مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ بەرەنگاریى فاشیزمى ئاکەپە – مەهەپە و بەرەنگاربوونەوەى هێرشەکانیان بۆ سەر باشوورى کوردستان و ئەوەى خستەڕوو "هەر چۆن لە ئۆپراسیۆنى زاپ و چەلیکدا هەڵهاتن و بە زۆر خۆیان دەربازکرد، بەو شێوەیەش لە هەر جوڵەیەکیاندا بۆ داگیرکردنى قەندیل لە باشوورى کوردستان هەمان شتیان بەسەر دێتەوە. ورە و بەرخودانى پەکەکە لەلایەن دەوڵەتى تورک و هیچ دەوڵەتێکى ترى داگیرکەرەوە ناشێکێت".
قەرەسوو ڕاشیگەیاند "کاتێک تورکیا لە ساڵى ١٩٩٥ ئۆپراسیۆنی چەلیکی بۆ سەر ناوچەى مەتینا ئەنجامدا، کە لە ساڵانى ١٩٩٣ – ١٩٩٤دا دەوڵەتى تورک دەیویست لە ڕێگەى کوشتنى بکەر نادیار و بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى گەورە، بزووتنەوەى ئازادى پاکتاو بکات، بۆیە دەوڵەتى تورکیا لە کۆتایى ساڵى ١٩٩٤دا و لە سەرەتاى ١٩٩٥دا گەیشتە ئەو بڕوایە، کە بزووتنەوەى ئازادى داپڵۆسێت و تێکیبشکێنێت. لە هەموو ناوچەکان شەڕ دەستیپێکرد. بزووتنەوەى ئازادى لەو ساڵانەدا زۆرترین قوربانیى لە میژووى تێکۆشانەکەیدا بەخشی. لەو کاتەدا دەیان وت، کە زیان و زەربەیەکى گەورەیان لە ئێمە داوە".
لە کۆنگرە بڕیار درا
قەرەسوو وتى "لەو کاتەدا لە کۆنگرەى ٥ى پەکەکەدا بڕیاردرا، کە دەبێت ئێمە تورکیا پەلێکشى باشوورى کوردستان بکەین و لە باشوور تێکیبشکێنین، بۆیە لەسەر هێڵى سنوور و لە حەفتانین ئامادەکارى کرا بۆ تێکشکاندنى دەوڵەتى تورکیا. کاتێک لە ٢٠ى ئازارى ئەو ساڵەدا دەوڵەتى تورکیا هێرشى کردە سەر باشوورى کوردستان، ئێمە وەک بزووتنەوەى ئازادى هەر چاوەڕێى ئەو شتەمان دەکرد، چونکە پلانەکەمان بۆ ئەوە بوو، دەوڵەتى تورکیا بێت و لەلایەن گەریلاوە تێکبشکێنرێت. ئەوانیش کەوتنە ئەو بۆسەیە و دەستیان بە ئەنجامدانى ئۆپراسیۆنى چەلیک کرد. ئەو ئۆپراسیۆنە نزیکەى مانگێک بەردەوام بوو و سەدان سەربازى تورکیاى تیادا کوژرا. شەڕێکى وا هاتەئاراوە، کە سوپاى تورکیا ناچار بوو لە دواى مانگێک ڕابکات".
ورەى دەوڵەتى تورک تێکشکا
قەرەسوو وتیشى "دەوڵەتى تورک کە چوو بوو بۆ ڕاو، خۆى ڕاوکرا. ئەو گەریلایانەى، کە دەوڵەتى تورک دەیوت پاکتاوم کردوون، زیانێکى قورسیان لە سوپاى تورکدا و ورەى دەوڵەتى تورک لەلایەن گەریلاى کوردەوە تێکشکێنرا. ئۆپراسیۆنى چەلیک لە تێکۆشانى گەریلادا جێیەکى گرنگى هەیە، چونکە عوسمان پاموک ئۆغڵو فەرماندەى ئەو کاتی سوپاى تورک جاروبار دەچووە سەر تەلەفزیۆن و باسى ئازایەتیى خۆیانى دەکرد، بەڵام لەو ئۆپراسیۆنەدا شکستێکى گەورەیان خوارد و هەڵهاتن".
من و هەڤاڵ جومعە لێرە بووین
قەرەسوو باسى ئەوەشیکرد "پاموک ئۆغڵو دەیوت، ئێمە دەمانویست لە گۆڕەپانی 'کادش' کۆپتەرەکان بنیشێنیەوە و هێز پیادە بکەین، بەڵام لە هەموو لایەکەوە لە کۆپتەرەکان دەدرا و زیانیان پێدەگەیشت، بۆیە ناچار بووین بکشێینەوە. ئەو شوێنەى کە ئەوان پێى دەڵێن کادش، ئێمەى لێ بوو. من هەڤاڵ جومعەى لێ بووین. ئەوانیش ١٥٠ بۆ ٢٠٠ مەتر لێمانەوە دوور بوون. دەیانویست بە کۆپتەر سەرباز پیادە بکەن و ئۆپراسیۆنەکە بەرەو باشوور فراوان بکەن و گەمارۆیەکى گەورە دروست بکەن، بەڵام هەڤاڵانى ئێمە بە فیداکارییەکانیان ئەو پلانەیان تێکشکاند. هەموو کۆپتەرەکانیان پێکران و ناچاربوون بکشێنەوە. نەک تەنها لە مەتینا، بەڵکو لە زاگرۆس و بادینانیش جموجوڵەکانى سوپاى تورکیا ڕاوەستێنران و پلانەکانیان پوچکرانەوە".
لێکچوونی چەلیک و زاپ و ئۆپراسیۆنى سەر قەندیل
قەرەسوو ئەوەشى وت "ئۆپراسیۆنەکانى چەلیک و زاپ زۆر لەیەک دەچوون. ئامانجى هەر دووکیان ئەوە بوو، گەریلا پاکتاو بکەن، بەڵام ئەوان تێکشکان و ناچاربوون ڕابکەن. بۆ ئەوەش قەرەسوو، ئۆپراسیۆنەکانى چەلیک و زاپى بە بیرى دەوڵەتى تورک خستەوە و وتى "ئەوەتا ئیستاش رۆژانە دەڵێن قەندیل داگیر دەکەین. ئێمەش بۆ هەموو هێرشێکى ئاکەپە – مەهەپەى فاشیست ئامادەین. گەریلا ڕوبەڕووتان دەبێتەوە. هەر چۆن لە ئۆپراسیۆنى زاپ و چەلیکدا ڕاتانکرد و بە زۆر خۆتان دەربازکرد، ئەوا لە ئۆپراسیۆنەکەتاندا بۆ سەر باشوورى کوردستان و قەندیل، هەر چارەنووستان هەمان چارەنووسى ئۆپراسیۆنەکانى چەلیک و زاپ دەبێت".
پەکەکە ورەى بەرخۆدانى هەیە
مستەفا قەرەسوو ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى کەجەکە لە کەسایەتیى شەهید پڵنگدا هەموو، دۆستان و وڵاتپارێزانى بۆتانى بەبیرهێنایەوە و سەرنجى خستە سەر ڕۆڵى پڵنگ لە ئۆپراسیۆنى چەلیکدا و بە ڕێزەوە باسى کەسایەتى و بەرخۆدانەکەى کرد. وتیشى "دیسانەوە گەریلا و گەلى باشوور شانبەشانی یەکتر بەرەنگارى ئۆپراسیۆنێکى هاوبەش دەبنەوە. ئەوانەى کە دەڵێن، پەکەکە تەنگاو بووە و ئەگەری ئەوە هەیە خۆى بدات بە دەستەوە، هێشتا پەکەکە و ڕاستیى پەکەکەیان نەناسیوە، چونکە پەکەکە باج و قوربانى دەدات، بەڵام هەرگیز خۆى نادات بە دەستەوە و تەسلیم نابێت. ورەى بەرخۆدانى پەکەکە بە دەوڵەتى تورک و بە هیچ یەک لە داگیرکەرانى تر تێکناشکێت".
ر.م