قەرەیلان: ئەگەردەوڵەتی تورک لە باشوور شکەست بدەین ئەوا ڕژێم هەڵدەوەشێتەوە

مووراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل وتی: "ئەگەر لە باشوری کوردستان لەناویان ببەین، لە ئەنکەرەش لەناودەچن. ئەو ڕژێمە فاشیستە هەڵدەوەشێت".

فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل موردا قەرەیلان بۆ ستێرک تیڤی قسەیکرد.

قەرەیلان سەرنجی ڕاکێشایە سەر کۆنسێپتی داگیرکەریی و قڕکردنی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد و وتی: "هەموو پارچەکانی کوردستان پێکەوە بەستراونەتەوە. بەڵام هەموویان وەکو یەک نین و جیاوازیشیان هەیە. سیاسەتی باشوور لەو لایەنەوە هەڵەیان هەیە. پارچەکانی کوردستان کار لە یەکتری دەکەن. تێکۆشانی هەرەبەهێزی باشووری کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤ دابوو. بەڵام هۆکاری شکستخواردنەکەی چی بوو؟ ئەو کاتە لە باکوری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشانی کورد نەبوو. لە ڕۆژئاوا هەبوو، پشتیوانی دەکرد. بە تەنیا بوو. بۆیەشە لێیان دا. بەڵام بۆچی لە ساڵی ١٩٩١ ئەنجامی هەبوو؟ باش دەزانین کە بزاوی باشووری کوردستان ئەو کاتە زۆر بەهێز نەبوو. بەڵام دەرفەتەکانی دروستکردنی سیستم لە ئاستی نێونەتەوەیی ڕەخسا. هۆکارەکەی چی بوو؟ چونکە ئەو کاتە بزاوی باکوری کوردستان بەهێز بوو. لەو چوارچێوەیەدا سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی تورکیا تورکۆت ئۆزال دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باشوور ئەنجام دا. ئەو کاتە نامەی تورکت ئۆزال بۆ باشوری کوردستان لە ڕێگەی ڕۆژنامەوان چەنگیز جاندار من دام بە ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ بۆ مام جەلال تاڵەبانی وتی، دەتوانن دیدار بکەن، بە ڕێککەوتنی ئێمە دیداریان بەڕێوەبرد. هەروەها ئەو کاتە جەلال تالەبای نوێنەرایەتی پەدەکەشی کرد، چونکە ڕێکەوتنیان هەبوو لەگەڵ پەدەکە. بزووتنەوەی کورد لەباکور بەهێز بوو، ئەوان بزاوی باشووریان بەجدی وەرگرت. هەرچەندە لاوازیش بێت، ئەو کاتە لە ڕۆژهەڵاتیش هێزی کوردی و پێشمەرگە هەبوون. ئەوە هاوسەنگییەکی دروست دەکرد. بەو شێوەیە زەمینەی ئەوە ڕەخسا باشوری کوردستان سیستمی خۆی دروست بکات. دەمەوێت بڵێم، وەکو لەو نمونانەش دیار دەبێت، پەیوەندی پارچەکان پێکەوە هەیە، تۆ ناتوانی لەیەکتر جیای بکەیتەوە. ئەگەر تۆش لە یەکتری جیای بکەیتەوە، دوژمن جیای ناکاتەوە. لەو بابەتەوە کەموکوڕی هەیە. ئەگەر مرۆڤ بڵێت هیچ جیاوازییەک نییە، ئەوەش هەڵەیە. هەر پارچەیەک خۆبەڕێوەبەریی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر بە تەواویش لە یەکتری دایبڕن، ئەوەش ڕاست نییە.

تورکیا شەڕ دێنێتە باشوور نەک پەکەکە

شەڕی ئێمە لە باکورە، لە شەمزینانەوە هەتا دێرسم لەگەڵ تورکیا لەشەڕ داین. چوار ساڵە لەشەڕێکی سەخت داین. تورکیا دەڵێت سەرچاوەکە لە دەرەوەیە، خۆی هێرشی باشوور دەکات. نەک ئێمە شەڕمان هێنابێتە باشور، تورکیا دەیهێنێتە باشوور. بەرپرسانی عێراق و باشووریش دەزانن، ئێمە ناچینە سەر سنوورەکان و چالاکی بکەین و بگەڕێینەوە باشور. بەڵام ئێستا تورکیا سنووری بەزاندووە و هاتوەتە باشوور، لەبەر ئەوەیە شەڕ ڕوودەدات. ڕاستە شەڕمان لە خواکورک و زاپ هەیە، بەڵام ئەوان سنووریان بەزاندووە، ئێمە خاکی باشوور دەپارێزین. با ئەو بچێتەوە دیوەکەی تری سنوور، ئێمە یەک گولەشیان لێرەوە ئاراستە ناکەین. تورک دەیانەویت ئێمە لەناو ببەن. دەڵێت، لە باکور ناتوانم بەتەواوی لەناویان ببەم، بۆیە دەبێت بچم لە باشوریش لێیان بدەم.

پێشمەرگەش پاڵیان بە جوودیەوە دا، کۆماتا، ئۆرەمار لەدژی بەعس شەڕیان کرد

٣٧ ساڵە ئێمە لێرەین. ئەی کاتی شۆڕشی ئەیلولیش پێشمەرگە پاڵی بە چیای جودییەوە نەدا! کۆماتا، قاشوورا، ئۆرەمار، شەمزینان. پێشمەرگەش پاڵی بەوێوە دا، بەو شێوەیە لەدژی ڕژێمی سەدام شەڕیان کرد. ناوچەی بادینان، بۆتان، برادۆست هەتا ئێستا داگیرکەر نەیتوانیوە لەو هەرێمانە هەژموونی هەبێت. ئەسکەندەری گەورەش نەیتوانی هەژموونی هەبێت. ئەو ناوچانە قەڵای بەرخۆدانن و هەموو شۆڕشێکی کورد ڕووی لەو هەرێمە کردووە. لە سەردەمی شێخ عوبێدوڵای نەهرییەوە وەها بووە. بارزانییەکانیش سوودیان لەو ناوچەیە وەرگرتووە. ئێمەش بە هەمان شێوە دەکەین. شتێکی سرووشتییە کە دیالیکتیکێکی لەو شێوەیە لە کوردستان دروست بووە. تورک بۆ ئاژاوەگێڕیی هێرشی باشوور دەکات. دەیانەوێت کێشە لەنێوان کورد خۆیدا دروست بکەن. دوژمنانی کورد لەمێژوودا هەمیشە کوردیان بە کورد بەکوشت داوە، بەو شێوەیە ئامانجیان پێکاوە. ئێستاش نیەتەکەیان هەر ئەوەیە.

بزووتنەوەیەکی گیانفیداین و هەموو کوردستان دەپارێزین

ئێمە بزووتنەوەیەکی گیانفیداین، دەبێت گەلەکەمان لەباشوور بزانێت ئێمە هەموو کوردستان دەپارێزین. ئێمە بۆ هەموو کورد لەدژی داگیرکەری تورک شەڕ دەکەین. بۆیە ئەگەر ئێمە لە شەڕی دژی تورکیا تێکبشکێین، دەوڵەتی تورک ڕێگە نادات کورد لە هیچ شوێنێک ببێتە خاوەن پێگە و ستاتۆ. ئەگەر ئێمە نەبین، ڕوو لە کوردی باشوور و دەسەڵاتەکەی دەکەن. بەڕێوبەرانی باشوور ئەو ڕاستییە باش دەزانن، بەڵام بەرژەوەندی ڕۆژانە دەکەنە بنەما. دەوڵەتی تورک دەیەوێت بە خەیاڵی عوسمانیگەریی نوێ هەموو کوردستان داگیر بکات. ئێمەش دەمانەوێت ئەو دەوڵەتە تێکبشکێنین. ئەوەش لە بەرژەوەندی هەموو گەلی کوردە.

لە باشوور ٢ هەزار شەهیدمان هەیە

٢ هەزار شەهیدمان لە باشوری کوردستان هەیە. دوا شەهیدمان هەڤاڵ هەڵمەت بوو. ئێمە خۆمان بۆ گەل بەخت کردووە. کچانی کورد واز لە خوێندنگە هەرە بەرزەکانی ئەستەنبۆڵ و ئەنقەرە دەهێنن و ڕوو لە چیاکانی کوردستان دەکەن. کوڕانی کورد واز لە زانکۆکان دێنن و دێنە ئەم چیایانە. هەڤاڵ هەڵمەتیش یەکێک لەوانە بوو. کەسێکی تێگەیشتوو و مێژووناس بوو. زۆر ژیر بوو. ئەگەر بیویستبایە دەیتوانی لە سلێمانی ژیانی خۆی ڕێکخستبایە. بەڵام ماڵ و هەموو شتێکی بەجێ هێشت، وەکو دەروێشێک لە قەرەداخ دەرکەوت و ویستی لەدژی داگیرکەری تورک تێبکۆشێت. هەڤاڵ هەڵمەت زۆر وڵاتپەروەر و لایەنگری یەکێتی نەتەوەیی بوو. بۆچی ژیانێکی دەروێشانەی بەباش زانی، بۆ گەل ئەو ژیانەی هەڵبژارد. ئێمە هەموومان بۆ ئەو گەلە دەژین. هیچ ژیانێکی کەسییمان نییە. ئەو گەنجانەی بە شێوەیەکی گیانبەختکردن بۆ گەل تێدەکۆشن، دەبنە ئامانجی فڕۆکە جەنگییەکانی تورک. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک دەڵێن، بۆچی شەڕی خۆیان هێناوەتە ئێرە. ئەوان دەیانەوێت گیانفیدایانی ئەم گەلە پاکتاو بکەن. ئەگەر گیانفیدایانی گەل پاکتاو بکەن، دەزانن بە ئاسانی دەتوانن گەلیش لەناو ببەن. بۆیە ئێمە پشتگیریی گەلی باشوورمان دەوێت. ڕاستە ئێمە لەباکورەوە دروست بووین، بەڵام ئێمە بۆ هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد تێدەکۆشین و لەو تیکۆشانەی خۆشمان خاوەن بڕیارین. ئێمە دەمانەوێت ئەو دوژمنە تێکبشکێنین.

ئێمە ناڵێین بەرپرسانی باشوور لەگەڵ میت بونەتە یەک، بەڵام ...

ئێمە ناڵێین، بەرپرسانی باشووری کوردستان لەگەڵ میت بوونەتە یەک و ڕاپۆڕت لە ئێمە دەدەن. دەوڵەتی تورک زۆربەی شەڕەکانی بە هەواڵگریی و تەکنەلۆژیای فڕۆکەکانە. هەندێک لەو ڕووداوانەی لە باشووریش ڕوویانداوە نیشان دەدەن کە دەوڵەتی تورک سوود لە هەرێم وەردەگرێت. هەندێک کە لە سەر زەوی هەن کە زانیاری دەدەنە دەوڵەتی تورک. ئینجا ئەوانە تاکە کەسن یانیش حزبە، ئەوە بابەتتێکی جیاوازە. بۆ نمونە لێژنەیەک دەتوانێت ئەوە ڕوون بکاتەوە. لەوانەیە کەسانێک بەو شێوەیە کار دەکەن، لەناو هەواڵگری هەرێمیشدا هەبن. هەندێک زانیاری لای ئێمە هەن کە دەوترێت، هەندێک کەس بەبێ ئاگاداریی حزبەکەیان ئەو کارانە دەکەن. بۆ نمونە لەناو پاراستندا کاردەکەن، بەڵام بەبێ ئاگاداریی پاراستن هاوکاریی تورکیا دەکات، بە شێوەیەکی شەخسی و پارەش وەردەگرێت. بەڵام ئێمە یەنەکە و پەدەکەمان تاوانبار نەکردووە وەکو حزب و سەرکردایەتی لەناو ئەو کارە دابێت. بەڵام ئێمە دەڵێین، دەبێت ئەوانەی هاوکاریی هەواڵگریی لەگەڵ تورکیا دەکەن، دەبێت ڕوون بێت. ئەگەر دانووستان پێشبکەوێت و لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست ببێت،  دەتوانرێت ڕوون بکرێتەوە، ئاخۆ ئەوانە کێن و چین؟

بەڵام ئەو شتەی کە ئێمە زۆرترین ڕەخنە لە ئیدارەی باشوور دەگرین لەسەری ئەوەیە، دەتوانن ئەوەندە هەل بۆ داگیرکەری تورک نەڕەخسێنن. ئێمە دەبینین دەوڵەتی تورک ناوچەکان دەگرێت و کەس دەنگی لێوە نایەت، کاردانەوە نییە، خەڵک دەیەوێت ناڕەزایی نیشان بدات، ناهێڵن. میت دەتوانێت لە هەموو شوێنێک بگەڕێت و خەڵک بۆ خۆی ڕێک بخات. ئێمە دەڵێین دەبێت چاو دانەخرێت لە ئاستی کاری لەو شێوەیەدا.

پێشمەرگە لەبەرانبەر بنکەی گەریلا دەکەونە سەنگەرگرتن

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەردەستمان، پێشمەرگە و هێزە سەربازییەکانی باشوور لە چەندین شارەدێ و شارۆچکە جێگیر بوون و جێگیریش دەبن. ئێمە دەڵێین ئەوە پێویست دەکات؟ ئێمە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان وەکو دەستکەوتەکانی خۆمان و ئەو گەلە دەبینین. ڕەنجی گەلە قارەمانەکەمان لە باشوور و پێشمەرگە گیانفیداکان، هیچکات نابێتە ئامانجی ئێمە. ئێمە بیرکردنەوەیەکی خراپی لەو شێوەیەمان نییە. ئەوە بابەتێکی نەتەوەیی گرنگە.

شەڕی ناوخۆ بۆ گەلی کورد دەبێتە ماڵوێرانی، شەرمەزارییەکی گەورەشە بۆ پێشەنگانی کورد

پێشتر بەڕێز کاک مەسعود وتبووی: "شەڕی ناوخۆ و براکوژی حەرامە". ئەمە زۆر بەجێیە. ئێمەش وەک پەکەکە ئەو کاتە وتمان: "دەفتەری شەڕی ناوخۆ بە شێوەیەک دادەخەین کە هیچکات نەکرێتەوە، فڕێی دەدەین. ئێستاش پارێزگاری لە هەمان شت دەکەین، ئێستا سەردەمی دیالۆگە، ئێمە نەتەوەیەکین و چارەنووسمان پێکەوە بەستراوەتەوە، مومکین نییە مرف بەو شێوەیە بیر بکاتەوە. تەنانەت نامەوێت بە خەیاڵیشمدا بێت، زمانیشمان ناگەڕێت بڵێم شەڕی ناوخۆش، ئەگەر شتێکی لەو شێوەیە ڕووبدات، ماڵوێرانی دەبێت بۆ گەلەکەمان، بۆ سیاسەتی کورد و سەرکردایەتی کوردیش شەرمەزارییەکی گەورە دەبێت، لە سەدەی ٢١دا هەمووان کێشە هەرەگەورەکانیان بە گفتۆگو چارەسەر دەکەن، ئەمریکا نزیک بوو لەگەڵ کوریای باکور بکەوێتە شەڕ، بەڵام دیداریان کرد، چین و ئەمریکا ناکۆکی ئابورییان هەیە، بەڵام دیسانیش کۆدەبنەوە، ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێرانیش هەوڵی دانووستان هەیە، واتا سەردەم سەردەمێکی وایە، ئەگەر ئێمە وەک گەلێک نەتوانین خۆمان کێشەکانمان چارەسەر بکەین و ئەو لێهاتووییە نیشان نەدەین، داخۆ ئەمە بۆ ئێمە شەرمەزارییەکی گەورە نییە؟ دوژمن چیمان پێ دەڵێت؟ دەڵێن: ئەی ئێمە ناڵێین ئەمانە هەموویان عەشیرەتن! ناتوانن ببنە میلەت، لە جیهانیش بەو شێوەیە باسی کورد دەکەن.

گەلی کورد لە شەڕی دژی داعشدا دیمەنێکی باشی لە خۆی نیشان دا، ئێستا کۆبوونەوەی زۆرێک لە کۆنسوڵخانەکان لەگەڵ ئیدارەی هەرێم نیشانەی ئەوەیە، ئێستا گەلی کور لە ناوچەکەش دیمەنێکی باشی نیشانداوە، ئەگەر کورد شەڕی یەک بکەن، ئەو دیمەنە باشەی بە دەستیهێناوە بە تەواوەتی سێبەری دەکەوێتە سەر، لە بابەتی دەستکەوتەکانیش گەلەکەمان چەند ساڵ دوا دەکەوێت.

سپاس بۆ عەشیرەتەکانی هەرکی و سورچی

ڕاگەیاندن بۆ چارەسەری زۆر هاوکاری ناکەن، بەو زمانەی بەکاری دەهنێنێت قەیرانەکە قووڵتر دەکاتەوە، لەم بابەتەی دواییشدا وایلێهات کە هەندێک لە دەزگا ڕاگەیاندنەکان بنەما ئەخلاقییەکانیشیان تێپەڕاند، پێویستە کەسانی نیشتمانپەروەر چ بەرپرسەکانی ڕاگەیاندن بن، چ ڕێکخراوە مەدەنییەکان ین، چ سەرکردایەتی پارتییەکان و سەرۆک عەشیرەتەکان بن، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن، دوایین هەڵویستی عەشیرەتی سورچی و هەرکی زۆر باش بوو، سپاسیان دەکەم، لێدوانەکانیان ئەرێنی بوو. هەندێک ڕۆشنبیر و سیاسەتمەداری کورد کە لێدوانیان دا، بە هەستیارییەوە لێی دەڕوانن، بانگەوازی بۆ هەموو کەسایەتی و لایەنە کورد و کوردستانییەکان دەکەم کە لەم کاتەدا هەستیارتر لێی بڕوانن و بە ڕۆحێکی نەتەوەیی لە بابەتەکان بڕوانن. ئەگەر ئێمەش هەڵەیەکمان کردبێت، دەتوانن ڕەخنە لە ئێمەش بگرن، کێ هەڵە بکات پێویستە ڕەخنە لەوانەش بگرن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کێشەی هێندە گەورەمان لە نێواندا نییە. بەڵام لەسەر شتێکی بچووک کۆدەبنەوە و دانوستانیش نییە، ئیتر لایەنەکان گومان لە یەکتری دەکەن. گەندەڵی زۆرن و دووبەرەکی دەخەنە نێو کورد. لەبەر ئەوەی قەیرانێک دروست بووە.

سەرۆکی هەرێم و حکومەتی نوێ بە ڕێبازی نەتەوەیی کار بکەن

سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت هەڵبژێردران، بزووتنەوەکەمان پیرۆزبایی نارد. منیش ئەو برادەرانە باش دەناسم، هیوادارم سەرکەوتوو بن و پیرۆزباییان لێدەکەم. بەڵام دەبێت دەرکەوتنێکی تازە لەسەر ڕێبازێکی نەتەوەیی پێشبخەن. ئێمەش کەسمان ناوێت بێنە سەنگەرەکانمان و شان بەشانی ئێمە شەڕ بکەن. پێویستیمان بە هێڵێکی نەتەوەیی هەیە. پیویستە کاتێک لەبەشێک کار دەکەین، زیان نەگەینینە بەشەکانی دیکە. هیوام هەیە و هەوڵدانیش لەم ڕووەوە هەیە، بەڵام بە ڕاستی ئێتسا قەیرانێکی ترسناک هەیە. بەڵام ئێستا هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە سەنگەری پێشمەرگە لە بەرانبەر گەریلا دابنێت، پێویستە ئەمە وەکو شتێکی ئاسایی سەیر نەکرێت و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

ئێمە دەمانەوێت بەرخۆدان دژی داگیرکاری تورک بەسەربخەین

لە بەرانبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورک ا ئێستا بەرخۆدانمان کردووە، ئێستا دەمانەوێت ئەو بەرخۆدانە بگەینینە سەرکەوتن. ئەو بەرانبەر ئێمە تێکشکاوە. بەڵام لە ڕێگەی هەواڵگرییەوە شەڕ دەکات. بۆیە دەڵێین، نابێت هیچ کەس لە باشور زانیارییان بداتێ. دەڵێن پێویستە گەلی وڵاتپارێزمان خاوەن هەڵوێست بن لە بەرانبەر ئەو کەسانەی خۆیان بە پارە دەفرۆشن. لە باکوریش دەبێت بەرانبەر ئەو هەوڵانەی تورکیا خاوەن هەڵویست بن. ئێمە ئێستا لە ناو گەریلادا دەستمان بە نۆژەنبوونەوە کردووە. لە بەرانبەر هەواڵگرییەکەیان و تەکنیکیان ڕێبازیکی نوێ ڕێکدەخەین. باوەڕمان وایە تێکیاندەشکێنین.

داگیرکاری تورک لە باشور تێکبچێت لە ئەنکەرەش تێکدەچێت

ئەگەر لە باشور تێکیانبشکێنین، لە ئەنکەرەش تێکدەشکێن. دەمانەوێت لە بەرانبەر ئەو دوژمنە دڕندەیە شەڕ بکەین. کاتێک شەڕ دەکەین دەمانەوێت برادەر و گەلەکەمان نەبنە بەربەست، ئەگەر بتوانن پشتگیریمان بکەن، ئەگەریش نەتوانن با لانی کەم ڕێگەخۆش نەکات بۆ دوژمن بە شێوەیەک هاوکارییان نەکەن. پێویستە لەبیر نەکەن، ئەگەر ئێمە گورزمان بەرکەوێت، نۆرەی ئەوانیش دێت.

دەمانەوێت لەدژی داگیرکاریی تورک ڕێپێوانێکی مێژوویی ڕێکبخەین و بەرخۆدانێکی گەورە دروست بکەین، دەمانەوێت ئەوانیش لەم کاتەدا پشتیوانیمان بکەن. ئەمە بانگەوازییەمان بۆ هەموو گەلەکەمان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، سیاسەتمەدارەکان، عەشیرەت و بە تایبەتیش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی دژی عۆسمانیگەری نوێ تێدەکۆشن، لەم کاتە مێژووییەدا پشتیوانی تێکۆشانمان بکەن.

لەگەڵ بانگەوازییەکەی کەنەکە داین

بڕیارەکەی کەنەکە گرنگە و بەجێیە. ئێمەش لەگەڵیداین و پێشتریش هەڵویستی خۆمان لەسەر یەکێتی نەتەوەیی نیشان داوە. لەم کاتەشدا دەڵێین پێویستە هەنگاو بنێین و ئێمەش بۆ ئەم بابەتە کراوەین". 

قەرەیلان باسی لەوەش کرد کە دەوڵەتی تورک هەڕەشەی گەورە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا دەکات و وتی: "بە کورتی دەتوانم ئەوە بڵێم: لێکدانەوەکان دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەمجارە جێبەجێ نابن. دەوڵەتی تورک ئەو هێزەی نییە هەر شوێنێکی بیەوێت داگیری بکات. بۆ نمونە ئێستا دەیەوێت باشوری کوردستان داگیر بکات، بەڵام بە ئاسانی ناتوانێت جێبەجێی بکات. دوو مانگە سەرەڕای ئەوەی هەموو هێزەکانی خستوەتە ئامادەباشییەوە، نەیتوانیوە خواکورک داگیر بکات. ئەگری بیتوانیایە تا زاپیشی دەگرت. لەوێ لە نێوان هەڤاڵانی ئێمە و هێزەکانی دوژمن مەودایەکی زۆر کورت هەیە. هەموو ڕۆژێک بۆسە بۆ یەکتری دادەنێنەوە. بێگومان پێویستە دوژمن بچووک نەبینرێت، هێزیکی خۆی هەیە، بەڵام بە بەرخۆدان ناتوانیت ئەو ناوچەیەی دەیەوێت بیگرێت".

قەرەیلان سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەزمونەکانی ڕۆژئاوا، باکوری سوریا و بەرخۆدانی عەفرین ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر سوود لەو ئەزمونانە وەربگیرێت دەتوانن دەرفەتی سەربازی و سیاسی بۆ سەرکەوتن بخولقێنین و وتی: "بەڕای من پێویستە کەس پاشەکشێ نەکات. پێویستە هەرکەس لەسەر خاکی خۆی بێت. ئەردۆغان دەڵێت یەک ملیون کەس لە ڕۆژئاوا نیشتەجێ دەکات. وەکچۆن لە عەفرین کردی، دەیەوێت خەڵکەکەی ئێمە دەربکات و کەسانی دیکە لەوێ نیشتەجێ بکات، بە شێوەیەکی فەرمی دەڵێت پاکتاوی ئەتنیکی دەکەم. بەم دواییانەش پلانەکەی خۆی ناو نا 'ڕێڕەوی ئاشتی'. ٤٥ ساڵ لەمەوبەر کاتێک قوبرسی داگیر کرد، ناوی "بزووتنەوەی ئاشتی قوبرس"ی بەکارهێنابوو. ئێستاش بە پلانی داگیرکردنی ڕۆژئاوا دەڵێت "ڕێڕەوی ئاشتی". ئێمە باش دەیانناسین. ئەوەی ئەو پێیدەڵێت ئاشتی، داگیرکاریی و کۆمەڵکوژییە. بۆیە پێویستە کەس واز لە گوندەکەی نەهێێێت، کەس پاشەکشێ نەکات. دەتوانن لەوێ دوژمن تێکبشکێنن. گرنگ ئەوەیە لە هێزەکەیان دڵنیا بن و ئامادەکارییەکانیان بەهێزەوە بخەنە پراکتیک".

قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتێک ئامادەکارییەکی باش بکرێت، خۆپاراستنی گەل بەهیز بکرێت و شەڕی گەلی شۆڕشگێریی بکرێت، ئەو دەوڵەتە لە هەموو لایەکەوە تێکبشکێنرێت و شۆڕش سەر بکەوێت.

ک-ش