'سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی بەسەر تەواوی وڵاتدا سەپێنراوە'

هولیا ئالۆکمەن هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری ئامەد رایگەیاند، گۆشەگیریی ئیمراڵی بەسەر تەواوی وڵاتدا سەپێنراوە و راشیگەیاند، تاوەکو کێشەى کورد چارەسەر نەکرێت کێشەکانی تری تورکیا چارەسەر نابن.

هولیا ئالۆکمەن ئویانک هاوسەرۆکی رێکخستنەکانی هەدەپە لە شاری ئامەد لەبارەی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و راپۆتی ئەمدواییەى کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی) رایگەیاند، دەیانەوێت بە گۆشەگیرکردن ئۆجالان داببڕن و پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بپچڕێنن. راشیگەیاند "کاتێک مرۆڤ سەیری شێوازی هێنانی بەڕێز ئۆجالان بۆ تورکیا بکات، ئەوە دەبینێت کە سیستمی گۆشەگیری و سیاسەتی دژ بە کورد لە یەکتر جیا نین. سیستمی مۆدێڕنیتەى کاپیتالیست بە دیلکردنی بەڕێز ئۆجالان و هێنانی بۆ تورکیا، پلان و پرۆژەى ئامادە کردبوو. پێش ئەوەى بەڕێز ئۆجالان بێنن بۆ تورکیا سیستمی ئیمراڵییان ئامادە کردبوو. بەڕێز ئۆجالان چەندین ساڵە لە ئیمراڵی بە تەنهایی راگیرا و بە هیچ شێوەیەک رێگا بە چاوپێکەوتنی پارێزەران و بنەماڵەکەى نەدرا. نمونەى دوورگەى ئیمراڵی لە هیچ شوێنێکی تری جیهاندا نییە".

'بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو درێژەی بە گۆشەگیری دەدرێت'

ئویانک باسی ئەوەیکرد، گۆشەگیریی ئۆجالان بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو ماوەى ٢١ ساڵە بەردەوامیی هەیە و وتی "بە تێکۆشان و بەرخودانی گەلانی کوردستان و سیاسەتی کورد چەندین جار دەوڵەت ناچار بە پاشەکشەکردن لە گۆشەگیری کرا. پێشتر گۆشەگیرییەکە سووک بوو و بنەماڵە دەیانتوانی لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن، بەڵام هیچ کات گۆشەگیری کۆتایی پێنەهاتووە و ٢١ ساڵە بە شێوەیەکى بەرنامە بۆ دانراو گۆشەگیری بەردەوامیی هەیە. پێش ئەوەى ئۆجالان بهێنن بۆ تورکیا سیستمی ئیمراڵی ئامادە کرابوو و لەو چوارچێوەیەدا خواستیان بە گۆشەگیرکردن بەڕێز ئۆجالان داببڕن و پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بپچڕێنن. بێگومان گۆشەگیریی ئیمراڵی پەیوەستە بە کێشەى کوردەوە. سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی بە سەرتاسەری تورکیادا بڵاوەی پێکراوە و بە سەر تەواوی تورکیادا دەسەپێنرێت. تاوەکو تورکیا کێشەى کورد چارەسەر نەکات و کورد بە مافە رەواکانی خۆی نەگات لە تورکیادا کێشەکانی تر چارەسەر نابن.  بەردەنگ و موخاتەبی سەرەکی کێشەى کورد بەڕێز ئۆجالانە".

'راپۆرتەکەى سی پی تی گرنگە، بەڵام وەک پێویست نییە'

ئویانک ئاماژەى بەوەکرد، لە ئیمراڵی گۆشەگیرییەک هەیە کە لە هیچ شوێنێکى تری جیهاندا نییە و وتیشی "بێگومان ئەو خاڵانەى لە راپۆرتەکەى کۆمیتەی دژ بە ئەشکەنجە (سی پی تی)دا هاتووە و لێکدانەوەیان لەبارەى تورکیاوە بۆ ئێمە بەس و تێرکەر نییە. لەگەڵ ئەوەشدا لەلایەن دامەزراوەیەکى نێونەتەوەیی بەو شێوەیە، خستنەڕووی سیستمی گۆشەگیریی ئیمراڵی گرنگە. ٢١ ساڵە پارێزەران و سیاسەتی کورد سەرنجی داوەتە سەر گۆشەگیری و قسەى لەسەر دەکات، بەڵام ئەوە یەکەمجارە رێکخراوێکى وەک سی پی تی سەرنجی دەخاتە سەر سیستمی ئیمراڵی و گۆشەگیری لە ئیمراڵی قبوڵ دەکات و دانی پیادا دەەنێت. بەڵام ئەو راپۆرتە دواى ١٦ مانگ بڵاوکراوەتەوە و کاتێک راپۆرتەکە بڵاوکراویەوە، گۆشەگیریی قورستر و چڕتر بوو. بەڵێ ئەو خاڵانەی لە راپۆرتەکەدا دەستنیشانکراون گرنگن، بەڵام گۆشەگیری تەنها بە قسە تێکناشێک و ئەوەی روودەدا وەک ئەوە وایە کە چاویان لە ئاست گۆشەگیریدا داخستبێت. دەبێت بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیری سی پی تی و رێکخراوە حقوقی و مافناسەکانی تری ئەوروپا گوشار بخەنە سەر تورکیا".

ژ.ت