رێگای نێوان وان و جۆلەمێرگ ٢٠ خاڵی پشکنینی تیادا دانراوە

رێگاى نێوان وان و جۆلەمێرگ ٢٠٠ کیلۆمەترە و دەوڵەتى تورکیا ٢٠ خاڵی پشکنینى تیادا داناوە، بەڵام رێگای ئیستەنبول - ئەرزرۆم ٢ هەزار کیلۆمەترە و یەک خاڵی پشکنینى تیادا نییە.

رێگاى نێوان وان و جۆلەمێرگ ٢٠٠ کیلۆمەترە و دەوڵەتى تورکیا ٢٠ خاڵی پشکنینى تیادا داناوە، بەڵام رێگای ئیستەنبول - ئەرزرۆم ٢ هەزار کیلۆمەترە و یەک خاڵی پشکنینى تیادا نییە. لە خاڵەکانى پشکنینی نێوان وان و جۆلەمێرگدا هەموو رۆژێک سوکایەتی بە هاووڵاتییان دەکرێت و چەندین کەسیش دەستگیر دەکرێن.

لە رێگای نێوان وان و جۆلەمێرگ دا لە زۆرێک لە شوێنەکاندا خاڵی پشکنین دانراون. سەربازان و پۆلیس تورک خاڵەکانى پشکنینیان کردووەتە خاڵی ئەشکەنجەدان. لە هەر خاڵێکى پشکینیندا هاووڵاتییان بۆ چەند کاتژمێر رادەگیرین و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ئامبوڵانسەکانیش رادەگرن

لە هەر خاڵێکى پشکنیندا ریزی ئۆتۆمبێلەکان چەند کیلۆمەتر درێژ دەبنەوە. بۆ چەندین کاتژمێر کەسە نەخۆشەکان، ژنانى دووگیان و بە تەمەنەکانیش رادەگرن. ئامبوڵانسەکانیش لە ریزی دوور و درێژی ئۆتۆمبێلەکاندا بۆ چەندین کاتژمێر رادەگیرێن.

رێگای نێوان ئیستەنبول و ئەرزرۆم ٢ هەزار کیلۆمەترە و خاڵێکى پشکنینیشى تیادا نییە، بەڵام رێگای وان و جۆلەمێرگ کە ٢٠٠ کیلۆمەترە ٢٠ خاڵی پشکنینى تێدایە. لە خاڵەکانى پشکنینى نێوان وان و جۆلەمێرگ دا کە مرۆڤەکان بۆ چەندین کاتژمێر رادەگیرین زۆر جار لە نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەکاندا گرژی دروست دەبێت. بەهۆی دروستبوونی ئەو گرژیانەوە هێزە چەکدارەکانى دەوڵەت جنێو بە هاووڵاتییان دەدەن و سوکایەتییان پێدەکەن و دەستگیریان دەکەن.

تاوەکو نیوە شەو رایاندەگرن

لە سێگۆشەى وان و جۆلەمێرگ و گەڤەردا و لە خاڵەکانى پشکنینى بەبلەشین و هۆشاپ دا هاووڵاتییان تاوەکو نیوە شەویش رادەگیرێن.

لەم مانگە ساردانەشدا لە رێگای نێوان وان و جۆلەمێرگدا هاووڵاتییان بۆ چەندین کاتژمێر لە خاڵەکانى پشکنین دا رادەگیرێن. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەى هاووڵاتییان کاردانەوەیان هەبێت. زۆر جار بەهۆی زۆریى خاڵەکانى پشکنینەوە و زۆر راگرتنەوە هاووڵاتییان ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ وان یان بۆ جۆلەمێرگ. بڕینی رێگای وان و جۆلەمێرگ ماوەی ٣ کاتژمێری دەوێت، بەڵام بەهۆی خاڵەکانى پشکنینەوە ئەو رێگایە بووەتە ١٢ کاتژمێر و هاووڵاتییان ١٢ کاتژمێر کاتیان دەوێت بۆ بڕینى ئەو رێگا ٣ کاتژمێرییە.

"رێگاى ئەشکەنجە"

یەکێک لە هاووڵاتییان کە بەو رێگایەدا هاتووچۆ دەکات بە ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند "ئێمە بە رێگاى وان – جۆلەمێرگ دەڵێین، 'رێگای ئەشکەنجە'، چونکە لەو رێگایەدا هەموو جۆرە ئەشکەنجە و زوڵمێک بەرامبەر بە هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت. دەوڵەت سوپایەکى خستووەتە سەر ئەو رێگایە. خاڵەکانى پشکنین لە رێگای نێوان وان و جۆلەمێرگدا بە رادەیەک زۆرن، کە ئیتر بۆمان ناژمێردرێن. رۆژ لە دواى رۆژ خاڵی پشکنینى تر دادەنرێت. هەموو شتێکمان دەپشکنن. دەوڵەت لەو خاڵانەى پشکنین دا  سیاسەتى تایبەت بۆ چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بەڕێوە دەبات، دەوڵەت زۆر لێمان دەترسێت. ئەگەر زۆر لێمان نەترسایە ئەوەندە هێرشی نەدەکردە سەرمان و ئەوەندە خاڵی پشکنینی دانەدەنا".

ر.م