زیندانیان ڕێگە بە پشکنین بە ڕووتی نادەن و بەو هۆیەوە سزای ژووری تاکەکەسییان بەسەردا دەسەپێنن

زیندانیانی ژن لە زیندانی مێردین ڕایانگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گرتووخانەکە ناچاریان دەکات بە ڕووتی پشکنینیان بۆ بکرێت و کاتێک ئەوەش قبوڵ ناکەن رووبەڕووی سزای زیندانی تاکەکەسی (حوجرە) دەبنەوە.

ئەشکەنجە و گوشارەکان لەبەرامبەر زیندانییە سیاسییەکان لە کوردستان و تورکیادا بەردەوامە. زیندانیانی ژن لە زیندانی مێردین جۆری (ئەی) نامەیان بۆ خانەوادەکانیان نارد و تێیایدا باسیان لە دۆخی زیندانەکان کرد. لە نامەکەدا ڕایانگەیاند، بە سیاسەتێکی نوێ ئەشکەنجە و فشارەکان لەسەریان بەردەوامە و وتیان، " فشارێکی زۆری دەروونی و فیزیکیمان لە سەرە. ڕۆژێک دێت فشار و کردەوەکانیان لە زیندانەکاندا تێکدەشکێت، بەڵام ویستمان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە باس لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بکەین."

زیندانیان ئاماژەوان بەوەدا، بە هۆی ئەوەی یادی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کوردیان کردووەتەوە یەک مانگ سزادراون. هەروەها بەهۆی ئەوەی نەفیکردن و دوورخستنەوەی  ٢ هەڤاڵمان شەرمەزار کرد مانگێکی تر سزایان بەسەردا سەپاندین و نەیانهێشت کەسوکارەکانمان ببینین. لەگەڵ بەرێوەبەریی زیندانەکە قسەمان کرد، بەلام هەڕەشەی نەفیکردن و دوورخستنەوەشی لە ئێمە کرد. چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە هۆی وتنی گۆرانیی کوردی و هەڵپەڕکێی کوردی، مانگێک سزایان داین و چاوپێکەوتنی کەسوکارەکانیان قەدەغە کرد.

هەفتەی ڕابردوو هەڤالێکمان کە لە دادگا دەگەڕایەوە، بە زۆر هەوڵیاندا بە ڕووتی پشکنینی بۆ بکرێت، بەلام لەبەرئەوەی قبوڵی نەکرد سزای زیندانیی تاکەکەسییان بەسەردا سەپاند. ژمارەیەک هەڤاڵیشمان کە لە دۆزی مێردین دەستگیرکراون و تەمەنیان بچووکە هەوڵیان دا بە رووتی پشکنینیان بۆ بکەن، بەڵام ئەوانیش قبوڵیان نەکرد و سزایی زیندانیی تاکەکەسی دران. دوای ئەوەی هەڤاڵیکی دیکەمان لە دادگا گەڕاوەتەوە، دروشمی وتووە و ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە بووەتەوە. زۆر جار داوای کۆتاییهاتنی ئەم دۆخە دەکەین، بەڵام وڵاممان نادرێتەوە و پێویستە پارێزەران لە سەر ئەم بابەتە کار بکەن.

ف.ق