سوپاى تورکی داگیرکەر رێگا نادات خەڵکی برادۆست ئاگری نەورۆز بکەنەوە!
سوپای داگیركەری تورك ھەڕەشەی لە ھاووڵاتییانی گوندەكانی ھەرێمی برادۆستی سنووری پارێزگای ھەولێر كردووە، کە نابێت ئاگری نەورۆز بكەنەوە.
سوپای داگیركەری تورك ھەڕەشەی لە ھاووڵاتییانی گوندەكانی ھەرێمی برادۆستی سنووری پارێزگای ھەولێر كردووە، کە نابێت ئاگری نەورۆز بكەنەوە.
بەپێی زانیارییەكان سوپای توركیا لە چیادێل بە خەڵكی گوندەكانی خەلیفان، لێلیكان، گورەشا، بوزێنە، ناومێرگان و برەسەنان-ی راگەیاندووە، نابێت ئاگری نەورۆز بکەنەوە و ئەوەش نیگەرانی و ناڕەزایەتیى هاووڵاتییانى ئەو گوندانەى لێکەوتووەتەوە.
سوپاى تورکی داگیرکەر بە هاووڵاتییانى ئەو گوندانەى راگەیاندووە، لە ھەر گوندێك ئاگری نەورۆز بكرێتەوە دوای تووشی ئیجرائات و لێپرسینەوە دەبنەوە!.
ئەو هەڕەشەیەى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە کاتێکدایە، هاووڵاتییانى ئەو گوندانە هەموو ساڵێک لەسەر چیا و دەوروبەری گوندەكانیان ئاگری نەورۆزیان بە ئازادی دەکردەوە، بەڵام لە ئێستادا ھێزێكی داگیرکەر و بێگانە و فاشیست ھەڕەشەی ئەوەى کردووەو، کە نابێت ئەو هاووڵاتییانە لەسەر خاکی خۆیان ئاگری جەژنی نەتەوەیی نەورۆز بکەنەوە.
هاووڵاتییانى ئەو گوندانەش دەلێن، ئاگری نەورۆز دەكەینەوە و كەس ناتوانێت ڕێگریمان لێبكات .
سوپای توركی داگیرکەر ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ھەرێمی برادۆستی داگیرکردووە و چەندین بنکەى سەربازی و هەواڵگری و چەتەگەریى لەو ناوچەیەدا دروستکردووە و بەردەوامیش ناوچەكە بە فڕۆکەی جەنگی، تۆپخانە، هاوەن و دۆشکا و چەکی قورس بۆردومان دەکات و زیانێکى زۆری بە هاووڵاتییان و سروشت و ژینگەى ئەو ناوچەیە گەیاندووە.
ر.م