په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، هێرشەکانی تورکیای بۆ سەر عەفرین وەک داگیرکاری ناساندبوو، بڕیاری دابوو لە دژی هێرشەکان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی گەلی عەفرین بکات. داواشی کردبوو بەپەلە کۆنگرەی یەکێتیی نەتەوه‌یی ببەسترێت.
سالار مه‌حموود، په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتیی كوردستان - یه‌نه‌كه، له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات، ڕایگه‌یاند؛ په‌ڕله‌مان بڕیاری داوە پشتگیری لە شەڕڤانان، گەلی عەفرین و خاکی ڕۆژئاوای کوردستان بکات. هەروەها بڕیاری داوە به گەیاندنی هاوکاری لۆجستی، دەرمان و کردنەوەی سنوورەکان. داواشی لە حکوومەت کردووە کە ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات. سالار مەحموود ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش دەکات؛ په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان، هێرشی دەوڵەتی تورکیای به داگیرکاری ناساندووه.
په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی فراكسیۆنی یه‌نه‌كه ده‌ستنیشانی كرد؛ بڕیارەکانی په‌ڕله‌مان، ڕووبەڕووی هێرشی دەزگه‌کانی ڕاگەیاندنی تورکیا بوویەوە. ئه‌وه سەلمێندرا کە بڕیارەکانی پەڕله‌مانی هه‌رێم درووست و لەجێی خۆیدا بووە. هەر بۆیە په‌ڕله‌مان كه نوێنەرایەتی گەلی هه‌رێمی کوردستان دەکات، بەدواداچوون بۆ بڕیارەکانی خۆی دەکات.
سالار مەحموود، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ بڕیاری په‌رله‌مانی هه‌رێم كرد ده‌رباره‌ی به‌ستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و وتی: ئەوە بریارێکی زۆر گرینگ بوو. پێویستە هەموو پارتی، هێز و ڕێكخراوه‌كانی کوردستان پەیوەست بن بەو بڕیارەوە. تا ئێستا لەو بابەتەدا هەنگاوێک نەنراوە. ئەوە جاری یەکەمە کە په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان وەها بڕیارێک دەدات. گەلی ئێمە چاوه‌ڕوانە کە لە دوای ئەو بڕیارەوە هەموو پارتیی، ڕێکخراو و گرووپی سیاسی، ئەو کۆنگرەیە ساز بکەن.
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی به هه‌ڵوێستی چه‌ند كه‌س و لایه‌نێكی تورکمانی هه‌رێمی کوردستان كرد كه پشتیوانی‌یان له هێرشه‌كانی توركیا بۆ داگیركردنی عه‌فرین كردبوو. وتی؛ ئەو تورکمانانەی لێره و له‌وێ پشتیوانی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەکەن، نوێنەرایەتی گەلی توركمانی باشووری کوردستان ناکەن. لە بڕیارەکانی په‌ڕله‌مانی هه‌رێم كه دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین بوو، ڕۆڵی ئه‌رێنیی نوێنەرانی تورکمان لە پەڕلهمان زۆر بەرچاو بوو. گەلی تورکمان لە باشووری کوردستان، دژی هێرشه‌كانی تورکیان بۆ سه‌ر عەفرین.
له لایه‌كی دیكه‌وه، حەسەن جیهاد، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له لێدوانێكدا به ئاژانسی هه‌واڵی فوراتی ڕاگه‌یاند؛ دەوڵەتی تورکیا لەو هێرشانە هیچ ئەنجامێکی وەدەست ناکەوێ. وتیشی توركیا پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی كردووه، هێزە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر ئەو هێرشانە دووڕوویانە مامەڵە دەکەن.
جیهاد ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات؛ ئەگەر بە شەڕ توانرابا شتێک وەدەست بخرێ، زۆر وه‌ڵاتی دیکە لەپێش ئەوان و لەوانیش باشتر شەڕیان کردووە. تورکیا لە هێرشەکانی لە دژی گەلی کورد سەر ناکەوێت. پێویستە لەوە تێبگات کە دەبێ کێشەی کورد بە ڕێبازی دێموکراتیانه چارەسەر بکات. دەبێ دان به ناسنامە، زمان، کو‌لتوور و خۆبەڕێوەبەریی کوردان دابنێت. بە داگیرکاری تەنیا دوژمنایەتییەکان زیاتر و قوڵتر دەبنەوە.
ش. م