وەزیری تەندروستی هەرێمی باشوری کوردستان توشبوونی کەسێکی دیکەی لەسلێمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگەیاند، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، کە داوای هاوکاریی لە وڵاتانی دۆست دەکەن بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی کۆرۆنا، دەشڵێت: هەمان کۆرسی دەرمانی جیهانی بۆ توشبووانی کۆرۆنا بەکاردەهێنین.
ئەمشەو دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی باشوری کوردستان، لەشاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆنامەنووسی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی پەتای کۆرۆنا لە باشوری کوردستان ئەنجامدا.
وەزیری تەندروستی هەرێمی باشوری كوردستان لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەدا ڕایگەیاند: لە24 كاتژمێری ڕابردوودا پشکنین بۆ 27 كەس کراوە، 25 پشكنین نەرێنی بووە، واتا توشبووی کۆرۆنا نەبوون، پشکنینی کەسێکیان دەرنەچووە و یەك حاڵەتی دیکە لەسلێمانی تۆمارکراوە، کە ئەندامی هەمان ئەو خێزانە سێ کەسیەی دوێنێ بووە.
لەبارەی ژمارەی كەرەنیتین كراوانیش وەزیری تەندروستی وتی: ١٨٤ كەس ئەمڕۆ كەرەنتین كراون و بە گشتی ٢ هەزار و ٨٨٤ کەەس لە ٢٧ شوێن لە شار و شارۆچکەکان كەرەنتین كراون، تائێستاش ٨٩ پشكنین بەگشتی ئەنجامدراوە.
هەروەها باسی لەوەكرد كە ٢٠٠هەزار ماسكی ئاسایی لەلایەن وڵاتی چینەوە پێشكەش بە هەرێمی كوردستان کراوە، وتیشی: هەمان کۆرسی دەرمانی عێراق و وڵاتانی دونیا بۆ توشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بەکاردێت، هەروەها ئامێری پێشكەوتووی پشكنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتوەتە هەرێمی کوردستان، بەسەر نەخۆشخانەكاندا دابەش دەكرێت.
لەبارەی هەوڵە بەردەوامەكانیشیان بۆ فریاكەوتنی خێرای باشوری كوردستان وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد: كۆبوونەوەی فراوانی نێوان وەزارەتی تەندروستی و سەرجەم كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەكان ساز دەكەین، داوای هاوکاری لە وڵاتانی دۆست دەکەین.
ز.ش