فوئاد بێریتان: قۆناغی نوێی جەنگی سێیەمی جیهانی لە ئێران ڕوودەدات

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار: لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر گەریلاکانمان لە چوارچێوەی بەرگری ڕەوادا وڵام دەدەینەوە و بە بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و خەباتی گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی داگیرکەری تێکۆشان بەرزتر دەکەین.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار بەشداری لە بەرنامەی هێڵی سێیەمی ئاریەن تی ڤی کرد و ئاماژەی بە تاوانی کۆمەڵکوژکردنی گەلی کورد و دۆخی ئێستای ڕژێمی ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەدا.

بێریتان لە سەرەتادا یادی شەهیدانی پێشەنگی مانگی تەموز بە تایبەتی شەهیدانی زیندانی ئامەد، شەهید قاسملۆ، دڵخواز بینگول، ئەریوان شۆڕشگیر و شەهیدانی قەندیل و دالاهۆ کردەوە و بەڵێنی بەردەوامی هێڵی شەهیدانی دووبارە کردەوە و وتی،"مانگی تەموز بۆ گەلی کورد مانگی بەرخۆدانە. لەم مانگەدا پێشەنگەکانمان لە ڕێگای ئازادی و دیموکراسیدا گیانی خۆیان بەخت کرد. ئێمە درێژە بە تێکۆشانی شەهیدانی وەک فوئادەکان، قاسملۆ و سدیق کەمانگەر و سمکۆ دەدەین. هەروەها تێکۆشانمان تا گەیشتن بە ئامانجەکان بەردەوام دەبێت.

بێریتان لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو،"لە ساڵی ٢٠١١ دا بینیمان کە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ئەوەی بزوتنەوەی ئاپۆیی لەناوببات، دەوڵەتانی ئەوروپا و ئێرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا کە لە ئێستاشدا شایەدی هەمان هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکین لەدژی بزوتنەوەی ئاپۆیی. ئێران لە ساڵی ٢٠١١ دا لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە هەڵخەڵەتێنرا و بە هەزاران هێزی تایبەتی بە چەکی قوڕس بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان گواستەوە. هێزەکانی سوپای ئێران بە ئامانجی داگیرکردنی قەندیل دەستیان بە هێرش کرد. بە قاڕەمانێتی ڕۆڵەکانی ئەم خاکە بە فەرماندەیی هەڤاڵ سمکۆ گورزێکی گەورە لە دەوڵەتی ئێران وەشێنرا. دەوڵەتی تورک لاواز ببوو و ئەو بەڵێنانەی کە بە دەوڵەتی ئێرانیدا جێبەجێ نەکرد. بە هەمان شێوەی کە لە جەنگی ئێران و عێراقدا خومەینی دانی بە خواردنەوە زەهرەکەدانا و ئاگربەستی ڕاگەیاند و جارێکیتر لە ساڵی ٢٠١١دا خامنەیی ڕووبەڕووی هەمان شکست بووەوە.

فوئاد بێریتان ئاماژەی بەوەشکرد کە پژاک لە سەرەتای دامەزراندنی و تا ئیستاش هەوڵ بۆ ڕێگەچارەیەکی دیموکراتیانە لە چوارچێوەی پرسی کورددا دەدات بەلام ڕژێمی ئێران نایەوێت پرسەکە چارەسەر بکات. دەوڵەتی ئێران لە ساڵی ٢٠١١دا ئاگربەستی لەگەڵ پژاک ڕاگەیاند بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەتی ئێران تا ئێستا سیاسەتی خۆی لە بەرانبەر گەلی کورد و بزوتنەوەی ئاپۆیی نەگۆڕیوە. لە بەرانبەردا گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە قۆڵایی ناوچە ستراتیژیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چالاکی و تێکۆشانیان بەردەوامی پێدەدەن. گەریلا بە تەنها هێزێکی سەربازی نییە، بەڵکو هێزێکی سەربازی، ئایدۆلۆژی، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کەلتوریە. هەوڵ دەدات کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی یەکگرتنی گەلاندا چارەسەر بکات. لەم چوارچێوەیەدا لە ئەگەری هەر جۆرە هێرشێک، هێزەکانی گەریلا لە چوارچێوەی بەرگریکردنی ڕەوادا وڵام دەدەنەوە.

هاوسەرۆکی کۆدار لەبارەی جەنگی سێیەمی جیهان وتی،"ئەگەری زۆرە قۆناغێکی نوێی جەنگی سێیەمی جیهانی لە ئێران ڕووبدات. ڕژێم هەستی بە مەترسیەکە کردووە و بەو شێوەیەش لەناو گێژاودایە. دیپلۆماسی زەریف لەگەڵ ڕۆژئاوا گەیشتووەتە کۆتایی ڕێگا. لەبەرئەوەش دەوڵەتی ئێران لەم دۆخەدا سەرمایەگوزاری و سیاسەتی خۆی بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا گۆڕیوە. ڕێککەوتنی شەنگهای لەگەڵ چین نیشانەی ئەو سیاسەتەیە. پێویستە بزانرێت ئەو ڕێککەوتنە هاوشێوەی ڕێککەوتنی تورکمان چایە و هیچ سوودێک بە گەلانی ئێران ناگەیەنێت. لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەم سیاسەتە لە لایەن ئیرانەوە، یاریچیەکی نوێ دێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی کۆدار بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا،"پاراستنی ژینگە واتە وڵاتپارێزی. سوپای پاسداران لە ڕێگای بەئامانجگرتنی چیاکانی زاگرۆس هەوڵ دەدات هەستی وڵاتپارێزی لاواز بکات. گەنجان پێویستە درێژە بە ڕێچکەی شەهیدانی ژینگەپارێزی بدەن. بە بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و خەباتی گەریلاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدژی داگیرکەری تێکۆشان بەرزتر دەکەین.

ف.ق