سوپای تورکی داگیرکەر هەڵیانکوتایە سەر گوندی بانکێی حەفتانین و خاپوریان کرد
هێزەکانی تورکی داگیرکەر دواى ئەوەى هەڵیانکوتایە سەر گوندی بانکێ لە نزیک پیربولای حەفتانین هەندێک لە ماڵ و خانووی هاووڵاتییانیان تاڵانکرد و هەندێکیشیان رووخاندن.
هێزەکانی تورکی داگیرکەر دواى ئەوەى هەڵیانکوتایە سەر گوندی بانکێ لە نزیک پیربولای حەفتانین هەندێک لە ماڵ و خانووی هاووڵاتییانیان تاڵانکرد و هەندێکیشیان رووخاندن.
دەوڵەتی تورکی داگیرکەر رۆژی ٢١ی ئاب و لە کاتژمێرەکانی بەیانیدا هەڵیانکوتایە سەر گوندەکانى بانکێ و مینینەی سەر بە شارۆچکەى باتوفا لە پارێزگای دهۆک و دەستیانکردبوو بە رووخاندنی خانووی هاووڵاتییان.
بەهۆی ئەو هێرش و هەڵکوتانەى سوپای تورکی داگیرکەرەوە هاوڵاتییان ناچاربوون گوندەکەیان چۆڵ بکەن. بەڵام لە دیمەنەکانی دوای هێرشەکەدا، کە لەلایەن هاووڵاتییانەوە تۆمار کراوە، ماڵی هاووڵاتییان لەلایەن سوپای تورکەوە رووخێنراون و چەند ماڵێکیش بە تەواوی خاپوورکراون و زیانیش بە هەندێک خانووی تری هاووڵاتییانی گوندەکە گەیشتووە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە هاووڵاتییانی گوندەکە خواستیان بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان بۆ سەر باخ و رەزەکانیان، بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)ەوە رێگرییان لێکرا و بەو هۆیەوە لە نێوان هیزە چەکدارەکان پەدەکە و هاووڵاتییاندا کێشە دروستبوو.
هاووڵاتییانی ئەو گوندە رایانگەیاند، نازانن چی بەسەر باخ و باخچە و رەزکانیاندا هاتوە، کە تاکە سەرچاوەى بژێویی ژیانیانە، بۆیە پێداگری دەکەن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان، بەڵام پەدەکەش بەردەوامە لە رێگریکردن لە هاووڵاتییانی گوندی بانکێ.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی ئەو دۆخە داگیرکەران لە بناری چیای گوندەکەدان و بە بەردەوامی لەگەڵ گەریلاکاندا لە شەڕدان. هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی بەرەنگاریی گەریلاکانەوە هێزەکانی تورک ناتوانن هیچ پێشڕەوییەک بکەن.
بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە گوندی ئەولە لە نزیک بانکێ چۆڵکرابوو. هاووڵاتییانی ئەو گوندە ئێستا ناڕەزایەتی لە دژی چۆڵکردنی گوندەکەیان نیشان دەدەن، بەڵام سەرباری ناڕەزایەتییەکانی ئەو هاووڵاتییان دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەیەوێت گوندی بانکێ-یش چۆڵ بکات.
ژ.ت