قەرەیلان: شەڕ لە عەفرین چووەتە قۆناغێکى نوێیەوە
قەرەیلان ڕایگەیاند، شەڕ چووەتە قۆناغێکى نوێیەوە. قۆناغى یەکەم سەرکەوتوو بوو. ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا بەرخۆدان بە شێوازێکى زۆر باش درێژەى پێ بدرێت، ئەوا بەرخۆدان سەرکەوتنێکى گەورەى تاجدار تۆمار دەکات.
قەرەیلان ڕایگەیاند، شەڕ چووەتە قۆناغێکى نوێیەوە. قۆناغى یەکەم سەرکەوتوو بوو. ئەگەر لەم قۆناغە نوێیەدا بەرخۆدان بە شێوازێکى زۆر باش درێژەى پێ بدرێت، ئەوا بەرخۆدان سەرکەوتنێکى گەورەى تاجدار تۆمار دەکات.
موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریی پەکەکە لەبارەى هێرشى داگیرکارانەى دەوڵەتى تورکیا لە دژى شاری عەفرین، بێدەنگیى نێودەوڵەتی بەرامبەر بە بەرخۆدانى سەردەم، کە قارەمانانى ئازادی لە دژی فاشیزم ئەنجامى دەدەن، بۆ کەناڵى ئاسمانیى رۆناهی تیڤى قسەى کرد.
موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى پەکەکە وتى "لە ناوچەیەکى بچووک شەڕڤانان ماوەى ٥٣ ڕۆژە بە چەکە تاکە کەسییەکان، بە ئیرادە و شێوازە تایبەتەکانیان لە دژى دووەم هێزى ناتۆ، کە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیاى هاوچەرخ بەکار دەهێنێت، بەرخۆدانیان کردووە. لەو ٥٣ ڕۆژەدا ئەو ڕاستییەوە دەرکەوت، کە شەڕڤانان بە وەرە و ئیرادەیەکى بە هێزەوە شەڕیان کردووە".
قەرەیلان وتیشى "ئەگەر سوپاى تورکیا ئێستاش بچێتە ناوەندى عەفرین، ئەوە بەو مانایە نییە، کە تورکیا سەرکەوتووە، چونکە دیسان تێکدەشکێنەوە، تەنانەت من بۆ خۆم چاوەڕێم دەکرد تورکیا لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ ڕۆژدا بگاتە ناوەندى عەفرین، بەڵام ئەوە ڕووى نەدا و ئەوەى شەڕڤانان لە عەفرین کردوویانە، هەموانیان تووشى سەرسوڕمان کردووە. لەمەودواش هەر چییەک ڕوو بدات هەر سەرکەوتن بۆ شەڕڤانان و گەلى عەفرینە و سەرکەوتنەکەشیان ئەنجامى دەبێت".
قەرەیلان باسى ئەوەشیکرد "شەڕ لە قۆناغى یەکەمدا سەرکەوتوو بوو و لە ئێستاشدا شەڕ چووەتە قۆناغێکى نوێ، ئەگەر لە ئێستا بە دواشەوە بە شێوازى گونجاو بەرخۆدان بکات، ئەوە بەرخۆدانەکە دەگاتە سەرکەوتنێکى گەورە و بناغەى ئەو سەرکەوتنە گەورەیەش داڕێژراوە، چونکە ئەو بەرخۆدانەى ئێستا بە ئاسانى بەم ئاستە نەگەیشتووە. گەلێکى قارەمان دروستکراوە و فیداکارى کراوە، شەهید دراوە، بۆیە گەلى عەفرین بە ئازایەتى و فیداکارى ئەو سەرکەوتنەى بە دەستهێناوە. شەڕڤانان و فەرماندەکانیان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا وتویانە، دەمێننەوە و هەرگیز عەفرین بەجێناهێڵن، کەواتە بەو ئازایەتى و ئیرادەیەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێت".
موراد قەرەیلان ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەریى پەکەکە لە بەشێکى ترى قسەکانیدا وتی "وەک پێشتر وتومانە ئەو هێرشە بۆ سەر عەفرین تەنها بۆ دژایەتیکردنى عەفرین نییە، بەڵکو بۆ دژایەتیکردنى هەموو کوردستان، داهاتووى گەلى کورد و داهاتووى گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکەیە. لەبەر ئەوە شەهیدەکانى بەرخۆدانى عەفرین، بەرخۆدانێکى ماناداریان پیشانداین، کە پڕبووە لە تێگەیشتن لە ئامانجى سەرەکیى داگیرکردنى عەفرین".
ئەوەشى وت "گەلى عەفرین تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکى زۆر پیرۆزیان هەبووە. ئەو گەلە ڕایگەیاندووە، عەفرین چۆڵ ناکات، ئەوە بڕیارێکى زۆر دروست و مێژووییە. ئەوان دەڵێن لەسەر خاکەکەیان دەمێننەوە، ئەوەش ڕێگا دروستکەیە، چونکە ئامانجى دوژمن ئەوەیە عەفرین لەو عەفرینییانە چۆڵ بکات، کە هەزاران ساڵە لەسەر خاکى خۆیاندان. واتە دەیانەوێت نەتەوەیەک جینۆساید بکەن و ئەوەش بە ئاشکرا دەڵێن. هەروەها دەیانەوێت تورکمان و عەرەبە لایەنگرەکانیان لە عەفرین نیشتەجێ بکەن. تورکیا لە ساڵى ١٩٣٨ هەوڵى دەدا، کە عەفرینیش لەگەڵ هاتاى بدرێت پێیان، لەو کاتەدا ئەوەیان بۆ نەچووە سەر، ئێستا دەیانەوێت بە سیاسەتى عوسمانیى نوێ ئەو ناوچەیە داگیربکەن و بیخەنە سەر خاکى خۆیان و کوردى تێدا نەهێڵن. ئەوەتا لە سەدەى ٢١دا دەوڵەتێکى فاشیست و نەژداپەرست بە ئاشکرا دەڵێت، دەیانەوێت ئەو ناوچەیە لە دەست کورد دەربهێن، دەڵێن با خەڵکەکەى بڕوات بۆ رۆژهەڵاتى فورات، یان با بڕۆن بۆ کۆبانێ. بەەوەش دەیانەوێت نەتەوەیەک بسڕنەوە و خاکى نەتەوەیەک داگیربکەن و خەڵک لەسەر خاکى خۆی بە زۆر کۆچ پێ بکەن، بۆیە دەبێت کوردستانیان لەهەموو شوێنێکدا پشتیوانى لە گەلى عەفرین و بەرخۆدانى عەفرین و شەڕڤانان بکەن".
موراد قەرەیلان باسى ئەوشیکرد "دەوڵەتى تورکیا بۆ عەفرین هەمان تاکیتکیى جزیر و سلۆپى بەڕێوە دەبات. دەیەویت میللەت بترسێنت و شارەکەیان بە جێبهێڵن، بەڵام گەلی عەفرین لە ژێر بۆردومانى فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکاندا دەڵێت، ناترسین و دەمێنینەوە. ئەوەش بڕیارى شکۆمەندانەى گەلە. نزیکەى ملیۆنێک کەس لە عەفریندا دەژین. دەکرێت بۆ پاراستنى هاووڵاتیان لە چەند ناوچەیەکدا بە تایبەتى لە ناوچەى شێراوا و عەفرین شارێک لە چادر بۆ هاووڵاتیان دروست بکرێت، یان لە ناو شارەکانى خۆیاندا ڕێوشوێنى پێویست بگیرێتە بەر، چونکە ئەگەر ناوچەکانیان چۆڵ بکەن، ئەوا جارێکیتر ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. ئەو هەڵوێستەى گەل هێرشى فاشیزمى تورکەکان و بەرەى نوسرە وداعش پوچەڵ دەکاتەوە. لە حەڵەب و سەربارى ئەو هەموو شەڕە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک لە شوێنەکانى خۆیاندا مانەوە. لەبەر ئەوەش دەبێت لە هەموو ناوچەکانى چیاى کرمانج بە شێوازى تایبەت شەڕ لەدژى فاشیزم و داگیرکارى بکرێت. ئەوەش سەرکەوتن مسۆگەر دەکات".
قەرەیلان ئەوەشى خستەڕوو "بەرخۆدانى عەفرین بووەتە هێمایەک و لەسەرتاسەرى جیهانەوە، ئازادیخوازان و هەروەها گەلان پشتیوانى لەو بەرخۆدانە دەکەن. گەلانى کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشوری ئەو بەرخۆدانە بە بەرخۆدانى خۆیان دەزانن و بەشدارن تیایدا. ئەو بەرەوپێشچوونانەش لەسەر بنەمای ڕامان و بیرى ڕێبەر ئاپۆ دروستبووە، بەڵام دەوڵەتە بەرژەندیخوازەکان و دەوڵەتە بەهێزەکان بەپێچەوانى خواستى ئازادیى گەلان بێدەنگییان بەرامبەر بەهێرش و کۆمەڵکوژییەکانى تورکیا هەڵبژاردووە. ئەوەش بەو مانایە دێت، کە لە دژى تورکیا نین و پشتگیرى لە داگیرکارى تورکیا دەکەن".
ر.م