وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا، لە ١٩ی ئابی ٢٠١٩/٢٨ی گەلاوێژ قەیومی بەسەر گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان-دا سەپاند، لە ١٧ی ئەیلول/٢٦ی خەرمانان، قەیومی بەسەر شارەوانی پاسووری ئامەد و لە ١٨ی ئەیلول/ ٢٧ی خەرمانانیش قەیومی بەسەر شارەوانی قەرەیازی ئەرزرۆمدا سەپاند. بۆ شەڕمەزارکردنی قەیومەکانیش، هەدەپە و دەبەپە و هەموو دەوروبەرە دیموکراتەکان لە ڕۆژی ١٩ی ئابەوە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بەرخۆدان دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا چالاکی ئێشکگری دیموکراسی لە ڕۆژی ٤٩یەمیندا بەردەوامە.
پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکراتی (SPD)ی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ کریستیان لومان، بۆ پشتیوانی گەل خۆی گەیاندە ئامەد. لومان، سەپاندنی قەیومەکان و بەرخۆدانی خەڵکی کوردستانی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)تاوتوێ کرد.
'لەگەڵ کوردم لەدژ قەیوم'
لومان باسی لەوەش کرد، لەنزیکەوە چاودێری قۆناغی سەپاندنی قەیوم دەکەن و بەم شێوەیە قسەی کرد: "زۆر خۆشحاڵم کە لە هەڵبژاردنی ٣١ ئازادرا هاوسەرۆکی شارەوانییە کوردەکان هەڵبژێردران. لەو لایەنەوە هیوادارم و باوەڕم وایە بۆ ئەوەی ئابوری ئەو شارانە ڕاستەڕی ببێت، هاوسەرۆکی شارەوانییەکان بەدڵ و گیان کار دەکەن. لە بەرانبەر سەپاندنی قەیومەکان بەسەر گەورە شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان من زۆر ناڕازیم. بۆ پشتیوانی لەگەڵ هاوسەرۆکی شارەوانییە کوردەکان، دوێنی لە مێردین بووم و ئەمڕۆش لە ئامەدم. زۆر خەمبار و ناڕازیم لەوە ئەو کەسانەی لەلایەن گەلەوە هەڵبژێردراون، ناتوانن بچنە ناو بینای شارەوانییەوە. منیش وەکو چالاکوانێک ئەمڕۆ لە ئامەدم و لەدژی قەیوم لەگەڵ کوردم".
'بانگەشەکانی دەوڵەت بێ بنەمان'
لومان، ڕەخنەی لە بیانووی دەوڵەتی تورک گرت کە بە هاوسەرۆکی شارەوانییەکانی هەدەپەی دەگرێت، لەوەی گوایە 'پشتیوانی پەکەکە' دەکەن، بەم شێوەیە درێژەی پێدا: "هەمیشە چاودێری دۆخی تورکیا دەکەین. زۆرجار بیانووی ئەوە بە سەرۆک شارەوانییە کوردەکان دەگیرێت گوایە پشتیوانی ڕێکخستن دەکەن. بەڵام ئەم بیانوانە بێ بنەمان و هەتا ئێستا دەوڵەت هیچ شتێکی نەسەلماندووە. ئەگەر بانگەشەیەکی لەو شێوەیە هەیە، دەبێت بسەلمێندرێت. بۆیە ئەو بانگەشە و بیانووانە بێ بنەمان".
'کورد خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات'
لومان ئاماژەی بەوەش کرد، لەدژی سەپاندنی قەیوم، کورد خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات و وتی: "بەهۆی گوشارەکانی ئەمڕۆ، ئێمە ناتوانین بچینە بەردەم گەورەشارەوانی ئامەد چالاکی بکەین، لە شوێنێکی دوور لە شارەوانی لە چالاکی داین. من زۆر هیوام هەیە، چونکە ژن، منداڵ، گەنج، پیر و لێرەن و لەدژی قەیوم دەنگیان هەڵدەبڕن. کورد خاوەنداری لە ئیرادەی خۆی دەکات. بەڵام ئەوەی منی بێزار کردووە زۆریی ژمارەی پۆلیسەکانە. هەموو ئەو ڕێگەیانەی دەچنەوە سەر شوێنی چالاکییەکە، لەلایەن پۆلیسەوە گەمارۆ دراوە. وێڕای کەمیی ژمارەی چالاکوانانی ئێرەش، پۆلیس گەمارۆی داون".
'دەبێت هەموو کەسێک بە ناسنامە و زمانی خۆی بژی'
لومان ئاماژەی بەوەش کرد، لە تورکیا کێشەی کورد تەنیا بە ڕێگەی دیموکراتی و ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و دەتوانێت چارەسەر بکرێت، بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "لە تورکیا کێشەی کورد هەیە. دەبێت کێشەی کورد چارەسەر بکرێت. کێشەی کورد بە شەڕ و توندوتیژی چارەسەر نابێت. زۆر دڵخۆشم بەوەی هەدەپە بۆ کێشەی کورد بوەتە هیوا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە ڕۆڵ دەگێڕێت و ئەرکەکەی وەئەستۆ گرتووە. لەم وڵاتە پێویستە هەموو کەس بە ناسنامە و زمانی خۆی بژی".
ف.ق