سوروجو: بوونى بەڕێز ئۆجەلان ڕێگا بۆ ئازادى دەکاتەوە

عایشە سوروجو هاوسەرۆکى هەدەپە لە رحا وتى "بوونى بەڕێز ئۆجەلان و ئازادییان، ئاشتى و ئارامى و ئازادى بۆ ئەم خاکە دەگەڕێنێتەوە".

عایشە سوروجو هاوسەرۆکى هەدەپە لە رحا وتى "بوونى بەڕێز ئۆجەلان و ئازادییان، ئاشتى و ئارامى و ئازادى بۆ ئەم خاکە دەگەڕێنێتەوە".

عایشە سوروجو هاوسەرۆکى هەدەپە لە رحاى باکووری کوردستان دەستنیشانیکرد، عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەرى گەلی کورد بە بۆچوون و توانایى و فەلسەفەکەى نەخشەیەکى نوێى بۆ هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست خستووەتەڕوو.

سوروجو وتى ئۆجەلان بۆ هەموو ژنان رێبەرێکى گرنگە و وتیشى "بەڕێز ئۆجەلان بە ئافراندنى کۆمەڵگایەکى دیموکراتیک و ئازاد، ژیانێکى یەکسان و ئازادیپارێزیى ژنى پێشخست. لەبەر ئەوەش ٤ى نیسان / ١٥ى خاکەلێوە و بەڕێز ئۆجەلان تایبەتن. رۆڵى بەرێز ئۆجەلان لە چارەسەرکردنى کێشەى کورد یەکلاکەرەوەیە. پێشتریش ئەوەمان بە بابەتێکى ئاشکرا زانیوە و باسمان کردووە".

سوروجو دەستینشانیشیکرد، بۆ ئەوەى ئاشتى و ئازادى و چارەسەریى کێشەکان نەیەتەدی، ئۆجەلان گۆشەگیرکراوە و لە درێژەى وتەکانیدا وتى "بەڕێز ئۆجەلان موخاتەبی ئاشتى و دانوستاندن و کلیلی چارەسەرییە بۆ کێشەى کورد و بۆ ئەوەى کێشەى کورد چارەسەر نەکرێت، گۆشەگیریان کردووە".

"وڵات بەرەو دۆزەخ دەڕوات"

سوروجو ئەوەى بە بیرهێنایەوە، کە مۆڵەتیان پێنەدرا بۆ چالاکیی ٤ى نیسان / ١٥ى خاکەلێوە بچن بۆ گوندى ئامارا و لەوبارەیەوە وتى "ئێمە لە بارەگاى حزبەکەمان لە ناوچەى خەلفەتى کۆبووینەوە. ویستیان جەماوەر بڵاوەپێکەن. لەبەر ئەوە ئێمە لەگەڵ شاندێک لە پەرلەمىانتاران و هاوسەرۆکان هەوڵماندا پێکەوە بچین بۆ گوند، بەڵام لە نیوەى ڕێگەدا وتیان 'چون بۆ گوند قەدەغەیە' و گەمارۆیان داین و نەیانهێشت بڕۆین. لە راستیدا لەوە تێناگەم، کە دەوڵەت بۆ لە بۆچوون و رۆژبوونى بەڕێز ئۆجەلان دەترسێت؟ خۆ بوون و ئازادیى بەڕێز ئۆجەلان ئاشتى، ئارامی و ئازادى بۆ ئەم خاکە دەهێنێت. هیوادارام ٤ى نیسان / ١٥ى خاکەلێوە ببێتە دەرفەت بۆ ئاشتییەکى هەمیشەیى و نەهێشتنى گۆشەگیرى لەسەر بەڕێز ئۆجەلان و دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و بۆ ئەوەش لەم رۆژەدا، رۆژبوونى بەڕێز ئۆجەلان و هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پیرۆز دەکەم".

"لە خاوەنداریکردن لە بەڕێز ئۆجەلان دەترسن"

سوروجو باسى ئەوەشیکرد، ٩ لەو کەسانە دەستگیرکران، کە دەیانویست بچن بۆ ئامارا و بۆ ئەوەش وتی "لە ناو کەسە دەستگیرکراوەکاندا هاوسەرۆکانى ئێمە لە شار و ناوچەکاندا هەن. بۆ پیرۆزکردنى ٤ى نیسان / ١٥ى خاکەلێوە چوون بۆ گوند. ٥ کەسیان لە ماڵى محەمەد ئۆجەلان دەستگیرکرابوون. بڕیاریاندابوو، کە لە گوندى ئامارا و لە ناوەندى خەلفەتی- یشدا ڕێگری بکەن لە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراو، یان کۆنفرانسى رۆژنامەنووسى. بێگومان ئەو بڕیارە لەسەرەوە دراوە، چونکە هەموو ڕێگاکانى خەلفەتی داخرابوون. بەشێک لە گەلەکەمان لە شارەکانى سەرحەدەوە هاتبوون، بەڵام لە سیوەرەکەوە گەڕاندبوونیانەوە. هەڕەشەیان لێکردبوون، ئەگەر یەک هەنگاو بڕۆنە پێشەوە، دەستگیریان دەکەن. لە ناوچەکانى بیرەجوک و وێرانشار-یش هاووڵاتیان راگیران. یانى قەدەغەکارییەکى قورس هەبوو. ئەگەر مرۆڤ بە رستەیەک ئەو دۆخە باس بکات، ئەوەیە کە دەتوانین بڵێین، دەوڵەت لە خاوەنداریکردن لە بەڕێز ئۆجەلان دەترسێت. لەبەر ئەوەشە دەیەوێت بەڕێز ئۆجەلان لە بابەتى رۆژ بهێنێتە دەرەوە و پەراوێزى بخات و ئەو و گەلى کورد لەیەکتر داببڕن".

"گەلەکەمان پەیامى خۆى گەیاند"

سوروجو وتى دابڕاندنى گەلی کورد و ئۆجەلان ئەستەمە و لەو بارەیەوە وتى "بەڕێز ئۆجەلان لە ڕێگەى فەلسەفەکەیەوە خۆى بە گەلی کورد و هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست ناساندووە و ئەوانیش قبوڵیانکردووە. گرنگە دەوڵەتیش ئەوە ببینێت و قبوڵى بکات. هەر چەند قەدەغە و لەمپەریشیان دانا، بەڵام ئێمە گەیشتین بە ئامانجەکانمان. گەلەکەمان خاوەنداریى لەو ڕۆژە کرد و پەیامى ئەوەى دا، کە گۆشەگیرییەکە دەشکێنرێت و بەڕێز ئۆجەلانیش ئازاد دەکرێت. لە دواى ئەو ڕێگرییانە ئێمە لە بارەگاى حزبەکەمان لە خەلفەتی ڕاگەیاندراوێکمان بڵاوکردەوە.

رۆژى ٣ى نیسان / ١٤ى خاکەلێوە، هێزە چەکدارەکانى دەوڵەتى تورک هەڵیانکوتایە سەر ماڵى محەمەد ئۆجەلان، براى ئۆجەلان و سەر ماڵى بەکر کاراکچیلی هاوسەرۆکى دەبەپە لە رحا و یوسف تۆپالئۆغڵو-ی رۆژنامەنووس و بە گشتى ٩ کەسیان دەستگیرکرد، بەڵام دواى رۆژێک ئازادکران.

ر.م