كه‌جه‌ده له نووسینگه‌ی خۆی له ئامه‌د كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامه‌وانی ساز كرد. هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده به‌ردان ئۆزتورك، په‌رله‌مانتارانی پارتیی دیموكراتیی گه‌لان (هه‌ده‌په) له ئامه‌د سالیحه ئایده‌نیز و مووسا فارس ئۆغوللاری و ئه‌ندامانی دیوانی هاوسه‌رۆكایه‌تیی كه‌جه‌ده به‌شدار بوون.
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده به‌ردان ئۆزتورك له میانه‌ی وته‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، ئۆجالان كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كییه كه گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین پێویستیان پێیه‌تی. ئۆزتورك گوتی، له‌پێناو ئه‌وه‌ی شه‌ڕی هه‌ژموونی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بگۆڕێت به پڕۆسه‌یه‌كی ئاشتیانه و دیموكراتیانه، به‌ڕێز ئۆجالان خاوه‌نی ڕۆڵێكی یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌یه.
«ئاكه‌په گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كۆنسێپتی شه‌ڕ»
ئۆزتورك سه‌رنجی خسته سه‌ر «بارودۆخی ئاشتیانه» كه ساڵی ٢٠١٣ به هه‌وڵه‌كانی ئۆجالان هاته ئاراوه و گوتی، حكوومه‌تی ئاكه‌په گه‌ڕایه‌وه سه‌ر كۆنسێپتی شه‌ڕ و ده‌ستی له پڕۆسه‌ی دیموكراتیبوون و ئاشتی به‌ردا. ڕاشیگه‌یاند، حكوومه‌تی ئاكه‌په به گۆشه‌گیركردنی ئۆجالان ویستی نه‌هێڵێت ڕوانگه‌ی ئۆجالان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین بگاته بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كورد، گه‌لانی توركیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی.
ئۆزتورك باسی له‌وه‌ش كرد، ئێستا له هه‌موو لایه‌كه‌وه ئۆپه‌راسیۆنی قڕكردنی سیاسی دژ به سیاسه‌تی دیموكراتی ده‌كرێت و ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنانه هه‌وڵدانه بۆ ته‌واوكردنی كاری گۆشه‌گیری. گوتیشی، وه‌ستانه‌وه له به‌رانبه‌ر گۆشه‌گیركردنی به‌ڕێز ئۆجالان و شكاندنی گۆشه‌گیری، ئازادیی به‌ڕێز ئۆجالان و پێوانه‌ی گه‌وهه‌ری ئه‌خلاقییه بۆ پاراستنی ئاینده‌ی دیموكراتیی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین.
«چالاكییه‌كه‌ی گیوڤه‌ن بانگه‌وازێكه بۆ ئێمه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی»
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده ڕایگه‌یاند، «هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده به‌ڕێز له‌یلا گیوڤه‌ن له‌م چێوه‌یه‌دا بانگه‌وازی له ئێمه، گه‌له‌كه‌مان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كردووه كه به ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تی خۆمان هه‌ستین. هه‌تا هه‌ڵوێست له به‌رانبه‌ر گۆشه‌گیری پیشان نه‌درێت، هه‌تا گۆشه‌گیری نه‌شكێنرێت، تێكۆشانی دیموكراتی و ئاشتی سه‌رناكه‌وێت. ئه‌مه جارێكی دیكه وه‌بیری هێناینه‌وه. مانگرتن له خواردنی بێ واده پیشانی دا كه هه‌تا سیسته‌می ئه‌شكه‌نجه له ئیمڕاڵی نه‌شكێنرێت، تێكۆشانی دیموكراتی و ئازادی سه‌رناكه‌وێت، ئه‌مه‌شیان پیشانی گه‌لانی توركیا، كوردستان، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دا و ئاگریان له جه‌سته‌ی خۆیان به‌ردا.»
«چالاكییه‌كه‌ی گیوڤه‌ن چالاكییه‌كی مێژووییه»
به‌ردان ئۆزتورك له درێژه‌ی قسه‌كانیدا هێمای بۆ ئه‌وه كرد كه چالاكیی هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده له‌یلا گیوڤه‌ن له ئاستی مێژوویی‌دا گرینگ و واتاداره. گوتیشی: «داواكاریی ئه‌و، داوای گه‌له‌كه‌مان و له‌یه‌نگرانی ئازادی و هێزه دیموكراتییه‌كانه. چالاكییه‌كانی مانگرتن له خواردن كه ٢٧ی تشرینی دووه‌م له هه‌موو زیندانه‌كانی توركیا و كوردستان ته‌شه‌نه‌ی كرد، هۆشداری ده‌ده‌ن ده‌رباره‌ی پڕۆسه‌كه.»
ئۆزتورك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه داواكارییه‌كانی له‌یلا گیوڤه‌ن و زیندانیانی سیاسی له ڕووی حقووقی، ئه‌خلاقی و مافه‌كانی مرۆڤه‌وه ڕه‌وان و پێویسته جێبه‌جێ بكرێن.
«پێویسته حكوومه‌ت واز له سیاسه‌تی گۆشه‌گیری بێنێت»
هاوسه‌رۆكی كه‌جه‌ده به‌ردان ئۆزتورك له درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بانگی له حكوومه‌تی توركیا كرد كه ده‌ست له سیاسه‌تی گۆشه‌گیری به‌ردات. جارێكی دیكه داواشی له گه‌لی كورد، كه‌س و ڕێكخراوه دیموكراتییه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی كرد پشتگیری له‌یلا گیوڤه‌ن و زیندانییانی ئازادی بكه‌ن.
ئۆزتورك له به‌رانبه‌ر حكوومه‌تی ئاكه‌په گوتی: «ئێمه بانگی لێ ده‌كه‌ین كه ده‌ست له سیاسه‌تی دژبه‌ركردن به‌ردات كه ئاینده‌ی گه‌لانی ئێمه تاریك ده‌كات و ئاڵۆزی ده‌خاته نێو كۆمه‌ڵگه.»
بانگه‌واز له ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان
له كۆتایی لێدوانه‌كه‌یدا به‌ردان ئۆزتورك بانگی له ڕێكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند: «بانگی دادگه‌ی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، ڕێكخراوی به‌رگرتن له ئه‌شكه‌نجه (سی پی تی) و هه‌موو ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤی ئه‌ورووپا، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانی ئه‌ورووپا، كۆنسه‌ی ئه‌ورووپا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ین كه له دژی گۆشه‌گیری بوه‌ستنه‌وه و هه‌وڵه‌كانیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بخه‌نه‌گه‌ڕ.»
s.m