قه‌ره‌یلان: ناهێڵین ده‌وڵه‌تی تورك باشووری كوردستان داگیر بكات
قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، هه‌تا به‌رخۆدانی گه‌ریلا هه‌بێت ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت به‌گوێره‌ی ویستی خۆی پێشڕه‌وی بكات. گوتیشی، ئێمه ناهێڵین باشووری كوردستان داگیر بكرێت.
قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، هه‌تا به‌رخۆدانی گه‌ریلا هه‌بێت ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت به‌گوێره‌ی ویستی خۆی پێشڕه‌وی بكات. گوتیشی، ئێمه ناهێڵین باشووری كوردستان داگیر بكرێت.
فه‌رمانده‌ی بڕیارگه‌ی ناوه‌ندی پاراستنی گه‌ل (نه‌په‌گه) موراد قه‌ره‌یلان له میانه‌ی به‌شداری كردن له به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی ڕادیۆی «ده‌نگی وه‌ڵات» سه‌رنجی خسته سه‌ر داگیركاریی ده‌وڵه‌تی تورك له باشووری كوردستان، سیاسه‌تی شه‌ڕی تایبه‌ت له دێرسم و پڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی گه‌ریلا.
قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، دوژمن به كۆنسێپتی خۆی ده‌یه‌وێت گرده ستراتیژییه‌كان به‌ده‌ست بێنێت و باشووری كوردستان بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كه ئه‌و شته سه‌رده‌گرێت. چونكه به‌شی ئه‌وه هێزیان نییه.
«ده‌یانه‌وێت كۆنسێپته‌كه‌یان هه‌نگاو به هه‌نگاو جێبه‌جێ بكه‌ن، چونكه له به‌رانبه‌ریان به‌رخۆدانێكی به‌هێزی گه‌ریلا هه‌یه. بۆ نموونه ئێستا هاتوون گردی شه‌كیف-یان گرتووه، به‌ڵام له ناوچه‌كانی گه‌لیشیم، قه‌بری زاهیر، شه‌هید ئه‌حمه‌د، شه‌هید بێریتان و خنێره گه‌ریلای لێیه. واته دوژمن هه‌موو شوێنێكی خواكوركی پێ داگیر نه‌كراوه. له گرده چۆڵه‌كان دوژمن ده‌چێت خۆی جێگیر ده‌كات. تا ئێستا دۆڵی ئارێ و پشته‌وه‌ی ئه‌رمووشێ و گرده‌كانی ده‌وروبه‌ری شه‌كیف-یان گرتووه. هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌و شوێنانه جێگیر بن. به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك له گردی شه‌هید ساریا له پشته‌وه‌ی ئه‌رمووش گه‌ریلاكان چالاكییان كرد. ئه‌م شوێنانه له پشته‌وه‌ی شه‌كیف-ن، به‌ڵام چالاكییه‌كانی گه‌ریلا تیایاندا به‌رده‌وامن. له‌به‌رئه‌وه دوژمن ناتوانێت به‌ئاسانی جموجۆڵ بكات. له‌و شوێنانه‌ی كه داگیری كردوون، ده‌یانه‌وێت خۆیان جێگیر بكه‌ن. كاتێك له شوێنێك ده‌بینن گه‌ریلا لێیان نزیك ده‌بێته‌وه، به فڕۆكه‌ی سیخووڕی و كۆپته‌ر خۆیان ده‌پارێزن. ئه‌گه‌ر ئاوا نه‌بوایه، ئه‌و سه‌ربازانه نه‌یانده‌توانی له‌وێ بمێننه‌وه. گه‌ریلا هه‌مووی له‌ناو ده‌بردن.»
«ده‌وڵه‌تی تورك ده‌زانێت كه له باشوور شكست دێنێت»
موراد قه‌ره‌یلان گوتی، «ئامانجی ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌وه‌یه باشووری كوردستان داگیر بكات، به‌ڵام له به‌رانبه‌ریان به‌رخۆدانێكی به‌هێز هه‌یه. ناتوانن بچنه هه‌موو شوێنێك. من بۆچی ئه‌مه ده‌ڵێم؟ هه‌ندێك كه‌س وه‌ها شرۆڤه‌ی ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی دوژمن چووه‌ته شوێنێك و له شوێنێكی دیكه ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی تورك ئه‌و هێزه‌ی نییه. حیسابی ئه‌وان ئه‌وه‌یه له باشووری كوردستان ڕێكخستنه‌كانی كورد به‌گژ یه‌كدا بكه‌ن و لاوازیان بكه‌ن.»
قه‌ره‌یلان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، هه‌تا به‌رخۆدانی گه‌ریلا هه‌بێت ده‌وڵه‌تی تورك ناتوانێت ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یه‌وێت پێشڕه‌وی بكات. گوتیشی، «هه‌تا ئێستا گه‌ریلا كیلۆ مه‌ترێكیش لێیان دوور نه‌كه‌وتووه‌ته‌وه و هه‌میشه له ده‌ور و پشتیانه. گه‌ریلا له‌نێو سنووری دوژمندایه. دوژمن شوێنێكیشی گرتبێت، گه‌ریلا له‌وێ هه‌ر هه‌یه. داگیركردنی باشووری كوردستان ئاسان نییه. ده‌وڵه‌تی تورك ده‌زانێت ئه‌گه‌ر له ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌موو باشوور داگیر بكات، شكست دێنێت. جه‌نه‌ڕاڵه‌كانیان به‌باشی ئه‌م شته ده‌زانن. له‌به‌رئه‌وه هه‌ر جارێك شوێنێك داگیر ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت پارچه به پارچه پێشڕه‌وی بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه شه‌كیف و دۆڵی ئارێ-یان داگیر كرد. من ده‌مه‌وێت بلێم، دوژمن به‌ئه‌نقه‌ست ئه‌و شوێنه‌ی كرده ئامانج.»
«له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌یزانی گه‌ریلا له‌م شوێنه ئاماده‌كاری باشی نه‌كردووه، هێرشی كرده سه‌ر ئه‌و شوێنانه. ئه‌گه‌ر هه‌ڤاڵان پێشتر ئاماده‌كارییان كردبوایه، دوژمن به‌ئاسانی نه‌یده‌توانی له‌وێ جێگیر بێت. دوژمن ده‌توانێت له چه‌ند شوێنێك جێگیر بێت. به‌ڵام ئێمه گه‌ریلاین، بۆ ئێمه ئه‌وه گرنگ نییه. ئێمه به ته‌رزی شه‌ڕی نوێی گه‌ریلایی، به شه‌ڕی تیمه پڕۆفیشناڵه‌كان، به ته‌رز و تاكتیكی جیاواز دوژمن پێكدا ده‌ده‌ین. ئێمه ده‌توانین هه‌ر هه‌نگاوێكی دوژمن بوه‌ستێنین و ڕێگری لێ بكه‌ین. له خواكورك هه‌وڵی گه‌ریلا له ئارادایه. من ناتوانم بڵێم ئه‌و هه‌وڵانه زۆر باشن یان خراپ. هه‌ڤاڵان هه‌وڵ ده‌ده‌ن و له ئاستێكی به‌رچاودا به‌رخۆدانێكی واتادار هه‌یه. گرنگترین شتیش ئاماده‌كاریی ماوه‌درێژی هه‌ڤاڵانه. ئه‌مه زۆر واتادار و گرنگه.»
«شه‌ڕ سه‌خت ده‌بێت»
موراد قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، «جارێكی دیكه ڕایده‌گه‌یه‌نم، دوژمن ته‌نیا به‌شێكی خواكوركی داگیر كردووه و لێی جێگیر بووه. دوژمن دوای ئه‌وه‌ش له‌وانه‌یه پێشڕه‌وی بكات. له‌وانه‌یه بیه‌وێت به‌شه‌كانی دیكه‌ی خواكورك داگیر بكات و ڕوو له خنێره بكات. له‌وانه‌یه ڕوو له هێڵه‌كانی دیكه‌ش بكات. ئه‌گه‌ری له‌و جۆره هه‌ن. به‌ڵام ئێمه هه‌تا كۆتایی له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورك به‌رخۆدان ده‌كه‌ین.»
«به‌تایبه‌تی پێویسته گه‌له‌كه‌مان له باشووری كوردستان و هه‌موو گه‌له‌كه‌مان بزانێت كه ئێمه وه‌ك په‌كه‌كه و هه‌په‌گه‌ی هێزی فیدایی په‌كه‌كه، ڕێگه به ده‌وڵه‌تی تورك ناده‌ین باشووری كوردستان داگیر بكات. ئێمه لێره شه‌ڕێكی ستراتیژی ده‌كه‌ین. ئه‌مه شه‌ڕێكی ئاسایی نابێت، به‌ڵكوو زۆر سه‌خت ده‌بێت. هێشتا دوژمن نه‌هاتووه‌ته ئه‌و شوێنه ستراتیژییانه‌ی كه بۆ ئێمه گرنگه. ئه‌گه‌ر نزیك ببنه‌وه له‌و شوێنانه شه‌ڕ گه‌وره ده‌بێت. له‌و چێوه‌یه‌دا هه‌ڤاڵانی ئێمه ئاماده‌كارییان كردووه. ئێستا نامه‌وێت شته گه‌وره‌كان بڵێم. به‌ڵام به‌رخۆدانه‌كه‌مان ده‌كه‌ینه به‌رخۆدانێكی مێژوویی. به‌م به‌رخۆدانه ده‌مانه‌وێت له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی تورك سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره به‌ده‌ست بێنین. پلانسازی ئێمه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه.»
«ئه‌وانه‌ی پشتگیریمان ناكه‌ن با نه‌بنه به‌ربه‌ست»
له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا قه‌ره‌یلان گوتی، «دوژمن له ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییانی سیڤیل ده‌دات، به ئاڵۆزی و ناكۆكی هه‌وڵ ده‌دات گێره‌شێوێنی بكات. پێویسته هه‌موو سیاسه‌تمه‌دارانی باشووری كوردستان، گه‌لی وه‌ڵاتپارێز و هه‌موو گه‌نجانی كوردستان بزانن كه ئێمه له به‌رانبه‌ر داگیركاری به‌رخۆدانێكی مێژوویی و مۆدێرن ده‌كه‌ین. با هیچ كه‌س نه‌بێته به‌ربه‌ست. ئه‌وانه‌ی ده‌توانن با پشتگیریمان بكه‌ن. ئه‌وانه‌شی پشتگیریمان ناكه‌ن، با به‌ربه‌ستمان بۆ دروست نه‌كه‌ن.»
«ئێستا میتی تورك ده‌یه‌وێت له هه‌موو لایه‌كه‌وه زانیاریی هه‌واڵگری له‌سه‌ر ئێمه كۆبكاته‌وه. به‌گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه هێرشی ئاسمانی ده‌كه‌ن. بۆیه نابێ هیچ كه‌س زانیاری به دوژمن بدات. ئه‌وانه‌شی زانیاری ده‌ده‌ن نابێ ڕێیان پێ بدرێت. له به‌رانبه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی سیخووڕی بۆ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌كه‌ن، پێویسته خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن. له‌و لایه‌نه‌وه ئه‌گه‌ر گه‌له‌كه‌مان له پشتی ئێمه‌وه بێت، ئێمه له زاپ و خواكورك ده‌وڵه‌تی فاشیست تێكده‌شكێنین. تۆڵه‌یه‌كی مێژووییان لێ ده‌كه‌ینه‌وه. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌كاریمان كردووه. ئێمه له هه‌ڕه‌شه و فڕۆكه‌كانی دوژمن ناترسین. ده‌وڵه‌تی تورك ته‌نیا به فڕۆكه دژی ئێمه شه‌ڕ ده‌كات. ئێمه‌ش له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌وه‌ستین كه چۆن بتوانین ئه‌و هێرشه ئاسمانییانه پووچه‌ڵ بكه‌ینه‌وه و شكستیان پێ بهێنین. ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م ته‌رزه ده‌وه‌ستین. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه هه‌تا كۆتایی به‌رخۆدان ده‌كه‌ین و به‌رخۆدانه‌كه‌شمان گه‌شتر ده‌بێت.»
پڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه‌ی گه‌ریلا
موراد قه‌ره‌یلان باسی له سه‌رله‌نوێ ڕێكخستنه‌وه و بونیادنانه‌وه‌ی گه‌ریلا كرد و گوتی، «له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌هایه‌كی زۆر بۆ پڕۆژه‌ی سه‌رله‌نوێ بونیادنانه‌وه داده‌نێین. قۆناغی پێشووی ده‌ریخست كه ئه‌گه‌ر له‌نێو گه‌ریلادا گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره بكه‌ین، ڕێ و ڕێبازی كلاسیك تێپه‌ڕێنین و هێڵی گه‌ریلایه‌تیی نوێ بخه‌ینه بواری كردارییه‌وه، ده‌توانین سه‌ركه‌وین. له‌به‌رئه‌وه‌ش گرنگییه‌كی گه‌وره به‌م پڕۆژه‌یه ده‌ده‌ین. ماوه‌ی ساڵێكه كار له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌كه‌ین. ئێمه ده‌زانین كه زۆر هاوڕێی هێژامان ئاگایان له‌م شته هه‌یه. نوێبوونه‌وه له‌نێو گه‌ریلاكان له ڕۆژه‌ڤی ئێمه‌دایه.»
«ئه‌م ته‌رزه نوێیه‌ی گه‌ریلاكان كه نیمچه‌ئۆتۆنۆم هه‌ڵسوكه‌وت بكات، له شه‌ڕدا گه‌وره‌تر ده‌بێت. نموونه‌ی زیندووی ئه‌مه له كرداردا ده‌ركه‌وتوون. چالاكییه‌كه‌ی بێزۆكێ له ئاڤاشین نموونه‌یه‌كی باشه. له شوێنێك كه دوژمنی زۆری لێیه، به ته‌رزی تیمی ڕێكخراو، گه‌ریلا له ڕۆژدا گورزێكی گه‌وره‌یان له دوژمن دا و ٦ چه‌كیان له‌سه‌ر دوژمنان هه‌ڵگرته‌وه. له شوێنی دیكه‌ش نموونه‌ی ئه‌م شته هه‌ن. به قووڵبوونه‌وه و به‌هێزبوون له ته‌رزی تازه‌دا، ئه‌نجامی زیاتر به‌ده‌ست ده‌هێنرێن. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه كاریگه‌رترین به‌رگری، به‌رگریی چالاكه. هێزێك كه هه‌میشه له‌نێو چالاكیدا بێت، هه‌م دوژمن سه‌رقاڵ ده‌كات و هه‌م هێزی خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات.»
«دوژمن ده‌یه‌وێت دێرسم له كوردستان داببڕێت»
قه‌ره‌یلان ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك به بانگه‌وازێك ڕایگه‌یاندووه كه له ناوچه‌ی دێرسم له‌نێوان ١ی ته‌مووز\١٠ی پووشپه‌ڕ و ١٥ی ته‌مووز\٢٤ی پووشپه‌ڕ هاتووچۆ قه‌ده‌غه‌یه. گوتیشی، «دوژمن به پیلانێكی تایبه‌ت ده‌یه‌وێت دێرسم له كوردستان داببرێت. ده‌یه‌وێت گه‌ریلاكان له دێرسم دوورخاته‌وه، ئاسیمیلاسیۆن قووڵتر بكاته‌وه و دێرسم له كوردستان جیابكاته‌وه. به‌تایبه‌تی ئه‌رگه‌نه‌كۆن له‌سه‌ر ئه‌م كۆنسێپته ده‌وه‌ستێت.»
«هه‌ندێك خه‌باتكاری ئه‌رگه‌نه‌كۆن له دێرسم و ده‌وروبه‌ری هه‌ن. هه‌ندێك پاشماوه‌ی شۆڤێنیسته‌كانی [كزل ئه‌لماجی] هه‌ن. ده‌یانه‌وێت تۆڕێكی سیخووڕی له‌و كه‌سانه دروست بكه‌ن. ده‌زانرێت كه ئه‌م كه‌سانه هه‌ندێك جار به ماسكی چه‌پڕه‌وی ڕه‌فتار ده‌كه‌ن. ڕۆڵێكی مه‌ترسیداریان وه‌رگرتووه هه‌م بۆ بزووتنه‌وه چه‌پڕه‌وه‌كانی توركیا و هه‌میش بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردستان. به هه‌واڵگری هه‌وڵ ده‌ده‌ن گورز له هاوڕێیانی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕیی یه‌كگرتووی گه‌لان (HBDH) بده‌ن.، له شۆڕشگێڕانی چه‌پڕه‌و و هه‌په‌گه بده‌ن. پێویسته دۆسته شۆڕشگێڕه‌كانمان و گه‌له‌كه‌مان له دێرسم ئاگاداری ئه‌مه بن. ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر پیلانێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر دێرسم هه‌یه. وه‌ك ئه‌وه‌ی فه‌رمانده‌ی هێژای دێرسم ئاتاكان ماهیر-یش ده‌یگوت، ئێمه له سه‌رده‌می فه‌زادا ده‌ژین. ده‌بێ ببینه گه‌ریلای مۆدێرنی ئه‌م سه‌رده‌مه. ده‌بێ هه‌ڤاڵانمان له دێرسم له‌م سیاسه‌ته تایبه‌ته‌ی دوژمن تێبگه‌ن و له به‌رانبه‌ر ئه‌و سیاسه‌تانه، ته‌رزی نوێ پێشخه‌ن.»
«هاوڕێیانی ده‌ریای ڕه‌ش بوونه‌ته كابووس بۆ ده‌وڵه‌تی تورك»
له درێژه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا موراد قه‌ره‌یلان گوتی، «دوژمن ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر گورز له گه‌ریلاكانی دێرسم بده‌م شكست به گه‌ریلاكانی ده‌ریای ڕه‌ش-یش دێنم. گوایه گه‌ریلایان له ده‌ریای ڕه‌ش نه‌هێشتووه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر گه‌ریلا له‌و شوێنانه نه‌بوایه، له سه‌رانسه‌ری ده‌ریای ڕه‌ش چه‌ندین مانگ ئۆپه‌راسیۆنیان ده‌كرد؟ به‌م بۆنه‌یه‌وه سڵاو ئاراسته‌ی هاوڕێیانی ده‌ریای ڕه‌ش ده‌كه‌م. ئه‌م هه‌ڤاڵانه به فیداكاری و تێكۆشانی خۆیان بوونه‌ته كابووسی ده‌وڵه‌تی تورك. ئه‌م هاوڕێیانه‌مان ڕۆڵێكی گرنگ ده‌گێڕن. هێزه‌كانی شه‌ڕی تایبه‌تی توركی فاشیست به هه‌موو ده‌رفه‌ته‌كانی خۆیان به‌دوایان كه‌وتوون، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه.»
s.m