بە نزیکبوونەوە لە نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی ئامادەکاری و پێشوازییەکان بۆ پیرۆزبایی و بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە بەردەوامە، یەکێکیتر لەو شوێنانەش بناری قەندیلە کە هەر ساڵ بە ئاهەنگ و مەراسیمی گەورەی پیرۆزبایی کوردان و ئازادیخوازان لەیەك کۆدەکاتەوە. سەبارەت بە ئاهەنگی ئەم ساڵی قەندیل و پیرۆزبایی نەورۆزی ٢٧١٩ی کوردی گەلی بناری قەندیل بۆ ئاژانسەکەمان دوا.
هاووڵاتییەکی بناری قەندیل بەناوی محەمەد حەسەن کە لە کۆمیتەی ئامادەکاریی نەورۆزی قەندیلدایە لەبارەی ئامادەکاریەکانیانەوە وتی: ''بەر لەهەر شتێ نەورۆز لە تەواوی کوردان پیرۆز دەکەم؛ ئێمە وەك گەلی قەندیل ئامادەین بۆ پیشوازیکردنی نەورۆز و تەواوی کوردان، دەمانەوێت ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری بەڕێوەببەین و تەواوی کوردان لەگەڵ یەك کۆبکەینەوە، چونکە قەندیل لانکەی تەواوی شۆڕشەکان و پارت ولایەنەکان بووە. قەندیلی سەربەرز شکۆی کوردانە هەر بۆییە دوژمنانیش هەمیشە چاویان لەسەر قەندیلە، بەڵام خەیاڵیان خاوە تا کوردێك هەبێت هەمیشە قەندیل سەربەرز دەبێت، بۆیە داواکاریمان لە تەواوی کوردان هەیە ڕوو لە قەندیل بکەن و بەیەکەوە نەورۆز پیرۆز بکەین''.
هەر سەبارەت بە جیاوازیی نەورۆزی ئەمساڵ محەمەد حەسەن دەڵێت: ''نەورۆزی ئەمساڵ بە ڕووحی بەرخۆدانی لەیلا گیوڤەن و تەواوی ئەوکەسانەی کە دەستیان بە مانگرتن کردووە پیرۆز دەکەین. چونکە ئەوان گیانیان بەخت دەکەن بۆ هیوا و و داخوازیی کوردان و هیوامان ئەوەییە کە سەربکەون و بڕواشمان بەوە هەیە کە سەردەکەون''.
هاوڵاتییەکیتر بە ناوی سمکۆ کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دانیشتووی قەندیلە دەڵێت: ''نەورۆز لە سەرۆك ئاپۆ، لە تەواوی کوردان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆز دەکەم؛ نەورۆز جەژنێکی کۆن و پیرۆزە، ڕووحی بەرخۆدانە و جەژنی کاوەکانە. ئێستاش کاوە ئاسایانە و لە شێوەی کاوەی هاوچەرخ ئەم بەرخۆدانە لە کەسایەتیی لەیلا گوڤەن و تەواوی زیندانییەکانی ئازادی بە بەرخۆدانێکی گەورە بەڕێوەدەچێت. هەربۆییە داواکاریم لە تەواوی کوردان هەیە لە هەرشوێنێك دەبن بە ڕووحی بەرخۆدان بەشداری ئاهەنگەکان بکەن و وەرن هەموومان لە قەندیل بگەین بە یەك بۆ ئازادیی سەرۆك ئاپۆ و کوردستان و تەواوی مرۆڤە بندەستەکان''.
یەکێکیتر لە هاووڵاتییان بەناوی عەبدوڵڵا جەخت لەسەر یەکگرتنی کوردان دەکاتەوە و بەمشێوە دوا: ''پیرۆزبایی نەورۆز لە تەواوی کوردان دەکەم، لە شەڕڤانانی ڕۆژئاوا و پێشمەرگەکان کە لە سەنگەردان. تاکە داواکاریم لە کوردان ئەوەییە کە یەك بگرن؛ سەرکەوتنی کوردان لە یەکگرتندایە، چونکە نەورۆز گەلی کورد سەردەخات هەربۆیە پشتیوان بە خوا نەورۆزی ساڵی داهاتوو چوارپارچەی کوردستان دەبێ بەیەك و سەردەکەوین''.
لەبەردەوامی وەرگرتنی بیر و ڕای هاووڵاتییان دا یەکێکیتر لە هاووڵاتییان بە ناوی چیا سەردەشت؛ کە خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و کۆچبەری باشوور بووە دەڵێت: ''جەژنی نەورۆز لە سەرۆك ئاپۆ و تەواوی کوردان بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەیلا گوڤەن و ناسر یاگز و تەواوی ئەوانەی لە بەرخۆداندان پیرۆز دەکەم. نەورۆز جەژنێکی پیرۆزە و بە واتایە، دەبێت هەموومان بەیەکەوە بە ڕۆحێکی نەتەوەیی تێبکۆشین بۆ سەرکەوتن. ئێستاش ئەم بەرخۆدانەی کە مانگرتوان دەستیان پێکردووە هەمان ڕووحە و پیرۆزە. داواکاریم لە تەواوی کوردان هەیە بە بایەخ و گرنگییەکی زۆرەوە سەیری نەورۆزی ئەمساڵ بکەن و تیایدا بەشدار بن''.
ئامادەکاریى بۆ جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە بناری قەندیل لە کاتێکدایە، کە هەموو ساڵێك لە وەرزی بەهار و لە ٢١/٣دا کوردان و بەشێکی زۆری گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پیرۆزبایی نەورۆز دەکەن و بە شێوەیەك سەیری ئەم جەژنە دەکەن کە سەرکەوتنی گەلانە بەسەر زوڵم و زۆرداریدا.
کوردانی باشووری کوردستانیش لە زۆر جێگە بەشێوەی مەراسیم و ئاهەنگی جەماوەریی جیاواز جیاواز ئەم یادە بەرز ڕادەگرن؛ بناری قەندیلیش یەکێکە لەو جێگایانەی کە پشکی شێری بەردەکەوێت و لە شێوەی لوتکە و قەڵای بەرخۆدانی کوردان هەموو کوردان لەیەك کۆدەکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەورۆزی ئەمساڵ بۆ کوردان زۆر جیاوازترە؛ لە لایەك دەسکەوتەکانی کوردان زیاتر دەبن و لەسەر دەستی شەرڤانانی کورد داعش کۆتایی پێدێت، لەلایەکیتریشەوە بەرخۆدانێکی گەورە هەیە کە چالاکییەکانی مانگرتن لە خواردنە بۆ لابردنی کۆشەگیری لەسەر ڕیبەر عەبدوڵا ئۆجالان. هەر بۆیە ئەم دوو بابەتە ڕووحی نەورۆزی ئەمساڵی کوردانی گەشتر و بە جۆش و خرۆشتر کردووە.
ر.م