لایەنە کوردیەکانی کەرکوک: سەرژمێری لەم دۆخەدا مەترسییە بۆ پێگەی کورد

لایەنەن و حزبەکانی شاری کەرکوک پێیانوایە ئەنجامدانی سەرژمێری لەم دۆخە مەترسیدارەی ئێستای کەرکوک کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر پێگەی کورد لە شارەکەدا.

محەمەد نەسردین سکرتێری مەکۆی کەرکوکی بزوتنەوەی گۆڕان دەربارەی پرۆسەی سەرژمێری لە کەرکوک بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند: "پرۆسەی سەرژمێری پرۆسەیەکی گرنگە بۆ ژێرخانی ئابوری و بڕیاری سیاسی و ئابووری لە عێراق بەڵام پرۆسەی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر بڕیاری سیاسی ئەنجام دەدرێت و ڕەنگادانەوەشی دەبێت لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە."

سەرژمێری لەلایەن نەیارانی کوردەوە وەکو چەکێك دژی کورد بەکاردێت

دەربارەی بەکارهێنانی سەرژمێری دژی کورد مامۆستا محەمەد نەسرەدین ووتی: "ئەنجامدانی سەرژمێری لەم دۆخەی ئێستا، کە کورد تیایدا دژایەتی دەکرێت لە کەرکوک، ئەم دۆخە پێویستی بە باشکردنە پێش ئەنجامدانی سەرژمێری، بۆیە ئەگەر سەرژمێری لەم بارودۆخەی ئێستای کەرکوک ئەنجام بدرێت ئەوە ئەو سەرژمێرییە لەوانەیە لەلایەن نەیارانی کوردەوە وەکو چەکێک دژی کورد بەکاربێت لە چوارچێوەی سیاسی."

هەروەها محەمەد نەسرەدین دەربارەی لێکەوتەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری لە ئێستادا ڕایگەیاند: ئەنجامدانی سەرژمێر لە بارودۆخێکی نائاسایی وەکو بارودۆخی ئێستای کەرکوک کاریگەریی دەبێت لەسەر پێگە و ژمارەی کورد، کە ئەم بارودۆخە وادەکات ژمارەی کورد کەمتربێت، لەسەرجەم سەرژمێریەکانی ڕابردوودا کورد هەمیشە زۆرینە بووە لەم ناوچانە بەبەراورد لەگەل پێکهاتەکانی دیکە، بەڵام ئەگەر سەرژمێری لەم بارودۆخەدا ئەنجام بدرێت ئەوە کاریگەری دەبێت لەسەر پێگەی کورد لە ناوچەکە."

ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی عەرەب بە کەرکوکدا بڵاوبوونەتەوە و ناگەڕێنەوە شارەکانی خۆیان

جوان حەسەن ئەندام ئەنجومەنی پاریزگای کەرکوک لە لیستی برایەتی دەربارەی مەترسییەکانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەم دۆخەی ئێستای کەرکوک دا پێ ڕاگەیاندین: "لەبەر ئەوەی کەرکوک لە ئێستادا بارودۆخی ناجێگیرە و هەروەها مانەوەی ئاوارەکانی شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەیان بە شاری کەرکوک و نەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، هاتنی ژمارەیەکی زۆری عەرەب تەوازون و هاوسەنگیی نەتەوەیی گۆری و دیموگرافیای کەرکوکی گۆڕی."

ئەو عەرەبانەی هاتوون لە سەرژمیری ٢٠٢٠ بە کەرکوکی تۆمار دەکرێن

هەروەها جوان حەسەن راشیگەیاند: "لە سیستمی ئێستای سەرژمێری لە کوێ بیت لەو شوێنە ناونووس دەکرێت واتا ئەو کەسانەی هاتوونەتە کەرکوک لەکاتی ئەنجامدانی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ ئەو کەسانەی بە کەرکوکی تۆمار دەکرێن وەکو ئەوەی ئێمە لە ئێستادا بە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ کار دەکەین."

ئەو عەرەبانەی هاتوون بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک هێنراونەتە شارەکە

 جوان حەسەن ئەوەشی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ژمارەیەکی زۆری عەرەب بە فەرمی هاتوونەتە ناو کەرکوک و ناسنامەی خۆیان گواستۆتەوە بۆ شاری کەرکوک. ئەمەش بەبیانوی جیاواز وەکو هەڕەشە لێکردنیان و بیانوی سیاسی کە ناتوانن لە ناوچەکانی خۆیان بژین، بەڵام زۆربەی ئەو عەرەبانەی هاتوون بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کەرکوک هێنراونەتە شارەکە."

ئەم سیاسەتەی ئێستا تەواوکەری سیاسەتی سەدام حوسێن-ە

جوان حەسەن دەربارەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی کەرکوک ڕایگەیاند: "ئەوەی ئێستا لە کەرکوک دەگوزەرێت لە بەعەرەبکردنی شارەکە تەواوکەری هەمان سیاسەتە، کە رژێمی پێشووی سەدام حوسێن لە ماوەی٣٥ ساڵی ڕابردوو ئەنجامی دابوو."

زامۆ کەرکوکی چاودیرێکی سیاسیی شاری کەرکوک دەربارەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری لەم باردۆخەی ئێستای کەرکوک بە ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی سەرژمێری لەم بارودۆخە خراپەی ئێستای کەرکوک کاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر پێگەی کورد. لە ئێستادا پێگەو ئیرادەی حزبە کوردیەکانی شاری کەرکوک زۆر لاوازە، چونکە لە رووی سیاسی و ئیداری و ئەمنی شارەکە لە دەستی کورد نەماوە ئەمەش پێگەی ئەو حزبە کوردیانەی شارەکەی لاواز کردووە."

زامۆ کەرکوکی ڕاشیگەیاند: ''ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە هێنراون بۆ شاری کەرکوک و ناسنامە و فۆرمی خوراک بۆ ئەو عەرەبە هاوردانە دابین دەکرێن و شارەکە بەعەرەب کراوە، ئامانجی سەرەکیی ئەنجامدانی سەرژمێری لەم کاتەدا بۆ لاواز کردنی پێگەی کوردە لە شارەکە".

لە کۆتایدا زامۆ کەرکوکی وتی: "هاووڵاتییانی کوردی شارەکە بێ هیوا و بێ ئیرادە بوونە بەهۆی ئەزموونی چەند ساڵەیان لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، کە هەمیشە هاووڵاتییان پشتگوێخراون لە دوای هەڵبژاردن و سەرژمێرییەکان. ئەمەش وایکردووە خەڵکی خۆیان تۆمار نەکەن بۆ سەرژمێری ئەمەش بۆخۆی مەترسییە بۆ سەر پێگەی کورد لە شارەکە."

ژ.ت