قەیومەکەی ئاکەپە هەڕەشەی 'ئاوارەکردن'ی دانیشتوانی گوند دەکات

قائیمقام و قەیومەکەی ناوچەی سارای کە دوای بومەلەرزەکەی ٢٥ی مانگی رابردوو، گوایا گوندەکانی بەسەر کردەوە، هەڕەشەی ئەوەی لە دانیشتوان گوند کرد کە ناوچەکەیان پێ چۆڵدەکات.

لە شاری وانی باکوری کوردستان، ٢٥ی حوزەیرانی ئەمساڵ بە گوڕی ٥.٩ پلەی ریختەر بومەلەرزەیەک روویدابوو، لە ئەنجامدا چەندین خانوو دارووخان کە یەکێک لەو شوێنانەی زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، گوندی نەزراڤای سەر بە ناوچەی سارای بوو.

تیمەکانی فریاگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان دوای بومەلەرزەکە سەردانی گوندەکەیان کردبوو، بەڵام ئیدیعای ئەوەیان کرد کە "گوندەکە زیانێکی زۆری بەر نەکەوتووە" و چەند چادرێکیان بەجێ هێشتبوو و رۆشتبوونەوە.

دوای ١٥ رۆژ ل روودانی بومەرەزەکە، محمد هالیس ئایدن قویوم و قائیمقامی دەسەڵاتی ئاکەپە/مەهەپە لە گەڵ شاندێک، سەردانی ئەو گوندەیان کرد.

دانیشتوانی گوندەکە لە کاتی سەردانی قەیومەکەدا رایانگەیاند، بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان خەمسارد بوون لە بەرامبەر رووداوەکە و داواکاریەکانیان.

لەم بارەیەوە قەیوم وتوویەتی:" زیادەڕەوی نەکەن، ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات، دەبێت گوندەکەتان بەجێ بهێڵن، ئەگەر نا ئێمە بە زۆر دەرتان دەکەین."

هاوکات مەلای گوندەکەش لە بەرامبەر قەیومەکە ناڕەزایەتی پیشانداوە، بەڵام پاسەوانەکانی قەیوم ئەویان بە زۆرە ملێ لە ناوچەکە دوور خستووەتەوە.

ئەوەی جێگای سەرنجە، لە دوای ئەو سەردانەی قەیومە فاشیستەکەی ئاکەپە، لە دەوروبەری گوندەکە رێوشوێنی سەربازی و ئەمنی گیراونەتەبەر.

ز.ش