بەپێى راگەیاندراوی "بەرەی خەڵک، بەرەی بەرگری لە مافەکانى کۆمەڵگە" چالاکییەکەى سلێمانى بۆ پشتیوانیکردن لە دەستگیرکراوانى بادینان رۆژی سێشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠١٩ لە بەردەم باخی گشتى بەڕێوەدەچێت.
هەروەها هاوکات لە کفری چالاکییەکی دیکە بۆ ئازادیى ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسە دەستگیرکراوانە بەڕێوەدەچێت، کە نزیکەى ٤٠ رۆژە لە زیندانى زرکای پارێزگاى دهۆک زیندانیکراون.
لە دواى ئەوەى فڕۆکە جەنگییەکانى سوپاى تورکى داگیرکەر لە رۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ناوچەى شیلادزی و دێرەلوکیان بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە ٦ هاووڵاتى شەهید بوون، هاووڵاتییانى شیلادزێ لە رۆژی ٢٦ی کانوونی دووەەمی ٢٠١٩ بۆ ناڕەزایەتى لە دژی کوشتاری هاووڵاتییانى ناوچەکەیان لەلایەن سوپاى تورکەوە، چوونە بەردەم بنکەى سوپاى تورکی داگیرکەر لە سیریى ناوچەى شیلادزێ و دێرەلۆک، بەڵام لەلایەن سەربازانى سوپاى تورکی داگیرکەرەوە تەقەیان لێکرا و هاووڵاتییەک شەهید کرا و ٦ هاووڵاتى تریش بریندار کرا، بەو هۆیەوە هاووڵاتییان هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکە و سەرباری سوڕانەوەى فڕۆکەى جەنگیى تورکیا بەسەر ئاسمانى ناوچەکەدا، هاووڵاتییانى توڕە و ناڕازی ئاگریان لە بنکەکە و کەلوپەل و ئۆتۆمبێل و زرێپۆش و تانەکان بەردا و سەربازەکانیان راونا.
دوابەدوای ئەوەش هێزە ئەمنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) دەستیان بە دەستگیرکردنی هاووڵاتییان و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانى ناوچەکانى بادینان کرد و رێگرییان لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە چالاکی و ناڕەزایەتییەک لە دژی تاوان و دەستدرێژییەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر و لە ئەنجامدا زیاتر لە ٨٠ هاووڵاتی و چالاکوان و رۆژنامەنووسیان دەستگیرکرد.
هێزە ئەمنییەکانى دهۆک دەیانەوێت بەپێى ماددەی ١٥٦ی یاسای سزادانى عێراقی دەستگیرکراوەکان سزا بدەن. بەپێى ئەو ماددەیە دەکرێت زیندانیکردنى هەتاهەتایی بەسەر ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانەدا بگیرێت.
پێشێلکاریی هێزە ئەمنییەکانى پارتى چەندین ناڕەزایەتى و کاردانەوەى لێکەوتەوە و بەهۆی گوشارەکانەوە پارتى زۆربەى دەستگیرکراوەکانى ئازاد کردووە، جگە لە ٥ رۆژنامەنووس و چالاکوان، کە زیاتر لە ٤٠ رۆژە ئەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە لە زیندانى زرکاى پارێزگاى دهۆک زیندانیکراون و رێگا نادرێت کەسوکارەکانیان و رێکخراوەکان سەردانیان بکەن.
ئێستاش لە بەردەوامیى پشتیوانیکردن لە دەستگیرکراوانى بادینان زنجیرە چالاکییەک لە سلێمانى و کفری و چەند ناوچەیەکى تری کوردستان بەڕێوەدەچن.
هاوکات دۆسیەى ئەو دەستگیرکراوانە لەلایەن چالاکوانان و رێکخراوەکانى داکۆکیکار لە مافەکانى مرۆڤەوە براوەتە پەرلەمانى ئەوروپا و پەرلەمانى سوید و رێکخراوى ئەمنستى ئینتەرناشناڵ (لێبوردنى نێودەوڵەتى) و بە بەردەوامى کار لە سەر کۆکردنەوەى پشتیوانى بۆ دەستگیرکراوەکان و ئازادکردنیان دەکرێت.
ر.م