی ١٩٩٣ / سەرماوەز دا و کاتێک ڕۆژێک مابوو بۆ ١٥هەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنى پەکەکە، حکومەت و پەرلەمانى ئەڵمانیا پەکەکەیان قەدەغە کرد. بە بۆچوونى من کاتێک ئەڵمانیا بڕیارى قەدەغەکردنى پەکەکەی دا، سەیرى ڕێککەوتى ساڵڕۆژى دامەزراندنى پەکەکەى نەکردبوو، بەڵام دادگا ئەوەى لەبەر چاو بوو. زیندانیکردنمان ٦ ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام نەیانتوانیى هیچ تاوانێک بسەلمێنن و نەشیانتوانى سزاى زیندانیکردنیش دەربکەن. ئەو دادگاییکردنە بوو بووە بارێک لەسەر شانیان. دادگایکردنەکەیان بە پڕوپاگەندەى زۆرەوە دەستپێکردبوو، بەڵام نەیانتوانیبوو لە ماوەى ٦ ساڵدا هیچ بسەلمێنن. لەوەشدا و لە هەموو کەس زیاتر دادوەر و داواکارى گشتیى دادگاکەى دۆسلدۆرف نیگەران بوون".

کاڵکان لەبارەى کۆتایهاتن دادگاکەوە وتى "پێش دەرکردنى بڕیاى قەدەغەکردنى پەکەکە، دادوەرەکە و داواکارى گشتى هەڵیاندابوو لەگەڵ ئێمە ڕێکبکەون و کۆتایى بە دادگاییەکە بهێنن. خواستبویان چاویان بە ئێمە بکەوێت، ئێمەش وتمان باشە با بێن. رۆژێک لەو ژووری زیندانەکەدا من و پارێزەرەکەم دانیشتکێمان لەگەڵیان بۆ مامەڵکردن ئەنجامدا. بابەتى مامەڵەکە ئەوەبوو، کە ئەوان بە منیان وت "ئێمە دەمانەوێت کۆتایى بەو دۆسیەیە بهێنن. ماوەى ٦ ساڵە ئێوە لە زینداندان. ئەڵمانیا ناتوانێت ئێوە تاوانبار بکات و دواتریش لێبوردنتان بۆ دەربکات. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێوە سزا بدرێن. بۆ سزادانیش بوونى تاوان پێویستە". لێم پرسین ئێوە چیتان دەوێت، وتیان "تاوانەکە قبوڵ بکە. لە دادگا سزاتان دەدەین و دواتر ئازادتان دەکەین. ئێمە بەو شێوەیە  دەتوانین کۆتایى بەو دۆسیەیە بهێنین". ئێمەش بەوانمان وت "ئێمە بێ تاوانین. ئێمە بۆ ئەو تاوانە قبوڵ بکەین. ئەوەتا ماوەى ٦ ساڵە لە زینداندام. پێش ئەوەى زیندانتان بکردامەیە ئەمەتان بگوتایە. منیش قبوڵم دەکرد، ئەوەتا ٦ ساڵ زیندانم. دەوڵەتى ئەڵمانیا دەیەوێت بەوە ڕووى خۆى پاک بکاتەوە، بەڵام ئێمە چیمان دەست دەکەوێت. ئێمە ٦ ساڵ زیندانین. دەتوانین ٦ ساڵى تریش لە زینداندا بمێنینەوە، بۆیە داواکەتان ڕەتدەکەینەوە".

لە دواى ئەوەى ئەڵمانیا بە ئامانجەکەى نەگەیشت تەنها ئەوەى لە دەستدا مایەوە، کە پەکەکە بە ڕێکخستنێکى تاوانکار ڕابگەیەنێت. لەبەرئەوەش ئەڵمانیا لە تشرینى دووەمی ١٩٩٣دا پەکەکەى بە ڕێکخستنێکى تاوانکار ناسى و سزاى ٦ ساڵ زیندانیکردنیشى بەسەر ئێمەدا سەپاند. بەڵام کاتێک لە ساڵى ١٩٨٨دا ئێمە دەستگیرکراین، ئەو یاسایە (یاساى قەدەغەکردنى پەکەکە) دەرنەکرابوو. بە بڕیارێک لە ساڵى ١٩٩٣دا و بەپێشێلکردنى مافەکان، ئێمەیان سزا دا. ئێمەش لە بەهاری ١٩٩٤دا ئازاد کراین. قەدەغەکردنى پەکەکە لە ساڵى ١٩٩٣دا لەسەر ئەو بنەمایە بوو. ئەو قەدەغەکارییە پەیوەندیى بە تێکۆشان لە کوردستان و پەیوەندیى نێوان ئەڵمانیا – تورکیا نەبوو. هەندێک کەس دەڵێن لە ئەڵمانیا چالاکیى جەماوەری ڕێکخران و لەبەر ئەوە پەکەکە قەدەغەکرا، بەڵام قەدەغەکارییەکە پەیوەندیشى بەوەوە نەبوو".

دواتر دادگاى باڵا سزاکەى هەڵوەشاندەوە. دادگاى مافى مرۆڤى ئەوروپاش بڕیارەکەى هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، دەوڵەتى ئەڵمانیا تاوانبارە. دەیشیتوانى بڕیارەکەى قورستر بکردایە، چونکە ٦ ساڵ ئەو مرۆڤانە لە زینداندا دیلکران. دادپەروەری و دیموکراسیى بۆ ئەو بابەتە لە کوێیە؟ کاتێک بابەتەکان پەیوەندیى بە کورد و کێشەى کوردەوە هەبێت، هەق و ماف و دیموکراسى بوونى نییە. لە ساڵى ١٩٨٨دا زیندانیکرام، بەڵام بۆ لەبەر یاسایەک، کە لە ساڵى ١٩٩٣دا دەرکراوە، زیندانى بکرێم. گەلۆ شتێکى لەو شێوەیە گونجاوە؟ کەس ئەو پرسیارە ناکات و بیرى لێناکاتەوە، بەڵام ئەوە ڕاستییەکەی.

بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە. ئەوە چەند دادپەروەرانە و بەپێى پێوەرى مافەکان بووە، بۆ ویژدانى مرۆڤەکان بەجێدەهێڵین.

سەرچاوە: یەنى ئۆزگیور پۆلیتیکا

ر.م